فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

کاتێک شەهید بدوێ

کاتێک شەهید بدوێ

ئەيوب ئەحمەدی تينووکۆکەیی/ شاعير / بۆکان

 

 

شەهیدم شوێن و پێگەی

من لە خاکێکدا بەجێماوە

کە خۆری ڕوونی ئازادی

سەدان جار لێوی لێداوە

 

لە هەر شوێنێک کە خوێنی

من ڕژا سەرخاکی پیرۆزم

بەهێزی سووری خوێنینم

بەڕووی خۆڕاگری ڕواوە

 

بە خوێنی ئاڵی من پاراو

دەبێ لالەش لە کۆساران

کەژ و کێو و ڕەز و لەندم

هەموو بەم خوێنە پاراوە

 

لە جەستەی بێسەروشوێنم دەپرسی؟

گۆڕغەریبێکم

بەڵام ڕووحم لەگەڵ کانی

بە پیرۆزی وشەی ئاوە

 

لەبەر دایکم مرم چەندی

ورە و خۆڕاگری لایە

ئەگەرچی جەرگی سووتابۆم

بەڵام شینی نەگێڕاوە

 

نە ڕەشپۆش بوون عەزیزانم

نە قوڕپێوان و ڕۆرۆیە

دەزانن گیانی بێنازم

لەڕێی ئازادی داناوە

 

ئەگەر تینوو دەپرسی تۆ

لە ڕەمزی مانی کوردانەم

بە هۆی خۆڕاگری گەل بو

و گوڵی ئاوات نەژاکاوە