فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

باج و سزا

( باج و سزا )

ماریا ئەحمەد/ شاعیر/ هەولێر

سەرەتای وەرزێکی
سارد ساردە
دەستم لە پارچە بەفری
رۆحم گیرکرد
دەسرۆکە سرکەییەکەم
لە قژی ئەستێرەی بەختم شەتەکدا
هاوارە خنکاوەکانی شپرزەییم
بە برینەکانی بێدەنگی سپاردن
نیگا کەوتوو ماندووەکانم
کەوتنە سەر شانی و ملی زامەکان و
بەژنی تاسە !!
تک تک، دەتکێنە ناو
گۆمی مەنگی
یادەوەری و
چرۆی حەز و
خورپەی خۆر و
باجی سزا و
شەنگی ئەوین !!
برژانگ و فرمێسکە
هەڵوەریوەکانی پەشیمانیم
کۆکردەوە و
لە ناو قەدی بوخچەی رازە
نازنازەکەی بێنازیم کرد
لەگەڵ گزنگی خۆرەتاو
لەناو کێڵگەکانی گەنم
دامنەدەست
تيشکەکانی هەتاو….
٢٢/٧/٢٠٢٤