فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

خەون و شێتیی

خەون و شێتیی

 

دڵشاد عەبدوڵلا/ شاعیر / هەولێر

ڕووبارێک لە سەرمدایە
شەوان گوێم لە هاژەی شەپۆلەکانیەتی
بەیانیانیش ئاوێکە ئارام.
گڕکانێک لە سەرمدایە
شەوان گوێم لە ناڵەی هەناویەتی
بەیانیانیش خاکێکە ئارام.
شەیتانێک لە سەرمدایە
شەوان گوێم لە قیژەو هاواریەتی
بەیانیانیش کەسێکە ئارام.
تاشەبەردێک لە سەرمدایە
شەوان گوێم لە خڕەی کەوتنیەتی
بەیانیانیش لووتکەیەکە ئارام.
چەند ڕۆژێکی تر
ڕووبارەکە کەنار دەشکێنێ
گڕکانەکە دەتەقێتەوە
شەیتانەکە دێتە دەرێ
تاشەبەردەکە گل دەبێتەوە
ئەگەر گریمان شتێک لە مندا مایەوە
قووڕولیتەی ئەو ڕووبارە و
پاشماوەی ئەو گڕکانە و
لەعنەتی ئەو شەیتانە و
وردوخاشی ژێر ئەو تاشەبەردەیە.
قەقنەسێک لە سەرمدایە
ئومێدم بەو باڵندەیە
شەوان گوێم لە فڕکەی باڵەکانیەتی دەکێشێ بە خۆیدا
بەیانیانیش خۆڵەمێشێکە ئارام
لەو خۆڵەمێشە دروست دەبمەوە.