كلێته‌كه‌ی باوكم
چرۆ زەند/ نووسەر / کەنەدا
كلێته‌كه‌ی باوكم، بۆچی باوكم هه‌میشه ئه‌و كلێته‌یه له‌سه‌ر ده‌كات؟
ده‌بێ چیرۆكی كلێته‌كه‌ی چی بێت؟
دواجار كه گه‌ڕامه‌وه گوێبیستی چیرۆكی كلێته‌كه‌ی باوكم ده‌بم. به‌هیوام جارێكی‌تر بیبینمه‌وه!
پایزێكی دره‌نگ، تاریك و ڕوون، له په‌نجه‌ره‌ی ئوتۆمۆبیله‌كه‌وه ده‌مڕوانی چاوم له ڕێگا بوو كه‌ی ده‌گه‌مه‌وه، ده‌تگووت یه‌كه‌م جاره بۆ نیشتمان ده‌گه‌ڕێمه‌وه.
شه‌قام، خه‌ڵك، پرد گشتی نوێ بوون شیرین بوون، خۆشه‌ویست بوون. بۆم نامۆ بوون، به‌ڵام گه‌لێ پیرۆز بوون.
گه‌یشتمه‌وه و شۆفێره‌كه جانتاكه‌می هێنایه خوار، ماڵه‌كه‌مان گۆڕابوو شێوه‌ی چوونه ژووره‌وه‌ی جیاواز بوو.
ده‌رگای ده‌ره‌وه له جێگه‌ی خۆی نه‌مابوو.
بانگی باوكم كرد. شۆفێره‌كه پێی گوتم، ڕه‌نگه ماڵتان لێره نه‌مابێ، ڕه‌نگه تۆ نه‌یدۆزیته‌وه. هه‌رچه‌نده بێگومان بووم كه ئه‌وه ماڵه‌كه‌مانه، بۆ ساتێ ڕامام، دڵه‌ڕاوكێم بوو، له‌هه‌مان كاتدا بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌ك ده‌گه‌ڕام.
له پڕ كلێته‌كه‌ی باوكم له بانیژه‌كه‌وه دی، به ده‌نگێكی به سۆز، پڕ پڕ له خۆشه‌ویستی وه‌ڵامی دامه‌وه و به پیرمه‌وه هات، گرتمیه باوه‌ش، ئه‌وكات تاوی دایه جانتاكه‌م.
سوپاس بۆ یه‌زدان، ئه‌م جاره‌يش باوكم دیته‌وه به كلێته‌كه‌یه‌وه.
من چوكلێتی كه‌نه‌دام بۆ هێنابوو. نه‌مده‌زانی ددانه‌كانی ئه‌و توانای خواردنی چوكلێتیان نه‌ماوه. ئه‌و شه‌وه له یادگار و بیره‌وه‌ریيه‌كانی منداڵیمدا ده‌ژیام ، سته‌م بوو خه‌و بچێته چاوم، خوازیار بووم زوو به‌یانی دابێت، به‌یانی هات، باوكم دیت، له خه‌وهه‌ڵسا، پاش خۆگۆرین كلێته‌كه‌ی كرده سه‌ر و به هێمنی شانی دادایه سه‌ر سه‌رینه‌كه‌ی. من كه‌وتمه پرسیار و ئه‌ویش ده‌ستی به گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی كلێته‌كه‌ی كرد، به په‌رۆشه‌وه گوێم لێگرت.
كلێته‌كه‌ی باوكم دیارییه، دیاریه‌كی زۆر به‌نرخ، به پاره نانرخێنرێت، ته‌مه‌نی نزیكه‌ی (٧٠) حه‌فتا ساڵه مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جه‌نگی دووەمی جیهانی له ساڵی ١٩٤٦.
كلێته‌كه‌ی باوكم ڕه‌نگی خاكیيه، له گڵی سوور ده‌چێت. به ده‌ست چنراوه. نه‌خش و ورده‌كاری تێدایه. زه‌خره‌فه به شێوه‌ی شاخ و داخ، دوو لای هه‌یه، دوو گوڵنگه، پارچه‌یه‌كی لای پشت مل. باوكم هه‌موو ڕۆژ كلێته‌كه‌ی له‌سه‌ره. چوار وه‌رزی ساڵ شه‌وانه له‌سه‌ری داده‌گرێت نزیك كتێبخانه‌كه‌ی له‌سه‌ر كورسيیه‌ك دای ده‌نێت، به‌یانیان ده‌یكاته سه‌ری.
له كاتی له سه‌ر كردنیدا، هه‌ردوولاكانی بڵند ده‌كاته‌وه، به پێچاو پێچ ده‌یهێنێته‌وه یه‌ك ، دوو گوڵنگه‌كانی به‌یه‌ك و له‌پشت سه‌ريیه‌وه هه‌ندێ شۆڕ ده‌بنه‌وه سه‌ر پارچه‌كه‌ی به‌شی دواوه و ملی داده‌پۆشێ.
پاشان به‌هه‌ردوو ده‌ست چه‌ندجارێ ده‌ست ده‌هێنێ به كلێته‌كه‌یدا تا توند له‌سه‌ری قایم ده‌كات. كه‌مێكیش به لایه‌كدا لاری ده‌كاته‌وه و دواجاریش ئاڵای كوردستان له یه‌خه‌ی چاكه‌ته‌كه‌ی ده‌دا، به‌م شێوه‌یه هه‌موو ڕۆژێ باوكم به چاپوكی به كلێته‌كه‌یه‌وه ڕۆحێكی زیندوو له‌به‌ر خۆی ده‌كات. به‌م گیانه‌وه پێشوازی له ڕۆژێكی نوێی گه‌لی كورد ده‌كات.
كلێته‌كه‌ی باوكم خه‌ڵاته له‌مه‌يش زیاتر خه‌باته، خه‌باتی زیاتر له شه‌ست و پێنج ساڵی ته‌مه‌ن، ئه‌و ساڵانه‌ی باوكم بۆ ئه‌مڕۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئه‌و كاته‌ی ته‌مه‌نی بیست و یه‌ك ساڵ بوو. مامۆستای شۆرش بوو. ئه‌و شۆڕشه‌ی ئاڵای كوردستانی تێدا هه‌ڵكرابوو.
ئێستا‌و ئه‌و كات، له مانگ و خۆر ده‌چن كه هه‌رگیز به‌یه‌كه‌وه هه‌ڵنایه‌ن، به‌ڵام هه‌ردووكیشیان له‌یه‌ك ئاسمان هه‌ڵدێن.
له ڕۆژێكی پڕ ڕووداودا، زستانی ساڵی هه‌زار و نۆسه‌د و چل و شه‌ش، له بیست و دووی ڕێبه‌دان، جه‌ماوه‌رێكی زۆر له سه‌ر شه‌قامی مهاباد له كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات كۆببوونه‌وه. له‌و ڕۆژه مێژوویيه‌دا له كۆماری مهاباد باوكم ده‌چێته لای سه‌رۆك كۆمار پێشه‌وا(قازی محمد).
قازی محمد له‌گه‌ڵ خوێندكارێكی نیشتمان په‌روه‌ر كه دیاری دایكی پێیه و شایسته‌ی پێشه‌وایه. (كلێته‌یه‌كی چنراو) چنراو به‌ده‌ستی دایكێكی میهره‌بانی شۆڕش (فه‌هیمه خاتوون) خێزانی (شێخ عه‌بدوڵای نه‌هری).
پێشه‌وا هه‌ڵده‌ستێ، ده‌ینرخێنێ و به‌رزی ده‌كاته‌وه هێنده‌ی نامێنێ ماچی بكات. پاشان له‌و به‌رزیه‌دا ده‌یكاته دیاری بۆ مامۆستای شۆڕش.
مامۆستای شۆڕش(باوكم) وه‌ریده‌گری و ماچی ده‌كات و دەیكاته سه‌ری، هه‌تا ئه‌مڕۆكه.
به‌ر له (٧٠) هه‌فتا ساڵ ئه‌و كلێته‌یه گه‌لێ شوێنی دی، به‌ڵام له‌سه‌ری باوكم نه‌كه‌وته خوار. نه له ساڵانی خه‌بات و پیاده‌ڕه‌وی ڕۆشتن بۆ ڕووسیا، نه له هەژاری كاتی گەڕانه‌وه‌ی بۆ نیشتیمان ئه‌و كاته‌ی خێزانه‌كه‌ی بێ‌ئومێد بوون له مانی.
كلێته‌كه‌ی باوكم ته‌نها كلێته نه‌بوو، بۆ ئه‌و مێژوویيه‌كی پڕ له شانازی و سه‌روه‌ری بوو، له پێچاو پێچی لاكانی كلێته‌كه‌دا خه‌باتی گه‌لێكی سته‌م دیده‌ی به‌دی ده‌كرد. له هه‌مان كاتدا بۆ گه‌له‌كه‌ی وه‌ك تاجی سه‌ركه‌وتن لێی ده‌ڕوانی.
له‌و ڕۆژگاره خێرا و كورتانه‌ی كه له نیشتمان بردمه سه‌ر ڕۆژانه باوكم ده‌دی به كلێته‌كه‌یه‌وه.
به‌یانیيه‌ك پێش گه‌ڕانه‌وه‌م باوكم له خه‌و هه‌ڵیساندم ویستی خواحافیزیم لێبكات. من ویستم تاوێ به‌ڵام ئه‌و له‌سه‌ر ئه‌و كاته سوور بوو. گرتیمه ئامێز ده‌ستی هێنا به‌سه‌ر و پرچمدا و پێی گووتم دواجاره له باوشت ده‌گرم، ڕه‌نگه ئیتر نه‌تبینمه‌وه.
باوكم ڕۆی. من له خه‌یاڵێكی قوڵسابووم له ئه‌ندێشه‌ی سه‌فه‌رێكی دووردا بووم.
به ماڵه‌كه‌دا كه‌وتمه هات و چۆ گوێ قوڵاغی چركه‌ی كاتژمێره‌كه بووم، پاش ماوه‌یه‌ك سه‌رم بڵند باوكم دیت، باوكم دێت.
گووتی: (گه‌ڕامه‌وه، ویستم جارێكی تر پێت بڵێم خودات له‌گه‌ڵ). دووباره باوكم ڕۆی.
پاشان چوومه چێشتخانه‌كه، ده‌ستم كرد به ئاماده‌كردنی نانی به‌یانی، دواهه‌مین به‌یانیم له نیشتیمان، له‌سه‌ر كورسیيه‌كه‌ی ئه‌و دانیشتم كه ڕووی له په‌نجه‌ره‌ی چێشتخانه‌كه‌یه و ده‌ڕوانێته باخه‌كه. من هه‌ر له بیری باوكمدا بووم. خه‌ریكی نان خواردنی به‌یانی بووم. جارجاریش ده‌مڕوانییه په‌نجه‌ره‌كه. له‌و به‌یانیه غه‌مگینه‌دا كه ئاسمان پڕ بوو له هه‌ور و باران و ڕه‌هێڵ. باران ده‌ڕژایه سه‌ر زه‌وی، له زه‌وییه‌كی تینوو بۆ ئاو، تنۆكی باران ده‌چووه ناخی زه‌وییه‌كه و ده‌بوون به هه‌ڵم و جارێكی تر به‌ره‌و ئاسمان به‌رز ده‌بوونه‌وه. تاده‌هات هه‌وره‌كان تاویان ده‌دا و گرمه‌ی باران و ڕه‌هێڵ زیاتر ده‌بوو. هه‌ر دڵۆپه باران كه ده‌كه‌وته سه‌ر زه‌وی، كاته‌كانی ڕۆشتنه‌وه‌می نزیك ده‌خسته‌وه و له‌گه‌ڵ چركه‌ی كاتژمێره‌كان ده‌یانكرده خووله‌ك، پاشان ده‌یانكرده ژماردنی چركه‌كان.
هێنده‌ی نه‌برد، من جارێكی تر باوكم دیت، له په‌نجه‌ره‌ی چێشتخانه‌كه‌وه، به‌پڕتاو هه‌ڵسام، ویستم به‌ره‌و پیری بچم، بواری نه‌دام و گوتی: ( هه‌ڵمه‌سته من ده‌ڕۆم.) له‌ودیو په‌نجه‌ره‌ی چێشتخانه‌كه‌وه به هێمنی و میهره‌بانی ده‌ستی بڵندكرد، ئه‌مجاره‌يش به گه‌رمی خواحافیزی لێكردم، خواحافیزییه‌ك پڕ پڕ له خۆشه‌ویستی، له هه‌مان كاتدا بێ ئومێدی بینینه‌وه‌م، پاشان ڕۆی. من چاوم ئاڕاسته‌ی په‌نجه‌ره‌كه بوو، به‌ڵام باوكم دووركه‌وته‌وه، باوكم له‌وێ نه‌ما، باوكم ڕۆی، ده‌نگی ده‌رگای ده‌ره‌وه هات، ده‌رگاكه‌ی داخرا.
له‌و به‌یانییه‌دا، سێ جار باوكمم به كلێته‌كه‌یه‌وه دیت، دواجار له شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌ی چێشتخانه‌كه‌وه.
ئه‌وه،
دوا نیگا بوو.
دیسمبه‌ری ٢٠٠٩
پێداچوونه‌وه‌ی:
ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ٢٠١٧