فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

من و شەماڵ ..

من و شەماڵ ..

سۆران باساکی/ لێکۆڵەری بواری فيکر و فەلسەفە/ هۆڵەندا

 

من شەماڵێکم خۆش دەوێت ئاونگی لا ملی کیژە جووتیارێک وشک و فێنک بکاتەوە .

شەماڵێکم پێخۆشە ھەنیەی کیژی بەڕێکەوتوو بۆ بێری بسڕێت و بۆنی خۆشی ملوانکە مێخەک و سونبوڵی ملی یارم بۆبێنێت.

دەبمە ھاوڕێ وڕێنیشاندەر بۆ ئەو شەماڵەی بەرەو ماڵی یار ھەڵ دەکا.

ئای چەندە ڕقم لە ڕەشەبایە .. ڕەشەبای وێڵ کە خۆیشی نازانێت لە کوێوە ھاتووە و بۆ کوێ دەچێت لەناکاوپەیدا دەبێت، کەزییەکانی یارم تێک دەدات.

ڕەشەبایەک پەستم دەکات خاشاک و خۆڵی لە سۆلە بەجێماو دەکات بە دەم و چاوی یاردا و لە تاواندا چاوە جوانەکانی پێ دادەخات و ھەڵیدەگڵۆفێنێ .

چەند نامۆیە ئەو ڕەشەبا نەفرەتییەی نامەی نووسراوی دەستی دوو دڵدار دەفڕێنێت ..!.

بارانم خۆشدەوێت،باران بارانێکی کەم، ئەوەندەی ڕشێنەیەکی نانی تیری تەڕ کردن،بە دڵۆپە ڕوونەکانی کوڵمی یارم دەپرژێنیێ.

بارانی بە خوڕم ڕق لێیە، سینەی یارم تەڕ دەکات و کەسانێک نەزەری لێ دەکەن.

بەفرم خۆش دەوێت ، کاتێک کلو کلو بە ئارامی دێتەخوار و لەنجەی یارمم وەبیر دێنێتەوە، ڕقم لە کڕێوە و بەستەڵەکە ڕێگە لە ژووان دەگرێت، نایەڵێت دڵداران بەیەک بگەن.

ئەی پایزی ڕەنگاڵە .. پایزی دڵفڕێنی ڕەنگ ئاڵاو واڵا .. چەند وەرزێکی ئارامیت .. بۆ شاعیر و هونەرمەندان ..؟! چەند وەرزێکی بە ئەمەکی بۆ ئەوانەی تابلۆ دەنەخشێنن چونکە فێریان دەکەیت ڕەنگەکان تێکەڵاو بکەن و بیخەنە سەر تابلۆی سپی ..!!.

 

29/10/2022