دار تووه‌که
چرۆ زه‌ند/ نووسەر / تورونتۆ
پۆله باڵنده‌یه‌ك، له ئاسمانێکی ساماڵدا، کۆچی سه‌روخواروو، سه‌روو ژووریان ده‌کرد له کۆتایی ئێواره پایزێکی ڕه‌نگاوڕه‌نگدا له که‌نار ڕووباری ئۆنتارێۆ. له‌و کاته‌ی که مانگ سه‌ما ده‌کا له ئاماده‌یی خۆردا به‌و هیوایه‌ی که پێی بگا، هه‌رچه‌نده با هه‌ڵده‌کا له زه‌ویه‌وه و ده‌که‌وێته نێوانیان. باڵنده‌کان هه‌ڵفڕین به نازه‌وه، به ڕێکه‌وت به‌لامدا تێپه‌ڕین، هه‌روه‌ک ئه‌و ڕێکه‌وته‌ی که منی گه‌یانده نه‌خشه‌ی کۆتایی ئه‌م پارزه‌مینه له که‌نه‌دا. له‌گه‌ڵ له‌نجه‌ی باڵه‌کانیان، خه‌یاڵیکی دوور گه‌ڕاندمیيه‌وه بۆ خه‌ونه‌کانی منداڵیم، بۆ نیشتیمان، بۆ ئه‌وکاته‌ی که ته‌مه‌نم ده‌ساڵان بوو. له‌و کاته‌دا، فڕۆکه‌کانی ڕژێمی داگیرکه‌ر به ئاسمانی وڵات‌دا هه‌ڵده‌فڕین. هه‌ندێ جار نزم ده‌بونه‌وه به جۆرێ شریخه‌ی باڵیان ده‌یدا له لقه به‌رزه‌کانی دارتووه‌که‌ی ماڵه‌که‌مان.
دارتووه‌که، له ناوه‌ندی باخچه ڕازاوه و گه‌وره‌که‌ی ماڵه‌که‌ماندا ڕووابوو، له ده‌وری چیمه‌ن و گوڵ. لق و پۆپی هێند بڵند بوو هه‌نیکیان ده‌گه‌یشتنه سه‌ر گوێسوانه بڵنده‌کانی سه‌ربان. له‌سه‌ر لق و پۆ بڵنده‌کانی چۆله‌که و کۆتر و ڕیشۆڵه هێلانه‌یان به‌ستبوو. هه‌رده‌م هه‌رده‌م ده‌یاندا له شه‌قه‌ی باڵ.
له‌گه‌ڵ گزنگی به‌یاندا، چۆله‌که‌ی سه‌ر لق وپۆکان ده‌که‌وتنه جریوه جریو، هه‌روه‌ک ده‌نگی ووریای و شادی، بۆ پێشوازی له به‌یانی ڕۆژێکی نوێ. ماڵه‌کانی نزیك ماڵمان گشت به‌خه‌به‌ر ده‌هاتن. هه‌ندێ جاریش ڕیقنه‌ی چۆله‌که‌که ده‌که‌وته سه‌ر بالیفه‌که‌م له باخ و چیمه‌نی ژێر سێبه‌ری قه‌ده به‌رزه‌کانیدا، زوو ڕایده‌چه‌نیم.
که له خه‌و هه‌ڵده‌ستام ، ده‌چووم بۆ نان کرین، له کاتی گه‌ڕانه‌وه‌مدا له نانکڕینی به‌یانی، نانه گه‌رمه‌که‌م ده‌نووساند به سنگمه‌وه تا گه‌رم دابیم، جار جار پارچه‌یه‌کم لێده‌کرده‌وه و ده‌مخوارد. که چاوم هه‌ڵده‌بڕی، لق و پۆپه بڵنده‌کانی دارتووه‌که‌م به‌دی ده‌کرد له دووری شه‌قامه‌که‌ی ده‌یڕوانیيه سه‌ر شه‌قامی گۆران،هه‌ستی نزیک بوونه‌وه‌میان له‌ماڵه‌که‌مان پێده‌به‌خشیم. هه‌ر له‌و به‌یانه‌دا له ژێر سێبه‌ری دارتووه‌که‌دا، دایکم سه‌ماوه‌ری داده‌گیرساند، بۆ ئاماده‌کردنی سپێده، منیش نانه گه‌رمه‌کانم یه‌ک یه‌ک له‌سه‌ر سه‌به‌ته‌که داده‌نا
ئێوارانیش، تا کۆتایی خۆرئاوابوون، یاری و گه‌مه‌مان لێده‌کرد، له‌گه‌ڵ منداڵه‌کانی گەڕه‌ک له لق و پۆنزمه‌کانیدا گوریسی جۆلانه‌مان هه‌ڵده‌خست، چاوشاركێ و دیلانێمان ده‌کرد، ئه‌وین و خه‌وی ڕه‌نگاو ڕه‌نگی منداڵیمان له ڕۆژه‌کانی پشووی هاوین به‌م جۆره به‌سه‌ر ده‌برد.
دارتووه‌که، مێژوویيه‌کی دێرینی بوو، ته‌مه‌نی ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ زیاتر له سه‌د ساڵان، چیرۆکێکی پڕ ڕووداو بوو له ژینی گه‌ڕه‌کدا له مه‌ڵکه‌ندی
دارتووه‌که جێ خوانی سێ ژه‌م نان بوو، سه‌یرانگه‌ی خزم و هاوسیێ و دۆست و یاران بوو
دارتووه‌که چیرۆکێکی پڕ ئیشق و جێگه‌ی یاری منداڵان بوو، پێم وابوو هه‌ندێ جاریش جێ ژووان بوو. زۆر جار پارزه‌مین و که‌میین بوو بۆ حه‌شار له بۆمبای داگیرکه‌رو نه‌یاران. هه‌ندێ جاریش ده‌بووه جێی کۆڕ‌و کۆبووبونه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب دۆست و شاعیران.
له به‌یانی گشت ڕۆژێکدا، بۆ ئاو دانی دارتووه‌که، باوکم به ده‌سته نه‌رمه‌کانی ئاوی له بیرده‌رده‌هێنا و به سه‌تڵی سه‌ر بیره‌که ئاوی ده‌دا. پاشان به کلێته و چاویلکه‌که‌یه‌وه له سه‌ر کورسی داده‌نیشت ومێزێکی بچووکی نووسینی له به‌رده‌ست خۆی داده‌نا، له جیهانی نوسین و خۆێندنه‌وه‌دا ده‌که‌وته ئیشق وخۆشه‌ویستی خه‌ڵك و وڵات له سێبه‌ری دارتووه به‌رزه‌که‌دا
له پاش نیوه‌ڕوانیشدا، دایکم ده‌ستی ده‌کرد به لابردنی گه‌ڵا و ڕیقنه‌ی چۆله‌که و ڕازاندنه‌وه‌ی باخچه و گوڵی ژێردارتووه‌که. له ژێر سێبه‌ری دارتووه‌که، کۆبونه‌وه‌ی ژنان ده‌کرا، دایکم له‌گه‌ڵ ژنانی گه‌ڕه‌ک، مامۆستا و به‌ڕێوه‌به‌رانی قوتابخانه‌ی گۆیژه و خه‌بات ده‌که‌وته ئاخافتن و ده‌مه‌ته‌قه، هه‌ندێ جار، پاسکیله‌که‌م لێده‌خوڕی به‌ده‌وری دارتوه‌که‌دا، بێ تێگه‌شتن چه‌ند وشه‌یه‌کم به‌رگوێ ده‌که‌وت.
له‌ناکاویش، بڕینه‌وه‌ی دارتووه‌که‌م که‌وته به‌ر گوێ! که‌وتمه بیری ده‌مه‌ته‌قه‌ی بڕینه‌وه‌ی دارتووه‌که له‌نێوان دایک و باوکم
به نهێنی له لقیکی پڕله گه‌ڵا، بووکه شوشه‌که‌م حه‌شار ده‌دا.
دارتووه‌که ده‌بڕێته‌وه !!!
بۆچی ده‌بڕێته‌وه؟ ؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
که‌ی ده‌بڕێته‌وه ؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
زۆر سته‌م بوو باوکم ڕازی بێت به بڕیاری بڕینه‌وه‌ی دارتووه‌که.
باوکم دارتووه‌که‌ی خۆشده‌ویست، هه‌روه‌ک خۆشه‌ویستی خاك و وڵات، یاده‌وه‌ری باب و باپیری تیا ده‌دی، له‌هه‌مان کاتدا وه‌ك دارێکی پیرۆز مه‌زه‌نده‌ی ته‌مه‌نی ده‌کرد..
هه‌رچه‌ند هه‌ندێ جار ببووه بابه‌تی ماڵه دراوسێکان. سات ناسات سکاڵای لابردنی گه‌ڵاو ڕیقنه‌ی چۆله‌که‌کان ده‌کرا له‌و لقانه‌ی شۆرببووه ناو حه‌وشه‌ی ماڵه‌کانیان، بۆ هه‌ندێکیش بووه مایه‌ی خه‌وزرانی به‌ره‌به‌یان. چه‌ند جارێکیش، له ناوه‌ندی گه‌مه و یاری شیر هه‌ڵدانی منداڵاندا بۆ ڕیشۆڵه و کۆتر، شیر به‌ره‌وخوار ده‌گه‌ڕایه‌وه به ڕووی خۆیان ،خوێن له کاسه‌ی سه‌ریان ده‌هات.
ڕۆژێکی سه‌رله به‌یانی، خه‌ریکی ڕازاندنه‌وه‌ی جلوبه‌رگی بووکه شوشه‌که‌م بووم. گوێم له گرمه‌ی ڕاکێشان و ته‌وور لێدان بوو له باخچه‌که، له سوچێکی حه‌وشه‌که‌دا ڕاوه‌ستام، داربڕێ به ته‌وور ده‌یدا له لق و پۆکان، گووریسی پێچابوو له ناوه‌ندی قه‌ده‌کان، دووان و سیانیش له لایه‌کی باخچه‌که‌وه که‌وتبوونه گووریس ڕاکێشان. له‌کاتی ڕاکێشاندا قه‌ده‌کان قرچه قرچیان ده‌کرد. له کاتی ته‌وور لێدان، وورده دار ده‌رده‌په‌ڕی، له هه‌مانکاتدا هاوارێك هه‌ڵده‌ستا، منداڵه‌کان تاده‌توانن دوورکه‌ونه‌وه با پرژه دارتان به‌رنه‌که‌وێ.
منداڵانیش هه‌روه‌ك ڕێچکه مێرووله له ڕیزی پۆلدا ڕاوه‌ستابن له‌سه‌ر بان و ناو باخچه‌که، له‌گه‌ڵ ڕاکێشانی لقه‌کاندا ده‌یانقیژان. له‌پر لقی به‌ربووه‌وە، هه‌ر وه‌ک به‌فری چیا ڕما، ناڵه‌ی ده‌هات، ده‌یدایه‌وه به گوێسوانه‌ی سه‌ربان. لقه‌کان بوون به دووان، سیان و چوار… به‌رده‌وام که‌ڵه‌که ده‌بوون، تا ناوه‌ندی باخچه‌که بووه لق و پۆی دارتووه‌که.
له گه‌ڵ لێدانی هه‌ر ته‌ورێ، دڵم داده‌چڵه‌کا. ته‌وره‌کان ده‌چونه قووڵایی قه‌دوپۆی داره‌که، زۆر جار ته‌ور یاخی ده‌بوونه‌ده‌هاته ده‌ر له ناوه‌ندی قه‌دو پۆکان. له وکاتانه
چاووم نووقان، پاشان له خه‌یاڵدا سه‌رده‌کتمه‌وه بۆ سه‌ر لقه‌کانی دار تووه‌که، جارێکی تر بووکه شووشه‌که‌م حه‌شار ده‌دا
له کۆتایی ئیواره‌ی ڕۆژه‌که‌دا، ئاسمانیکی ساماڵ، ئه‌ستێره‌کان له ئاسماندا خه‌ریك بوون ده‌که‌وتنه سه‌ما، چۆله‌که و کۆتر و ڕیشۆڵه هێلانه‌یان لێ ونبوو، ده‌گه‌ڕان له دوای هێلانه‌کان. جریوه جریوی چۆله‌که‌کان تاده‌هات که‌م ده‌بووه، پۆله باڵنده و کۆتر تاده‌هات دوور ده‌که‌وتنه‌وه، تاچاو بڕکا هه‌ڵده‌فڕین.
دار توو ون بوو له چاو و، که‌وته خوار، لق و پۆکانی دارتووه‌که پارچه پارچه و به شکاوی له گشت لایه‌کی گۆڕه‌پان و باخچه‌که‌دا په‌رت و بڵاو که‌وتبوو، بۆشایه‌کی گه‌وره‌ی له ئاسمانی ماڵه‌که‌ماندا دروستکرد. زه‌ویيه‌کی گه‌لێ فراوان له باخچه‌که‌دا چۆڵکرد، دار توو نه‌ما….. دارتوو که‌وت به زه‌ویدا. خه‌ونه‌کانی منداڵیمی کرده یادگار له‌گه‌ڵ گه‌ڵا وه‌ریوه‌کان هه‌ڵوه‌رین، چاوم خشاند به زه‌ویدا و پێم خشاند له گه‌ڵا وه‌ریوه‌کان، هه‌روه‌ك له خه‌ونێ ڕاچه‌نیم، دووباره خۆم دییه‌وه له سه‌ر زه‌وی وڵاتێکی دوور.
له یه‌ک له کاتی گه‌ڕانه‌وه‌مدا بۆ نیشتمان، جارێک چاوم که‌وته سه‌ر قه‌دێکی بچووکی دارتووه‌که، له سوچێکی نزیك کتێبخانه‌که‌ی باوکم دانرابوو. له ئه‌ندازه‌ی مێزێکی بچکۆکی به‌رده‌ست ،شێوه‌ی بازنه‌یه‌کی خڕ، به‌ره‌وپیری ڕۆشتم، ده‌رمهێنا و له پێش خۆمم دانا. تاتوانیم لیی وربوومه‌وه. پاشان ساڵه‌کانی ته‌مه‌نی لقکه‌م له زنجیره ئه‌ڵقه‌ی ته‌مه‌نی دره‌ختدا خوێنده‌وه، خۆیده‌دا له ده‌ساڵ.
له‌پاش حه‌وانه‌وه، له سه‌ر کورسيیه‌ك دانیشتم، هه‌ردوو قاچم خسته سه‌ر قه‌دی دارتووه‌که. قاچه‌کانم ڕاکێشا‌و بۆ ماوه‌یه‌ک گه‌ڕامه‌وه بۆ ڕابردوو، بۆ جۆلانه و خه‌تخه‌تێن وپه‌تپه‌تێنی ژێر سێبه‌ری داری تووه‌که، بۆ ئیشق و خۆشه‌ویستی منداڵانی گه‌ڕه‌ک، بۆ چاوشارکێ، بۆ یاری ماڵماڵێنی بووکه شووشه‌که‌م. تا ئه‌و ساته‌ی له قووڵایی ئه‌وینێکی وندابووم، وێنه‌م کێشا و وێنه‌که‌م خسته دووتوێی کتێبه‌که‌م، پاشان کردم به نه‌خش له‌سه‌ر به‌رگی پشتیيه‌که‌م، تا له خه‌وندا بگه‌ڕێمه‌وه ژێر سێبه‌ری دار تووه‌که. له‌م سه‌فه‌ره یادگاره‌کانی منداڵیم، بوونه خامه‌ی نووسینه‌وه‌ی چیرۆکی دارتووه‌که‌م
Nov 11, 2011