فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

” فستانەکە”

“فستانەکە”

 

نووسینی: ئاردیتا جاترو
لە یۆنانییەوە: ئومێد قەرەنی

دایکم تەنیا یەک فستانی هەبوو
شەوانە دەیشۆرد و
لە تەنیشت مووبەقەکە هەڵیدەخست
سپێدان بۆنی گوڵی لێدەهات.
هەرگیز ئەوەم لێنەپرسی
چما یەکیدیکەی نییە! ١
هەر خۆشم ئەوەم نەدەخواست.
ئەمن بەوە دایکم ناسی
بەو فستانە پەمبەی تا سەر ئەژنۆیانی.
کە ڕۆژێکیان
فستانێکی زەردی ئاوریشمینی کڕی
بە دزییەوە وەبەر نووکە قەیچیانم دا ٢
چەندین تیلمی گچکەم بڕین
گیرفانەکانم لێ پڕکردن
ئەو دوو ڕۆژان مت و بێدەنگ!
ئەمنیش شادبووم لە ناخەوە
کە ئیدی هەر ئەوەی گۆرینێ دەپۆشێ ٣
هەر ئەو هزرەم لە مەژییدا دەزرنگاوە ٤
تا چەند دەمخواست وەک ئەو بم.
ئەوڕۆ لە دایکم تێدەگەم
گومانەکانم دەڕەونەوە،
لە کۆشان و لە ئاوازە غەمگینکەی
لە هەنسک هەڵکێشانی شەوانی
لە لایەلایەی ئومێد لە خەونانم
لە هەر شتێک تێدەگەم.
لێ لەبەرچی
دەبووا دایکم تەنێ یەک فستانی هەبێ؟ ٥
پەڕەکانی گیانم هەڵدەدەمەوە
هاوشێوەکەی خۆم دەبینم
هەموو ساڵانی تەمەنم
لەبەردەم ئاوێنەی یادەوەرییدا
خۆڵەمێشیی دەردەکەون.
______________________________________
١- چما: بۆ، بۆچی، لۆ، ئەڕا، لەبەرچی، مەگەر…
٢- قەیچی: (مقەس).
٣- گۆرین: ناوبراو و ناسراو، لە جیاتی (هین، ئەوە، ئەو کەسە، ئەو تشتە، وانەک و… تد)یێش بەکاردێ.
٤- مەژی: مێشک، مۆخ.
٥- تەنێ: تنێ، تەنیا، تەنها، بەس.