فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

من ئەم هەینییانە چی لێبکەم

من ئەم هەینییانە چی لێبکەم

سۆران حوسێنی/ شاعیر و نووسەر و وەرگێڕ / بانە

 

مەگەر بیدەم بە کۆڵی دووتاییەکەمدا
و
هەڵگەڕێم بە شەقامی چۆڵا
تا بەر مزگەوتی گەورەو
فلکەی مروەتی و
سەرێک بە پاریس کووچوولوو ( ڕاستەشەقامی بیمارستان)بسپێرم
نامگرێتە خۆی هیچ دیمەنێک لە چۆڵەوانی
ماندووییم دائەبەزێنمە سەر
کورسییەکی سووری پلاستیکی
و کەچکێک ئەچەقێنمە قاپێک لە بەستەنی
لە ناو پیادەڕەوەکەدا
بەرامبەر بە شاگردەکەی شیرینی و بەستەنی مینوو ( دەوری مەیانی مروەتی )
ئەم ڕاستە شەقامە بە چاو ئەگێڕم
هەیە وەک منیش خەریک بە چنینی ویترینەکانی خەونەوە سەرخۆش
شار مەگەر ئەمێنێ بێ خەون؟!
لە من ئاڵۆزاوتریش” نەجمە”
هاوپولی کۆنی خۆم
ئەو لە بەخۆڕاگەیشتن حەساوە و
حەپەڕووت ئەپێوێ
شێت مەگەر کلاسیک و نوێ ئەناسێ!
قاوی دەکەمێ و میوانی دەکەم بە قاپێک فێنکایەتی
بۆ جەستەی
دەنا لە دەروونەوە لەوانەیە بکوڵێ خۆی
دوای چل ساڵ
دیسان دەبینەوە ڕووبەڕوو
داڵغەمان هاوبەشی بکا با بۆ شار
چ عەسرانەیەکی سیحراوییە!
من و پەڕەسێلکە نەبێ
کێ ئەم ئێوارە بەهارییەی دائەبەزێ بە خەیاڵ
ناچمە دەر لەم شارە بێ تۆ
تۆ کوێت حەز لێیە وەیگۆڕە:
– بە شێعر و
– دۆندرمە و
-باوەشی ترین خەیاڵی تەنیایی
بانەیە و یەکێکی دەوێ بۆ خاوەندارەتی لە سەرشێتییەکانی ئاشقانەی
یەکێک هەر ئەبێ وەیخوێنێ
دوور لە سەیرانەکانی دەشت و بەر
خۆم ئەدەمەوە بە کۆڵی ئەم پاسکێلەدا
تا
ژوورێکی پڕ لە بیرەوەری لە شار و
لە چۆڵەوانی
ئەمڕۆشار لیپاو لیپە لە ئەوین!