فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئاشنای دوورە

ئاشنای دوورە

 

ئەيوب ئەحمەدی تينووکۆکەیی/ شاعير / بۆکان

 

وڵات ئەرێ هۆ ئاشنای دوورم

بە بێ من چۆنە ئەحواڵت؟

بە چەشنی من لە پەرسەی

خەم دەچێ جەژنی سەری ساڵت؟

 

لە تەندووری جەفای ژینا

دەسووتێم و دەزانم تۆش

هەتا یەسقانی سووتاندی

شەرارەی زیندەگی تاڵت

 

ئەتۆش هەر شەو سکاڵای

دڵ دەکەی تۆمار لە لێنووست؟

تکەی فرمێسکی بێنازی

دەخووسێنێ پەڕەی خاڵت؟

 

ئەتۆش وەک من دڵت

ئێستا بە تاسەی جاری جارانە؟

لە کونجی بێکەسی دیلن

فریشتەی شانس و ئەقباڵت؟

 

ئەتۆش سۆبەی ئەوینت

بێ گڕوتینی شەوی هیجرە؟

لە سووتان و لە ڕووناکی

کەوت وەک من چرای ماڵت؟

 

ئەتۆش وەک من نەمامی

خۆزگەکانت بێ چرۆ ماون؟

ئەتۆش هەروا بەچەشنی

من نەگەی پێ بەرهەمی کاڵت؟

 

منی تینوو لە دەست پیری

دەناڵێنم ئەتۆش هەروا

کلووی بەفری تەمەن

ئێستا سپی کردۆ قژی کاڵت؟

 

ئەرێ بۆ بێخەبەر ماوم لە

ئەحواڵت گوڵی کۆچەر؟

بەرەو کوێ چووی بەرەو

کام شار لە کوێت هەڵداوە ڕەشماڵت؟

 

۲٤ڕێبەندانی ٤۰۲