فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

کەم و زۆر

کەم_و_زۆر

ئەیوب ئەحمەدی تینووکۆکەیی/ شاعیر / بۆکان

ئەو بە ناز و نێعمەتی خوا.من بە خەم پەروەردە بووم
ئەو لە زۆر تا بێژی هەی بوو من بە کەم پەروەردە بووم

چەند گەڕەک نازی دەکێشا تا بە دڵخوازی بژی
من لە ژێر سایەی ڕەشی باری ستەم  پەروەردە بووم

نیشتمانی خۆی هەبوو خۆزگەم بە خۆی وا بەختەوەر
من بە بێ پەرچەم بەبێ ئاڵا و عەلەم پەروەردە بووم

هەرکەسێک هەستی هەبوو وەسفی ئەوی نووسی بە دڵ
من چەپۆکەی ڕۆژگارم دی و بە زەم پەروەردە بووم

ئەو چراخانی دەکرد  ماڵی و لە تاریکی نەگەی
من لە ژێر نووری کز و بێ تینی شەم پەروەردە بووم

ئەو بە شیلەی گوڵ  بە ئاوی کەوسەر و زەمزەم دەژی
من بە ئەشکی سوێری دیدە و ئەسری چەم پەروەردە بووم

ڕێزی ئەو تا ڕێزی تینوو عالەمێک جیاوازیە
ئەو بەناز و نێعمەتی خوا۰من بە خەم پەروەردە بووم

۷جۆزەردانی۲٤