فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دوو شیعری (ئاردیتا جاترو )

دوو شیعری (ئاردیتا جاترو )

نووسینی: ئاردیتا جاترو

وەرگێڕانی لە یۆنانییەوە: ئومێد قەرەنی/ شاعیر هەولێر

” لاسەرە ” ١

لە تەنیشتمەوە خەم دەڕوا،

هەندێ کۆچبەری قاچاغ ڕادەکەن

تا خۆبشارنەوە.

جگەرە لە پاکستانییەک دەکڕم

کە لێم دەپاڕێتەوە،

تاڵییەکەی دادەگیرسێنم و

دەمارەکانم رەپدەبن.

دڵەڕاوکێییم

ئاڵای شەڕ هەڵدەکا

لە ناو سەرمدا دەشەکێتەوە و لەرزمدێتێ

نەستم دەمخوا.

ڕووم سپی وەک مانگ.

 

بێ خەو

لەسەر کورسییەکە رۆنیشتووم

دەروونناسەکە لە بەرانبەرم

دەربارەی شتگەلێک دەپرسێ کە یادم نەماون

یادەوەریی گاڵتەجاڕە

بە شڵەژاویی پێدەکەنم

دانیشتنەکە کۆتایی دێ،

رادەبم و

کونە ڕەشەکەی دەرکەکە قووتمدەدا

تا لە شەقام تفم بکاتەوە.

 

بە نائاگایی

دەگەڕێمەوە بۆ لات

وەک زارۆکێکی گچکە

زامدار بە دەستی ڕەتکردنەوە.

_______________________________________________

١- لاسەرە: مەبەست لە ژانی نیوەی سەرە، شەقیقە، ژانی لاسەرە.

 

 

” سەگەکەی دوڕ سەرم ” ١

سەگێک لە دوڕ سەرمدایە

شەوانە دەگریێ یان لە هزران رۆدەچێ

نازانم

لە بازنەی تاڵییەکی خەستوخۆڵ سندمکراوە ٢

تێنوویەتی خۆی

لە نێو لەگەنێکی ژەنگاوییدا دەشکێنێ

لەبەر خەونە وەدینەهاتووەکانی

دەرفەتی رازانم نادا.

 

سەگە بەڕەڵایەکان نزیکدەبنەوە

لە دەرێی پەرژینەکە

خۆ بە خودان هێز دەزانن

گەر دەستبێنەکەی درێژتربا

تەنیا یەک جار بەرببووایە

سەریانی هەڵدەدڕی.

لە جوغزی خۆیدا دەخولێتەوە ٣

لەپەکانی لە عەردی گیردەکا

ددانەکانی لەوانە جیڕدەکاتەوە

کە نایەوێ ئێسکەکانیان بشکێنێ.

پاشان بە بێ هێزیی و بە تووڕەیی

چاڵێک هەڵدەکۆڵێ و تییدا وەردەکەوێ

دەست بە گریانێ دەکا یان بیردەکاتەوە.

 

سەگێک لە دوڕ سەرمدایە

ڕۆژانە دەخەوێ

وەک زارۆکێ کاتێ خەونێ دایدەپۆشێ

لە دەریای بەختەوەرییدا هەڵدەلەرزێ

تا شەو دێتەوە.

_______________________________________________

١- دوڕ: ناو، نێو.

٢- سندم: بەستنەوە.

٣- جوغز: بازنە.

 

جاترو گوتی: “باڵكێشە شیعرەکانت بە زمانێکی دیکە جیا لە زمانی زگماکیت ببینیت، چ لەوە بە جۆشتر لەنێو ئەم هەموو شاعیرە و جیهانی شیعری یۆنانیان بێیت و بژارمکەیت و بمخوێنیەوە.

ئومێد، من بە زمانی ئەلبانیایی دەنووسم لەگەڵ ئەوەش خۆم شیعرەکانم وەردەگێرم بۆ یۆنانی سی و سێ ساڵە لە یۆنان دەژیم و پیربووم لێرە، ئاخر چیرۆکی مرۆڤەکان کتێب گەلێکن کە بەبێدەنگی دەنوسرێنەوە…

لە هەموو ئەمانە جوانتر لەبۆم ئەوەیە کە تۆ ئەم کارە لە پێناو خودی شیعر دەکەیت…”

 

*ئاردیتا جاترو یەکێکە لە شاعیرە هاوچەڕخ و نایابەکانی ئەلبانیا ٤ کۆمەلە شیعر و ڕۆمانێکی هەیە

ساڵی ٢٠١٧ کۆمەڵە شیعریەکەی بەناوی “٦٦ کیلۆ تەنیای” لە وەشانخانەی “ترانسێدەنت زیرۆ” لە ئەمەریکا چاپ و بڵاوکرایەوە شیعرەکانی لە گۆڤارە نێودەوڵەتیەکان و ئەنتۆلۆژیایی شیعری جیهانیدا بڵاودەکرێنەوە، لە ساڵی ١٩٩٠ تا ئێستا لە (یۆنان_ سەڵۆنیکی) دەژی.