بەشێک لە چل‌نامە
هونەر موکريانی/ شاعير / مەهاباد
ساڵی چل دیتوومه خه‌ونی سه‌رچڵێک
چل مرادم بوو له‌سه‌ر کانی دڵێک
وه‌رزی سه‌وزایی به سووراوی شه‌ماڵ
خوێنی تێزابوو سه‌ری کوڵمی به‌حاڵ
لێوی ته‌ڕکربوو له‌سه‌ر کانی هه‌تاو
ده‌م‌به‌ده‌م بارانه لێی‌کربوو سڵاو
ده‌ستی چۆم ئاوێنه‌داری بۆ ده‌کرد
دڵته‌ڕی با ،جوانیکاری بۆ ده‌کرد
زولفی ته‌ڕ، شانه‌ی شنه‌ی پێداده‌هات
شه‌و ده‌گه‌ڵ زولفی درێژی ڕاده‌هات
سینگ‌ومه‌م پڕخاڵی وردی بێ‌حودود
دیار بوو جێ‌پێی خوداوه‌ندی وجوود
پڕگوڵی ئه‌ستێره ته‌ختی دامه‌نی
به‌رگی تاریکی به به‌ژنی ڕه‌وشه‌نی
سیخمه‌که‌ی کون‌کردبوو ده‌رزی مه‌مان
باخه‌ڵی پڕ بوو له سوکنایی خه‌مان
تا بکه‌م لێوی به داغی غونچه ماچ
ڕووحی شیرینم له‌وێ ده‌درا له خاچ
له‌و ده‌مه‌ی‌دا تێپه‌ڕی وه‌رزی به‌هار
ده‌مدی پیرێکم له ڕژدێ دێمه خوار
ڕوو له‌هه‌ر شوێنێ ده‌که‌م به‌فره و سه‌هۆڵ
قورسه هه‌نگاوم له ده‌شت و کێو و دۆڵ
هه‌ست ده‌که‌م ناگه‌م به سووچێکی په‌نا
جا به‌قا ناکه‌م ئه‌گه‌ر نابم فه‌نا
پێم‌بڵێ ته‌عبیری چی‌بوو ئه‌وخه‌وه
ساقیا لێکی‌ده‌وه و ڕێکی‌خه‌وه!
خه‌ونه‌کانم چۆنه ئازاری منن
بارێ ناکه‌ن سووک و سه‌رباری منن؟
بۆ ده‌بێ رۆئیا بدا ڕه‌نجم ئه‌رێ
چۆن ئه‌رێ شه‌وگاری ژینم ده‌گوزه‌رێ؟
ساقیا تۆ شه‌ربه‌تی بیرت هه‌یه
بمده‌یه، زانستی ته‌عبیرت هه‌یه!
ڕۆڵه! به‌رگی بابه‌تی کون‌کون بووه
یۆسفی ڕووناکی دیده‌م ون‌بووه
گه‌ر عه‌زیزی میسری موشتاقی منی
تێکه سه‌رمایه‌ی منی ساقی منی!