فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

یارمەتیم بدە بمرم

یارمەتیم بدە بمرم

 

نوری بێخاڵی/ شاعیر/ ڕواندز

ڕۆژ لە کونجی گۆشەگیری و
شەو لە کۆڵانی تەنگ و لەسەر شەقامی تاریکدا،
ئازاری برینەکانم دەشارمەوە
قیژەی بێدەنگییم لەناو تونێڵی وەسوەسەدا،
دەنگ دەداتەوە
لەنێوان ئاسمانی ڕەش و زەوی سووتماکدا،
چاوەکانم چران و
ڕێگاکان لە پێیەکانمدا ڕادەکەن
بە چاوی داخراوەوە دەنووسم
کوێر نیم،
چاوی دڵ کۆمەکم دەکات
دەنووسم تا بمرم
نامەوێ لەناو ڕووباری یادەوەریدا،
ڕەنگ بدەمەوە و خوڕەم بێت
واز لە گریان بێنە
کاتم نییە بۆ دڵنەوایی
تا چیتر بەدەم ئاوزینگدانەوە نەتلێمەوە و
گیانەڵڵا نەمخواتەوە،
دەستم بگرە و
ڕێی مردنم کورت بکەوە!