فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

یادەكان زەنگی ڕوحم لێ ئەدەن

(یادەكان زەنگی ڕوحم لێ ئەدەن)

 

ڕەوەند ساڵح/ شاعیر/ سلێمانی

 

سەراپای بوونم گیرفانە

هەر گیرفانە و هەزاران یادەوەری

دەمەوێ ئەو هەموو هەزارانە لە شیعرێكدا جێكەمەوە

مودەتێكە

دەلاقەی غوباراوی تەمەنم

پێویستی بە پەردەلادانە

با هێندەش زوڵمەتم خۆشنەوێ

بچمەوە سەر تروسكایی ئەو فەنەرەی كە دەمانگوت: هەبوو… نەبوو

هەموو ژینمان حیكایەت بوو، كەس لە خوا گەورەتر نەبوو

دەترسێم جەنگێكم لەگەڵدا هەڵگیرسێنن و

ئاگربەستی نەبێ

خۆم ڕادێنم

ڕاهاتن لەگەڵ بیرەوەرییەكان هونەرە، هونەر

دنیایەك لە یادەوەری لە سەرمدایە

سەردەكەم بە دنیایەك لە یادەوەریدا

سەرم بارێكی گرانە و

هەروا، سنگم تەنگ

لەگەڵ دروستبوونمان خودا برینێكی خستۆتە وجودمانەوە

پێی دەوترێ یادەوەری

یادەوەری چ پەتایەكە تووشی مرۆڤ دەبێ!

لێبوونەوەی نییە

نازانم دوودڵم دەرگای حەسرەتی بیرەوەرییەكان بكەمەوە یا نا؟

یادەكان دەمبەن…….. دەمبەن

لەناو تارمایی شەو و ئاسمانی خۆیان ونم دەكەن

لەناو گریە و پێكەنیندا نقومم دەكەن

هەندێ جار ئاوڕشێنی تەنهاییم دەكەن و لەگەڵ بێدەنگیم دەكەونە قسە

هەندێ جار ئەشكەكانم كۆدەكەنەوە

زۆرجار تریفەی پێكەنینم ڕاودەكەن و

دەمدەنەوە دەست پیاسەیەكی بەتاڵ

جارجاریش بە نەغمەیەكی كون كون لەسەر ڕێی خەیاڵێكدا ڕامدەگرن و

دەنكە شقارتەیەك دەدەنە دەستم

یادەوەرییەكانم شێتن شێت!

یادەوەریم هەیە لە كەللەی ژیان دەمخاتە خوارەوە

فێری گۆرانییە گوناهبارەكانم دەكا

لەگەڵ ئێستام ناكۆك دەبم

دەمباتەوە سەر شپرزەییەكانی ئەوسام

جارێ تر بەدزی خوداوە دڵداری دەستپێبكەمەوە

دەستم دەگرن و دەمبەنەوە ماڵی مەعشوق

دەترسێم… دەترسێم

لاپەڕەكە دادەخەم

دەترسێم ئەم یادانە سەر بە خێڵی شەرەف بن

جیهان چەمۆڵەم لێبنێ و

هەرچی منداڵە دوعا* ئاسا بەردبارانم بكەن

زەوی ئێرە ناكامە بە عیشق

عیشق قەدەغەیە لە لاپەڕە و لە خەیاڵ و لە بیرەوەریشدا.

یادەوەریم هەیە بەردە

هەر كە دەستی بۆ دەبەم

وردوخاشم دەكات

یادەوەریم هەیە كەڕولاڵە

ئۆقرەگرتنم  دەرخوارد ئەدا

تا لێی وردببمەوە زیاتر باوەش دەكەم بە ژیاندا و

پڕ ئەدەمە هەموو شتە جوانەكان

یادەوەریم هەیە بارانە… باران

بە قوڵایی كێڵگە وشكەكانی ڕوحمدا دەڕوات و

یەك ڕۆژی تەڕم ناداتەوە

هەندێ جار دەخلیسكێمە ناو سووتانێكەوە

مانشێتێكی خۆڵەمێشی نووسراوە:

من كچی سەرسەكۆ و كۆنكرێتی بەرهەتاوی كۆڵانم

من كچی ئەم ڕۆژژمێرە نیم

من بە ئێرە نامۆم

من سەر بە ڕەچەڵەكی ڕابردووم

لە نێوان نۆستالیژیا و تەكنەلۆژیا

پێكنایەم و پێكنایەم

لێرە جەستەی خۆم ناناسمەوە

دەبمە دوولەت و هەزاران پارچە

لەشم نوقسانە بۆ ڕۆژانێك

بەدوای تریفەی مانگ و تراویلكەی ئەستێرەدا ڕامدەكرد

باران ڕامی منی دەكرد

بۆ سەروەختێك گوێم دەنا بە دڵی درەختەوە

سەمام لەگەڵ جۆگەلە و بەرد و بۆقەكانی ئەو گوزەرە دەكرد

لەشم نوقسانە بۆ ئەو دەست و پێیانەی

خەتخەتێن و پەتپەتێنی ئەلفوبێی كۆڵانم بوو

بۆ ئەو چاوانەی

لێم ڕادەمان و نەمدەزانی لە ڕەگەزی من نین

ئەوان نێرینەن

ئەوان خاڵی بەیەكگەیشتن و خاڵی دابڕانیان لەگەڵ دروستكردم

من ئەمە نیم…. من لێرە نیم

من ئەوی ترم…. من لەوێم

لەناو دارستانێك یادەوەری هاواردەكەم

لەناو دەریایەك بیرەوەری شەپۆل دەدەم

هەر دەرگایەك دەكەمەوە

میوانی خوان و خەوی ناوەختن

هەر پەڕەیەك هەڵدەمەوە

زەق زەق لێم دەڕوانن

ئای یادەوەری چەند  بێڕەحمە! چەند بكوژە!

یادەوەری چەند لە عیشق دەچێ!

هێشتا دوودڵم

نازانم دەرگای حەسرەتی بیرەوەرییەكان بكەمەوە یا نا؟

ئاخر گیرفانی یادەوەرییەك نەما

دەستی پێدانەكەم و نقوڵێكی تاڵی تێدانەبێ

تەنها ماڵی گریانەكانی منداڵی شك ئەبەم

پڕپڕە لە نەباتی پێكەنین.