خۆم نه‌بێ وه‌ڵامى هه‌موو شتێ ده‌ده‌مه‌وه
زانا خەلیل/ شاعیر/ ئەلمانیا
وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى به نموونه:
ناوكێك ده‌ده‌مه‌وه، كه پڕ كراوه له شه‌رابى سوور.
وه‌ڵامى مێرووله‌یه‌ك كه ره‌نگى داوه‌ته حه‌رف و ده‌نگیش به ره‌نگ.
وه‌ڵامى ترووسكانه‌وه‌ى مقه‌سى حه‌للاقى نه‌خۆشخانه‌یه‌كى جه‌ڵته‌ى ده‌ماغ.
وه‌ڵامى سه‌گێك كه له‌به‌ر ده‌رگاى دۆزه‌خ پاڵكه‌وتووه و
خه‌ریكى (chatt)ه له‌گه‌ڵ ژنه به ماڵ و منداڵه‌كانى دنیا.
وه‌ڵامى ئه‌و خه‌ونه‌ى كه هێشتا رۆژهه‌ڵات نه‌یبینیوه.
وه‌ڵامى سۆزانییه‌كى چوارده ساڵى دیمه‌شقى
كه به‌یانى له‌گه‌ڵ له خه‌و هه‌ستاندا خۆى ده‌بینێ بۆته سوراحى.
وه‌ڵامى نێچیروانێكى سۆرتاریك كه بێ گۆره‌وى به‌سه‌ر نووكى هه‌زاران حه‌ربه به دواى راوكردنى رۆژدا راده‌كا.
وه‌ڵامى په‌یكه‌رتاشێك كه له دوا داهێنانیدا بڕوا دێنێ هیچ كه‌س له‌و به‌رازتر نییه.
وه‌ڵامى براده‌رێكى رۆمانیم كه پێش زایین پێی‌گوتم:
نا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كه گرانه، ناوێرم به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كه ناوێرم، گرانه.
وه‌ڵامى رێوییه‌ك كه وا نیشان ده‌دا خه‌ڵك كلكى هه‌یه.
وه‌ڵامى قالۆچه‌یه‌ك كه منداڵێك دواى كرۆشتنى، به دایكى ده‌ڵێ:
دایه زه‌یتونێكم خوارد قاچى هه‌بوو.
وه‌ڵامى مریشكێك و ژنێك كه بۆچى یه‌كه‌میان له كاتى سه‌ربڕین رێك وه‌ك دووه‌میان وایه له كاتى ره‌حه‌تبوون.
وه‌ڵامى ژنێك كه له ماینه‌كانى عه‌ره‌بانه‌كه‌ى فیرعه‌ون ده‌چێ.
وه‌ڵامى ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ى بیله‌فێلد كه رووس و ئێزیدییه‌كان له پێناویدا شه‌ڕیانبوو.
وه‌ڵامى ئه‌و ئاسمانه‌ى كه هه‌رگیز نه‌یتوانى بۆ ته‌نیا جارێ
لە جیاتى ئاو عه‌ره‌ق ببارێنێ و
له جیاتى ته‌زره مه‌مك و له جیاتى به‌فر،
قانونێك كه عه‌ره‌ق په‌رشكردن به‌سه‌ر مه‌مكدا فه‌رزبێ.
وه‌ڵامى هه‌موو شتێ ده‌ده‌مه‌وه
من هه‌تا وه‌ڵامى ئه‌و مه‌مكانه‌ى كه له شیعره‌كاندا كراونه‌ته كۆتر.
وه‌ڵامى ئه‌و دره‌خته‌ى لبنان كه پێغه‌مبه‌رێ بۆ خۆى ته‌ختى لێ سازان.
وه‌ڵامى ئه‌و خاوه‌ن رێستورانته‌ى كه خواردنه‌كانى وه‌ك مه‌مكى قه‌دیم وابوون.
وه‌ڵامى نووسه‌رێك كه ده‌زانێ هیچ شتێ به‌قه‌د سه‌ركه‌وتن مرۆڤ تووشى دۆڕان ناكا..
من وه‌ڵامى هه‌موو شتێ ده‌ده‌مه‌وه
هه‌موو شت و هه‌موو كه‌س و هه‌موو زه‌مان و
هه‌موو ئه‌و شتانه‌یش كه هه‌ن
له‌ناو شوێنێك ته‌نیا خۆم نه‌بێ
كه بۆچى ناتوانم له ئێستا باشتر بم؟