فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئەترسم بە ساڵێکەوە بمرم

ئەترسم بە ساڵێکەوە بمرم

 

شەریف مورادی/ شاعیر /  مەریوان

دەستێ بە ملپێچەوە
ئەڕژێتە من
تەنیایی ئەخزێتە خوارەوە و
بە ماچێکەوە هەناسەمە
سڵامەتیش
عادەتێکە
بە سیگارێکەوە تەرکی کەو
لە پەیکێکا تەڕ
تەرکم کە
با بە دار و بەردەوە کفرت کەم
با لە تەرکێکا
شلۆقی بە باوە دەرچێ
باوکم
بیری بە سیگارەوە نەمابوو
خۆی کێشا بە دووکەڵێکا و
وێنەی بە قاپێکەوە تەنگ
ئەترسم
بە ساڵێکەوە بمرم
یان لە وێنەیەکا دەرنەکەوم
دەرچوون
ماقبوونە بە هێشتاکانا
چەن لاپەڕە
وشکم بە هێشتاتەوە
لە دێڕێکا گیرت کردووە
ئای حەزم بە شەیتانیتەوە
ئای خزم بە تەنیاییتەوە
وای چەنێ ئایتم
ڕۆژمێر چەنێکە ساڵم ئەدزێ و
منیش بە لاپەڕەیەکەوە سپیمە و
حەزم شەیانیتە
شەیتان تۆ بی و کفێرکم
تۆ بی و تۆقاوییەکانم
تۆ بی و ڕەجیم
لە خەوێکا پاڵم خە
با بە ساڵێکەوە نەمتەکێنن
با….
بە ( با ) یەکەوە نیشتمان نەمبا و
هەر لێرە شەیتانی بم