فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

پۆستەچی

پۆستەچی

 

عیسا حوسێن/شاعیر / هەولێر

هەموو شەوێ تا بەیانی
نامە پڕ لەهەستەکانت لەهاتوچۆدان
کانیاوی سۆز دەتەقێنیەوەو
لەتێرمیناڵی دڵەوە
قافڵە قافڵە وشە دێت و
وشە دەروا
رستە دێت و
رستە دەڕوا
خۆشەویستیت لەلام کەڵەگەتتر دەبێ
وێنە ئاسایی و نیوەرووتەکانت
بێ سڵاو دێن و
وەکو دووکەڵی جگەرە
ژوورەکەم سیخناخ دەکەن لەعەتری جەستەت
لەپۆرتریتی شیعر …
ناترسی … جارێك
هەر تەنیا جارێك
پۆستەچییەکانی ماسنجەرو ڤایبەرو واتسئەپ
لەبۆشایی هەواو
لەو ئاسمانە تاریك و هەزار بەهەزارەدا
هەگبەکانیان لێ ون ببێ
یان ( هاك کەرێك ) رێگەیان پێ بگرێ و
رووت رووتیان بکاتەوە
ئەوکاتە هەموو کەون بەنێوانمان بزانێ و
قەڵەمێکی سووریش
هێڵێکی راست و چەپ بێنێ
بەسەر عومەری هەردووکمانا … !!!
عیسا حوسێن