فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تۆپەکەی چەمی ڕێزان

 

 

تۆپەکەی چەمی ڕێزان

 

عەبدوڵڵا سەڕاج/ نووسەر و ڕۆمانووس / فيلەند

 

ئەوسای بڕێ پێشمەرگە لە چەمی ڕێزانەوە شۆڕبوونەوە بەرەو چیای خاڵخاڵان، ماوەیەك لە دێی مۆردخواردەی سەرو بوون ژمارەیان بە قەد پەنجەی هەر دوو دەست و پێ نە ئەبوون. لەوێوە بۆ بنکەیەکی کاتییان گواستەوە بۆ ( شیوژاڵە) من لەگەڵیان بووم و چیرۆکێکیشم بە ناوی شیوژاڵەوە بڵاوکردووەتەوە لەوێشەوە پێشمەرگە تەشەنەی کرد بۆ بنکەکانی: حوشترمل، سەیدان و بنکەی شەهید مەئمون دەباغ.

بەر گوێم کەوت کە ناڵبەندێکی کەرکوکی خەریکە تۆپێك بۆ پێشمەرگەکانی چەمی ڕێزان دروست دەکا. بەلامەوە زۆر سەیر بوو ئیتر لە ڕۆژی تاقیکردنەوەدا کە تۆپەکە ئاگر دەدات، گرمەیەکی گەورەی لێ دەکەوێتەوە و یەکسەر لوولەی تۆپەکە دەقڵیشێتەوە ئەوە گوتمان ناڵبەندێکی دڵسۆز دەیەوێ تۆپ بۆ کوردان دروست بکات، ئەی کاربەدەستانی چەمی ڕێزان چۆن بڕوایان بەوە هات لوولە لە ناو لوولە ئۆکسجین کردن تۆپ دروست دەکرێت؟!

ئایا نەیانزانی بوو کە وەستا ڕەجەبی ڕەواندوزی تۆپەکانی لە بڕۆنز دادەڕشت؟

لە ساڵی ۱۹۷۷دا لە مۆزەخانەی ژێر زەمینی ئەستەنبوڵ ( پەرەبەتان موزەسی) دوو تۆپی ئەو وەستا کوردەم بینی تۆپێکی درێژ و تۆپێکی زۆر کورت بوو.

ئاخر تۆپ و چەك دروست کردن لە پیشەی چەخماخسازەوە نزیکترە لە ناڵبەند. با لایەکیان لێ بکەمەوە ، لە بازاڕە گچکەی کەرکووك بێجگە لەم ناڵبەندەی کە ناوەکەیم لە یاد نەماوە، مەلا نوری ناڵبەند هەبوو کە کوڕەکانی یارمەتیان دەدا ، مەمەد ناڵبەندیش هەبوو کە ئەکبەری کوڕی یارمەتی دەدا. لە بازاڕی گەورەی کەرکوکیشدا ٤ چەخماخسازم دەناسی چونکە ماڵیان لە سەیسەروەر بوون، ڕەوانشاد: تۆفیق سنەیی و هەر دوو کوڕەکەی، مەلا ئیبراهیمی چاخماخساز، وەستا ئەکرەم کە زاوای قارەمانی کورد عەلە بەستێ بوو، حەمە خەوخۆش کە خەریکی دەمانچەیەك دەبێت لە دوکانەکەیدا فیشەکێکی وێڵ یەکسەر ساردی دەکاتەوە.

٨۰ ساڵێك لەمەوبەر بە تایبەتی لە سەرەتای پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو بە ساڵانی بێوەژنان ناو دەبەم چونکە لەو یەك دوو ساڵەدا شەش بێوەژن شوویان کرد لە گوزەرەکەماندا ( سەیسەروەر)

چەکی سەرەتایی شۆڕشی ئەیلول ئەمانە بوون: بڕنەو بە هەر سێ جۆرەکەی ، تفەنگی ئینگلیزی ، ماوزەڕ، سێ تیر و هتد ……پاشان چەکی ڕووسی پەیدا بوون: سەمینۆف، کڵاشنکۆف، دیکتاریۆف، دیکتایۆن.

جێی خۆشيیەتی کە ئاماژە بکەم بە ڕەوانشاد مەلا مەجیدی مۆر خواردە لە چیای خاڵخاڵان یاخی بوو لە حکومەت پاشان بوو بە پێشمەرگە، هەتا کۆتایی ژیانی بڕنەوە یەکتیرەکەی بە شانەوە بوو، چونکە پێی باشتر بوو لە چەکەکانی تر.