فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

 بە پارچە مقەبا باوەشێنی خۆیان دەکرد …

 بە پارچە مقەبا باوەشێنی خۆیان دەکرد …

 

د. شادان عەلی/ شاعير و نيگارکێش/ سلێمانی

 

دوێنێ ئێوارە، سەعات پێنج بۆ کارێک چوومە بازاڕ، بەڵام لەبەر گەرمی و بەتینیی خۆرەکە، نەمتوانی لە ئۆتۆمبیلەکە دابەزم و بچم بەدەم کارەکەمەوە.

کە سەرنجم دەدا بەسەدان پیاوم دەبینی لەژێر باری ژیانێکی ناچاری پاڵیان بە عەرەبانەکانیانەوە دەنا و نەک تەنیا جەستەیان بەڵکوو لە چاویشیانەوە ئارەقە دەتکا، منداڵەکانیشم بینی کاریان دەکرد بە دەروونێکی هەڵچوو و جەستەیەکی پڕ لە ئازارەوە، هێشتا توانای هەڵگرتنی تەپەدۆرەکانی سەرشانیان نەبوون، بۆ دەست کەوتنی ژەمێکی خواردن، دەست و قاچ و دامێنی پیادەڕۆکانیان دەگرت و هاتوهاواریان بوو بۆ ئاو فرۆشتن، لاساییکردنەوە بەسەریاندا زاڵ بوو، هێشتا چاوم لەسەرییان لانەبرد بوو، دوو لە منداڵی عەلاگەفرۆش کردیانە شەڕ، لە شەڕەکەیان بەردەوام بوون تا شلوکوت بوون،

“توڕەبوونیان دوکانە لەخشت درووستکراوە کۆنەکانی دەبڕی و بە ناو سەدای ئاسایی هۆڕنی ئۆتۆمبێلەکان و جریوەی چۆلەکەکاندا تێدەپەڕی”.

پاشان دەستیان کردەوە ملی یەکتری و پێکەوە چوونەوە عەلاگە فرۆشتن .

دانیشتبووم لەناو سەیارەکەم کاتێکی باشم لەبەردەست بوو، حەزمدەکرد گۆڕانکارییەک لە ڕۆژەکانمدا بکەم، بەدەم خەیاڵی یاریکردنی منداڵیمەوە، لەگەڵ ئەو منداڵانە دەڕۆیشتم و بیرمدەکردەوە،

ئەو دارانە بڕدراونەتەوە کە ڕۆژانێک خەڵکیان لە تیشکی خۆری سووتێنەر دەپاراست، بەردەم هەر دوکانێک کە تەلەکانی کارەبای پێکداچوون وەک هێلانەی باڵندەکان ئاڵۆزکاون، دوکاندارەکانیش لەدووکانەکانیان هاتبوونە دەرەوە، بە پارچە مقەبا باوەشێنی خۆیان دەکرد بەھۆی بەتینی گەرماکەو نەبوونی کارەباو فێنککەرەوەکانیش لەکارکەوتووبوون.

گوێم لە دەنگێک بوو سەرم بەرزکردەوە ژنێکم بینی زۆر تووڕە دیاربوو، گوتی :

کچم متمانە بەکەس مەکە.

گوتم بۆ پورێ گیان؟

گوتی چووم مووچەی خانەنشینییەکەم وەرگرم، کارمەندەکە گوتی:

دوێنێ مووچەت وەرگرتووە، منیش سوێندم خوارد دوێنێ لەماڵەوە بووم.

کارمەندەکە سەیری ئیمزای وەرگرتنەکەی کرد و گوتی :

دوێنێ خوشکەکەت هەویەی خانەنشینەکەتی هێناوە و بەناوی تۆوە پارەکەی وەرگرتووە گوایە کە ناساخی.

کارمەندەکە ڕاستی کرد، چونکە خوشکەکەم دوێنێ هات بۆ ماڵەوە و چارەکێک دانیشت و پەلەی بوو ڕۆیشت ،ئەو ناوەی کە وەریگرتووە خوشکمە.

گوتم پورێ گیان شتی وادەبێت خوشک فێڵ لە خوشک بکات؟

وتی ئێستا دەڕۆمەوە و دەچمە سەری و چینێکی باشی پێدەکەم .

تۆ سەیرکە دەبینیت ناو بازار لە هێڵانەی قەلەڕەش دەچێت، تاڵیی ڕۆژگار چەند ڕێگەیەکی دوور و ونە بۆ هەژارەکان.

 

 

اڵوێزی ئاشتی جيهانی مافی مرۆڤ لە رێکخراورەکانی جيهانی و رێکخراوی نەتەوە يەکگرتووەکان *