فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

هەوڵدانێکی تر بۆ گرتنی مەوداکان

هەوڵدانێکی تر بۆ گرتنی مەوداکان

ئەمە تەنیا چەند بڕگەیەکە لەم شیعرە:

جەلال بەرزنجی/ شاعیر/ کەنەدا

بەیانیان کە خۆر هەڵدێت،
مەودا دوای خۆی بە جێ دێڵێت.
ئێوارانیش کە ئاوا دەبێت،
عاردو ئاسمان دەبن بە مەودایەکی تاریک.
کە گەشت دەکەم،
پەلەمە زوو بگەم،
کە دەگەمە جێ،
مەودایەک پێش من لەوێندەرە.
کە دەگەڕێمەوە ئێستا،
مەودایەکی سارد و سڕ،
وەک دارە مەیت چاوەڕوانمە.
هەر من نا،
باڵندە کە دەفڕی،
مەودا لە دوای خۆی بە جێ دێلێت.
سروشت،
بەهاران مەودای نێوان،
بەردێک و بەردێک
درەختێک و درەختێک
بستە خاکەک و خاکێک،
بەگیا دادەپۆشێت
دوایی پایز بەردەداتە گیانیان،
جارێکی تر مەودا لە نێوانیان دروست دەکات.
ئەوە دۆڕاندنی شەڕە.
وشەکانم هیچیان لە گەڵ کات پێ ناکرێت.
هەندێک جار ناگەن بە خەیاڵ
شەڕ بە جێ دێلم ،
مۆمێکم لە دەستە،
لە ناو تاریکی.