فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

خۆکوژیی خۆسێه بۆیەنابیدا

خۆکوژیی خۆسێه بۆیەنابیدا

نووسینی: خالد کاکەیی
و. لە عەرەبییەوە:  گرفتار کاکەیی/ هونەرمەند و نووسەر/ ئەلمانیا

 

نیوەڕۆ بە شووتییەکی گەورەوە لەیەکێک لەو دووکانە میووەفرۆشە پەرت و بڵاوانەی سەر کۆڵانە لاوەکییانەی گەڕەکی تەتوان، باکووری مەدریدی پایتەخت گەڕامەوە، ئەو شووتییەی کە دوای مانەوەی چەند کاتژمێرێک لە یەخچاڵەکە، دەبێتە قاپی سەرەکی ژەمە شامێکی سووک.
گەرماکەی مەدرید لە مانگی ئاب دا، لەمەزەندە نییە.  شووتیی ساردیش باشترین چەکە بۆ دژایەتی کردنی.
بێگوومان چەند بوتڵە بیرەیەکی ئیسپانیش لە نێوان دانیشتنە هەمیشەییەکانی ئێوارانی من و نەدیمی هاوڕێ و هاوژوورمدا جێگای تایبەت و نەگۆڕی خۆیان هەیە. لەکاتێکدا کە لە بالکۆنی ئەپارتمانەکەمانەوە دەمانواڕییە ژیانی نێو کۆڵانە تەنگەبەرەکەمان وەکو دەسپێک بۆ گفتوگۆیەکی ئێوارەی هێمن و هەمەجۆر، کە هەر لە سەر پاشەوەی ئەو ژنە لاتینییانە دەسپێدەکات، کە بەشێوەیەکی چڕ لە گەڕەکەکەماندا دەژێن، تا دەگاتە چیرۆکی ئەو پاشەوەیەی کە لەبیر ناکرێت، كە چەن ڕۆژێک پێش ئێستا پێکەوە لە جادەی سیرانۆ بینیمان، ئەو گەڕەکەی کە دەوڵەمەندەکانی تێدا دەژین؛ تا بە باسی ئەپراسیونی مایەسیرییەک کە پەرلەمانتارێکی گەندەڵ ئەنجامیدابوو، کۆتایی بە قسەکانمان دێنین.  ئەو پەلەمانتارەی کە پاشەوەی زیاتر لە پێنسەد هەزار دۆلاری لە خەزێنەی گەل تێچووە.
ئا بەم شێوە، ژن، و ئینجاش ژن، وئیجایش هەر ژن، پاشان، دوای دوایین بوتڵە بیرە، کەمێک مێژوو و سیاسەت.
هەندێجار لە پێناو جۆراوجۆرێتی لە ئاخاوتنەکانمادا بەرەو كێشەی تەبەتی چینی لادەدەین. هەموو باسەکانی پاشەوەی ئافرەتانمان لەبیر دەچێتەوە و دەچینە نێو گفتوگۆیەکی چڕ سەبارەت بە تورکستانی ڕۆژهەڵات و قەرغیستان وتاجیکستان و  ئۆزپاکستان، هەموو ئەو (ستان)ەکانی دیکەی دەوروبەری، ئینجا دەخزێینە نێو، جیاوازییەکانی نێوان زوانی قازاخی تێکەڵاو بە ڕووسی و زوانی ئەزەربایجان بۆ گەڕان بەدوای بنەچەی زوانی مەگولییەکان، کە بەبەڵگە و سەرچاوە و مێژووی ناوی ئەو ڕەشنووسانە و ئینسکلۆپیدا، وەک ئەوەی تازە  لە ڕەشماڵەکەی سەر ڕووباری  ئونۆنی جەنگیز خان،  لە بیابانە ساردەکانی مەنگولیا دێنە دەرەوە. قەرەقیزەکانیش هەر وەک خەڵکی تەبەت ئاژەڵی (یاک) بەخێو دەکەن هاوڕێم. لەوێ بە یاک دەڵێن یاق، یان یاغ، خۆی لە بنەچەدا هەر هەمان وشەیە و هەمان واتاش دەگەیەنێت ئەویش واتای: ڕۆن، یان بەز، چوین ئەم ئاژەڵە شێوەی لە گا دەچێت، لای ئەوان سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ ڕۆن. تێگەیشتی؟
نەدیم لەگەل مژێکی قوڵ لە جگەرەکەی هەردوو برۆکانی جووتکردەوە و فووی لە دووکەڵەکە کرد، بە هەردوو دەستیشی هەوڵی دەدا دووکەڵەکە پەرت و بڵاو بکاتەوە، پەشیمانە لەوی کە کزەباکەی دووکەڵی جگەرەکەی ئەوی بەڕوومدا کرد.
– ببوورە، قسەکەت تەواوکە هاوڕێم.
– بەڵێ، گوێی مەدەرێ. قەرەغیر و قازاخ و خەڵکی تۆڤا و تورکەمەنستان و ئازەرییەکان و مەگوولەکان لە تایفەی هەمان خێوەتی ”یۆرت” ی بازنەیین. ئەی هاوشێوەکانیان لە فیلمە مێژووییەکاندا نابینیت؟
قاشەکانیان سخت و پێکەوەنووساو و لە نێوان سمێڵەکانشیان بۆشاییەکی دیار هەیە، کە لە هەڵەی چاپ دەچێت لە سبیسداشی نێو کیبۆردی کومپیوتەردا.
نەدیم لە وردیی وەسف وێناکردنەکە زەردەخەنەیەک كرد و گەشایەوە، ئەزشی دوای قومێک بیرە درێژەم بە قسەکانم دەدەم:
– ئایا دەزانیت؟ ئێستا لە ناوەڕاستی ئاسیادا جۆرە ئاژەڵێکی مێروولەخۆر بڵاوبووەتەوە- نزیک خێوەتگەکەی جەنگیز خان، بەهەرحاڵ- لەسەر ئاستێکی بەربڵاو پێی دەوترێت مەنگوولین؟ ئایا جۆرە لێکچوونێک زۆر لە نێوان مەگوول و مەنگول، و مەنگوولیندا نابینیت؟
لێرەدا بزەکەی نەدیم دەبێتە خەندە و قاقای پێکەنین. چون زۆر باش لە فیکەم حاڵێیە، بۆیە لێم دەپرسێت؟
– هەر بەو بۆنەیەوە، ئایا مێروولەخۆرەکان لە ئاژەڵە گواندارەکانن؟ یا باڵندەیەکی بێبەشە لە فڕین هەر وەکو پەنگوین، واتا فیلمەکەی چییە؟
– بەڕاستی، نازانم، یەکەمین کێشە کە ڕوبەڕووی بوومەتەوە سەبارەت بە شێوەی مێروولەخۆرکە ئەوەیە کە بۆ یەکەمجار لە باخچەی ئاژەڵاندا بینیم سەر و قونیم لەیەک نەدەکردەوە،  ڕووی هەر وەک کلکی بوو. بەپێکەنینەوە وڵامیم دایەوە. هەر وەکو میزڵدان کە لە کوریای باکوور قەدەغە کرا، ئایا چیرۆکی مێزڵدانەکەت بیستووە؟
– نەخێر.
– پێش چەند ڕۆژێک خۆێندمەوە، کە چەند هەفتەیەک پێش ڤیستیڤاڵی یادی لەدایکبوونی سەرکردە لاوەکە، ملێونان میزڵدان کە وێنەی سەرکردەی لەسەر بووە، لەسەرتاسەری پایتەختدا بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشکرا کە دەبێت لە ڕۆژی ڤیستیڤاڵەکەدا، هەر هاولاتیەک بەم دیو و ئەودیوی جادەکەدا ڕاوەستن و لەکاتی ڕەتبوونی کەژاوەی جەنابی سەرکردە، هەر کەسەو دانەیەکی بە دەستەوە بێت و ڕایبووەشێنێت.
– بەڵام بە هۆی پرسیاری یەکێک لە هاوڵاتییانەوە – کە هەر  ئەو پرسیارەش بوو سەری خوارد- وایکرد، جەنابی سەرکردەی توڕە، فەرمان بدات کە  هەر هەموو میزڵدانەکان بکێشێتەوە و لە نێویان بەرێت. چونکە ئەو هاوڵاتییە جورئەتی ئەوەی کردبوو کە لە هاوڕێیەکی خۆی لە چۆنێتی پڕباکردنی میزڵدانەکان بپرسێت، وتبووی: ئەمانە لە کوێوە پڕ دەکرێن؟ لە سەرەوە یان لە دوواوەی؟
نەدیم بە دەنگێکی بەرز پێدەکەنێت، و بوتڵە بیرە ساردەکە بەرز دەکاتەوە: بە سیحەتی تۆ و سیحەتی ئەو مێرولەخۆرەی کە لە گسکی کارەبایی دەچێت.
– بە سیحەتی مێرولەخۆرەکان و بە سیحەتی خانمە لاتینییە گەرم و سمت قەوییەکان.
ڕۆژی یەکشەممە وەکو هەموو یەکشەمەکانی تر ڕۆژێکی ئاسایی بوو، هەموو دوکانەکان لە جادەی (براڤۆ مۆرییۆ)ی دێرین بەسترابوون، بە تەنها دوکانی بەقاڵە بنگالییەکان و ئارایشگای سەرتاشینی لاتینی و هەندێ دوکانی جلوبەرگ فرۆشە چینیەکان نەبێت کە لە پیرۆزترین ڕۆژانی ساڵدا، هەر کراوەن.
چینییەکان ئیبراهیمیەکان نین. جارێکیان نەدیم، هاوڕێی رۆشنبیر و فرەخۆێنم كە پێکەوە بە هاوبەشی  لە شوقە چکۆڵەکەمدا لە جادەی سانتا ماریا خۆسیفا دیل کورا سۆن دی خیسوس، پێکەوە دەژین. بەڵێ، ئەمە هەمووی ناوی ئەو جادەیەیە؛ کە تیای دەژین.
هەندێجار ناوەکە ناونیشانێکی درێژی یەکێک لە کەڤاڵەکانی سلفادۆر دالیم بیردێنێتەوە: خەونێک کە هۆکەی خولانەوەی هەنگێک بوو بە دەووری هەنارێکدا پێش یەک چرکە لە بیداربوونەوە.
– یانی چی ئیبراهیمییەکان نین؟ ئەمەم بۆ ڕوون بکەرەوە تکایە. بە نەدیمم وت.
– ئەوانە لە بووداییەکانن، نیهیلست وبێ دین و تێکەڵاوێکی سەیرن ، هەموو شتێکیان هەیە تەنها هەر سێ ئایێنە ئیبراهیمییە ناسراوەکەی لای ئێمە و ئەمریکی و ئەورۆپییەکان نەبێت، ئەوەشی دەخەمە سەر، ئەوان لە پێناو مانەویاندا نەتەوەیەکی زۆر تێکۆشەرن. بە شێوەیەکی جددی و کۆڵنەدەرانە و زۆر سەیر، شەو ڕۆژ کار دەکەن، هەر وەک دەزانیت. بابەتی دوکان کردنەوەشیان لە ڕۆژانی یەکشەم یان لە ڕۆژی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیحدا یان لە گەرمەی ڕۆژانی هەفتەی پیروز دا ، بەلایانەوە مەسەلەیەکی ئاساییە. ئەوەی بەلای چینییەکانەوە لە مەدرید  گرنگ بێت ئەوەیە کە دەبێت هەموو پێداویستییە تایبەتەکانی ئەم پشوو وئاهەنگانە بفڕۆشرێت. کەسی چینی نە لە ڕۆژی یەکشەم و نەش لە هیچ ڕۆژێکی تر ناچێت بۆ هیچ کۆنوێژێک، ڕەنگە  ڕۆژەکەی بە داگیرساندنی چەپکێک بخوور لە پێش میحرابێکی بچووکدا پیرۆز بکات، کە لە ڕێڕەوێکی تەسکدا لە دەروازەی شوقەکەی دایدەنێت. ئینجا دەردەچێت بۆ چواردە کاتژمێر کارکردنی بێ وچان. لای چینیێەکان کار پیرۆزە. جگە لە کار کردن هیچ شتێکی تریان لا پیرۆز نییە. کەچی بۆنموونە هەندێ نەتەوەی هیندیی؛ مێوەیەک یان دوو مێوە مەنگۆ دەخەنە باوەشی پەیکەرێکی بچووکەوە و لە سەر چیچکان دادەنیشن و لەگەل پەیکەرەکەدا بە دەنگێکی نەرم دەئاخافن و لێی دەپاڕێنەوە و داوای ڕۆژێکی پیرۆزی لێدەکەن، یان شتێک لەم بابەتە.
– ئێێیی زۆر لە مێژە گوێم لە وشەی (چیچکانە) نەبووە. ئەم وشە ئاڵۆزەت لە کوێوە بۆهات؟
چیچکان. هەروەک زمانی خەڵکی (سوبالکۆی) لە ناوچووە.
بە گاڵتەوە وام بە نەدیم وت و توانجم لە ڕوونکردنەوەکەی پێشووی دەدەم و بۆی چاک دەکەمەوە: ببوورە، بودا بە چیچکان دانیانیشێت، بەڵکو بە چوارمشقی و خاو دادەنیشێت، و دەستەکانیشی لە ناو کۆشی دەحەوێنەوە.
– ئەوە دەزانم، تو باسی بودای ڕاستی دەکەیت بەڵام ئەمە، ئامۆزایەتی. بە چیچکانیش دادەنیشێت.
نەدیم بە پێداگیرییەوە لە سەر قسەکەی دەڕوات و بزەکەشی لە سەڕ لێوەکانی لاناچێت. ئینجا دەڵێت: ئێستا لەوەگەڕێ. ئێمە باسی ئیبراهیمیێەکانمان دەکرد.
– بەڵێ، لە قسەکەی پێشووت واتێگەیشتم کە پەیووندییان بە کێشەی فەڵەستینەوە زۆر لاوازە. وانییە؟
– ڕێک وایە، هاوڕێ، منیش ئەمویست بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەوەت پێ بڵێم. ئەگەرچی ئەوە بەشێکی بچووکی باسەکەیە.
– کێشەی فەڵەستین بەشێکی بچووکە؟!
بەسەرسوڕمانەوە ڵێی دەپرسم.
– بەڵی، بەداخەوە لای چینییەکان ئەوە وایە. ئەوان پێیان وایە هەر شتێک لە جیهاندا لە نێو موسڵمان و جوولەکە و مەسیحییەکاندا ڕووبدات، لە کێشەیەکی نێوان ئێبراهیمییەکان زیاتر هیچی تر نییە. بۆیە زۆرجار دەیانبینیت لە ئەنجوومەنی ئاسایش، بۆ ئەم شتانە یان دەنگ بە بێلایەنی ئەدەن یان بێ دەنگی هەڵدەبژێرن. نەدیم ئەمەی لەکاتێکدا  وت، کە بە پەنچەکەڵە و دووشاومژەكەی سفتکی جگەرەکەی لە ناو تەبڵە شوشەییەکەی سەر میزە چکۆڵەکەی نێوانماندا دەتلقاندەوە.
– کەواتە من و تۆ دوو ئیبراهیمین، یان بەلایەن کەمەوە دەمانخەنە هەمان سەبەتەوە.
– بەڵێ، هەمان سەبەتە، لەگەل ئەو مێوە مەنگۆیانەی کە دەیخەنە کۆشی ئەو پەیکەرە چکۆڵە هەڵتروشکاوەی کە لە نێو ڕێڕەوی شوقەکەیە. نەدیم بە پێکەنینەوە وڵامم دەداتەوە.

– دەزانیت؟  من وا هەست دەکەم کە ئیبراهیمییەکی گەندەڵم. هەر وەخت بوو دەسکەمە قاقای پێکەنین، پێم وت: چۆن؟ بۆم ڕوونبکەوە، باواز لە کێشەی چینیەکان و دوکانە سەیر و سەمەرەکانیان بێنین.
– نا،نا، با کەمێک لەگەل چینییەکان بین. ئایا لە ژیانتدا ناولنگی کچە چینییەکانت دیوە؟
– ئێێێێی، تۆ زۆر مەلعوونیت، بەڵێ، یەکجاریکیان بینیوومە.
– لەکوێ؟
– کچێکی چینیم دەناسی، لە چێشتخانەیەکی ئەمباخادۆرس کاری دەکرد. بەڵام ئەویش هەر وەک هەموو چینییەکانی تر ماندوو، نە پێدەکەنێت و نەش دەهێڵێت دوای تەواوبوونی کارەکەی، داوەتی پەرداخە شەرابێکی بکەم. بە تەوسەوە لێیدەپرسم. هەر بە ڕاست، چینییەکان واز لە کارکردن دێنن؟
نەدیم پێدەکەنێت و قسەکەی تەواو دەکات.
– گرنگ ئەوەیە شێوەی زۆر ئاسایی بوو. بەڵام چینی بوو. ئەوەی کە بەلای منەوە گرنگ بوو، ئەوەندە بوو کە لەگەل کچە چینییەکەدا بنووم. دووای چەندین جار نانخواردن لە چێشتخانەکەیان ژمارەی تەلەفونەکەی خۆمم پێیدا، زۆر جەختم لێکرد کە دەرفەتێکم  بۆ بڕەخسێنێت و بتوانین یەکتر ببینن.
سوپرایزی کردم و تەلەفۆنی بۆ کردم و یەکجا یەکترمان بینی.
– باشە، ئەی ناولنگی چۆن بوو؟
– ئمممم، هیچ شتێکی نامۆ نەبوو هاوڕێم، هەر وەکو هەموو ناولنگەکانی تر وابوو. بڕوا بەوە مەکە کە دەڵێن هی چینییەکان بچووکترە، تەنها ئەوەندە نەبێت کە مووی بەری زۆر ڕەش و بریقە و سخ بوو، هەر وەکو ریشی قەشە ڕاسپۆتین. وەکو زانیم حەزیان لە تاشینی توکەبەریان نییە.
–  ئەی هاوار، حەزم لە ڕیشەکەی ڕاسپۆتینە! حەز دەکەم ماچی بکەم! ئەمە بە نەدیم دەڵێم و بە چێژەوە بیر لە گەنجە چینییەکە دەکەمەوە، کە ڕاکشاوە و کەمێ لنگی کراوەتەوە، هەر وەک سەدەفێک کە کژ و گیای دەریا دایپۆشیبێت. دەڕێژم بە قسەکانم دا: سەبارەت بە باسی ڕیش، ئایا ڕامۆنی کۆبیی دەناسیت؟
– کام ڕامۆن؟ بیرم نایەت.
– ڕامۆن، ئەو گەنجە ڕەشکەڵەی کە شیعری دەنووسی. کەوا خیسوسی هاوڕێت لە باڕی کافکای چکۆلانە، لە کۆتایی جادەی ئورتالیسا پێی ناساندین، بیرت ماوە؟
– ئەها، بەڵێ. ئێستا بیرم هاتەوە، ڕامۆن گەنجێکی ناسکە. قسەکەت تەواو بکە.
– ڕامۆن باسی بەسەرهاتی هەڵاتنی خۆی بۆ کردین کە لە کۆباوە بە بەلەمێکی پڵاستێکی کە لەوێ پێی دەڵێن بالسا، بەرەو میامیی بردوویانە، ئەوە پێش ئەوەی ساڵانی دوواتر بڕیار بدات بێت بۆ مەدرید. نوکتەیەکی ڕاستەقینەی بۆ گێڕامەوە، کە لەناو بەلەمەکە بەسەریان هاتبوو. ئەو یەکێکە لە شایەتحاڵەکانی ئەو بەسەرهاتە. ڕامۆن دەڵێت شەو لە سەر بەلەمی بالسایی چکۆڵە بووین، وردە وردە لە بەندەرەکانی کۆباو دوور دەکەوتینەوە. تێکەڵاوێک بووین لە کچۆڵە و پیاو و گەنج، نزیکەی بیست کەسێک دەبووین، لە هێکڕا یەکێک لە زڵامەکانی نێو بەلەمەکە بە دەنگێکی بەرز و بە سۆز و خرۆشەوە دەستی کرد بە گریان. هەمووان داوایان لێکرد کە بێدەنگ بێت؛ بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبن، چونکە ئێشکگری کەنارەکانی کوبا چاودێڕی چڕی ئەوناوە دەکەن. هەر بۆ ئەوەی هێوری بکەنەوە لە کابرای گریاویان پرسی کە ڕاست و ڕەوان پێمان بڵێ چیت دەوێت، بەڵکو بێدەنگ بێت؟ بە وشەگەلێکی ئاوێتە بە فرمێسکەوە پێی وتن: هەر ئێستا و دەستوبرد دەمەوێت ماچی ئاڵای وڵاتەکەم بکەم.
-‌ ئاڵای چی کابرا ئاشکرامان مەکە، هێشتا دوو بست لە کۆباوە دوور نەکەوتینەتەوە بیری ئاڵاکەی دەکەیت؟
هەمووان هەوڵیان دا بەم وشانە بێدەنگی بکەنەوە، سەرسامییان پێوە دیار بوو. بەڵام کابرا سوور بوو لەسەر ئەوەی بە زوویی ئاڵایەکی بۆ بدوزنەوە، قەبارەی هەر چەندێکیش بێت کێشە نییە، دەنا خۆی فڕێدەداتە دەریاکەوە. ئا لێرە یەکێک لە کچە گەنجەکان هاتەوە بیری – شۆخ و شەنگ و بەژن و باڵایەکی جوانیشی هەبوو- کە تاتۆیەک لە سەر سمتی هەیە. کات خۆی تاتۆی ئاڵای کۆبای لە شێوەوی دڵ لەسەر پاشەوەی خۆی کێشاوە. هەر ئەوەندەی پێکرا خۆێ باربوی کابرا بکات، بۆ ئەوەی خۆی پێشانی بدات، تاکو ئاڵا تاتۆکراوەکەی سەر لەشی ماچ بکات، بەرانبەر ئەوەی بێدەنگ بێت و کێشەکە تەواو بێت.
– ئااااااای کۆبیەکان چەند گەرمن. نەدیم دەڵێت و بە پەروشەوە گوێ لە دیڕۆکەکە ئەگرێت، لە کاتێکدا قووتووە بیرەیەکی تازەی دەکردەوە. قسەکەی تەواو کرد: ها ئەوە دووبارە چووینەوە نێو قوناغی (پاشەوە)کانەوە. سەرلە نوێ لە گێڕانەوی چیڕۆکەکە لە سەر زاری ڕامۆن بەردەوام بوو.
کچەکە دیوێکی پانتۆڵە جینزەکەی هێنایە خوارەوە و کابرای گریاویش ماچێکی درێژخایەنی ئاڵای وڵاتەکەی کرد،  کە بە تاتۆ بە ڕەنگی شین و سوور کێشرا بوو، و خواستە نیشتمانییەکەی بە جێیهێنا؛ بۆئەوەی گەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت، بۆخۆی داکاسێت. کەچی دووای کەمێکی تر، هەر وەک هەمووان چاوڕێی بوون دێسانەوە دەستی کردەوە بە گریانێکی  بە کۆڵتر لەوەی پێشوو، سەرلە نوێ داوای ماچکردنی ئاڵاکە دەکاتەوە. ئەمجارە کچەکە هەستا بە بێ ئەوەی کەسێک داوای لێبکات، پانتۆڵە جینزەکەی بە شێوەیەکی باشتر هێنایە خوارەوە و پاشەوەی کردەلایەوە؛ بۆ ئەوەی خۆی لە ئاڵای کۆبا مڕ بکات. کابرا چل ساڵان بەشی خۆی لە ماچ و بۆنکردن وەرگرت و بێدەنگ بوو.
دوای دە خولەک، سەر لە نوێ دەستی کردەوە بە گریانێک، فرمێسک لە چاوەکانیەوە بەخووڕ دادەباریی. ئالێرە هەموو ئەوانەی کە لە بەلەمەکە لەگەلیدا بوون تەماشایەکیان کرد، یەکێک لە گەنجەکان بە توندی لێی تووڕە بوو، لێیپرسی: نە جارێک، نە دوو، نە سێ؟! ئەرێ تۆ چیت دەوێت کابرا؟ ئایا دەتەوەێت حەیامانبەریت؟! تۆ زیارتچی قوونەکانی!؟ یا هەڵاتووی دەستی ڕژێمی کۆبای؟
بۆ ئەوەی کۆتایی بە کێشەکە بێنێت، کچە گەنجەکە بۆ جاری سێیەم هەستا.  ناچار بوو جینزەکەی بۆی داکەند، و پاشەوەشی خستە سەر ڕوومەتی.
سەرباری ئەوەش کابرا لەگەل سڕینی فرمێسکی چۆڕاوی سەرگۆناکانی، دەستی بە پاڕانەوە کرد و بە چۆکداهات و کڕنۆشی برد: نا، نا، خاتونەکەم، وەرگەڕێ ڕیشی کاسترۆم پێشاندە، ئەمجارە دەمەوێت ڕیشی کاسترۆ ماچ بکەم. ڕامۆنی هاوڕێم وتی: لێرە هیچ کەسێک لەوانەی کە لە ناو بەلەمەکەدا بوون خۆی پێ نەگیرا و لە مەکر و چڵێسی کابرا، دەستیان کردە پێکەنین، فەرمانیشیان پێدا، کە دەبێت تا میامی دانیشێت، و متقی لێوە نەیەت، دەنا فڕەێی دەدەنە دەریاکەوە؛ تا کۆسە ماسی قەپاڵ لە قونی بگرێت.
نەدیم دایە پڕمەی خەنینە، منیش لەگەلیا دەستم بە پێکەنینێکی بەهێز کرد، بەشێوەیەک کە ئەو دەر و دراوسێیانەی شوقەکانیان بە شوقەمانمانەوە نووساون، دەنگی قاقای پێکەنینەکانمانیان دەبیست، جامە شەڕابەکانمان بە سەلامەتی ڕیشە شێدارەکەی کاسترۆ  و ئاڵا کوتراوەکەی سەری پاشەوەی خانمە کۆبییەکە بەرز بکەینەوە. نەدیمی هاوڕێم شووتییە ساردەکەی ئەمڕۆی بیرهاتەوە، کە بۆ نیشتنەکەی ئەم ئێوارەیە ئامادە کرابوو. کاتژمێر هەشتی تەواو قاشقاشی کرد و بردی و خستییە یەخچاڵەکەوە؛ تا بە بۆژاویی بمێنێتەوە. خۆرەکەی مەدرید لە وەرزی درێژی هاوێندا  دوای هەشت و نیو ئاوا دەبێت، زۆرجار درەنگتریش. دیمەنی ئەو دیلمارە چکۆڵانەی ئاسۆ، کە لە پێشهەیوانە تەسکەبەرەکەمانەوە دەتوانین ببینین،  لە شێوەی قاشە شووتیەکی سوور و گەش دەچوو. کاتی ئاوابوونەکەی ئەو ئێوارەیە ئاوها بوو. ئاوابوونێکی ئاسایی بوو، یان ڕەنگە لە هەر هەموو ئێوارەکانی تر، کپوکڕ تر بووبێت.  زۆربەی دراوسێکان بۆ دەربازبوون لە تاو گڕەی گەرمای شار و رووبارە قیرە گڕگرتووەکانی نێو گەڕەکەکانی پایتەخت، بەرەو کەناری دەریاکان کۆچیان دەکرد. مێزە چکۆڵەکەمانم لە پێشهەیوانەکە لەگەل دوو بوتڵە بیرە ئامادە دەکرد، نەدیم هەندێ فستق، لەگەل هەندێ چەرەزاتی تری لە ناو قاپێکی فەخووری هێنا و دانیشت و باسی سەفەرەکەی بەیروت و بارودۆخی خراپی ئەوێی بۆ کردم، هەروا باسی دووا هەواڵە سیاسیەکانی ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست و بێدەنگی نێو دەوڵەتی لە ئاست ئەو وێرانکارییەی کە لەوێ بە سەر زیاتر لە وڵاتێکدا هاتووە.
– ئەمە کێشەی نێوان ئێبراهیمییەکانە هاوڕێم، تکایە باسی شتی شادترم بۆ بکە. ئەمەم بە شۆخییەوە پێی وت. نەدیم بزەیەکی فێڵاویی کرد و یەکەمین سیگاری ئەمشەوی داگیرساند. ئینجا وڵامی دامەوە و توتنە پێچراوەکەی لا لێوشی لەگەل هەر وشەیەکدا دەجوولایەوە.
– نەفرەتی،  با یەکەمجار- باسە جدییەکان  بکەین دوواتر دەچینە لای بابەتە رووتەکانەوە.
– باشە، فەرموو، پێم بڵێ دەنگ و باسی دونیا چییە؟ بە هێمنییەوە پێیم وت.
-ئایا لە سیاسەتدا دەستەواژەی سەومەڵەت بیستووە؟
– سەومەڵەی کێ؟
بە زۆڵێیەکەوە ئەمەم وت و ڕستەکەم تەواو کرد: سەومەڵەی کرد، سەومەڵەی ئەکات سەومەڵە، وانییە؟
– ڕێک وایە. ئەم وشەیە بووتە بابەتێکی ڕۆژنامەوانی و دەستەواژەیەکی وردە بۆ دەربڕین لە گۆڕینی هەر وڵاتێک سەقامگیر بۆ سۆماڵێکی دیکە.
– بەڵێ بەداخەوە لەم دواییانەدا وایلێهاتوە.
– ئەوەی کە هەندێک لایەن دەیانەوێت ئەویش  سەومەڵەکردنی ژمارەیەک وڵاتە، دوواتر بە لوبنەنە کردن،  یان عێرقەنە کردنی، بەپێی ئەو پێکهاتە ڕەگەزیی و نەتەوەیەی تێیدایە.
– تەماشاکە، من حەزێکی کۆنم هەیە بۆ ئەوەی ئەو دراوسێ شۆخە، سەومەڵە بکەم. ئەمەم بە نەدیم وت و بە سەرم ئاماژەم بۆ ئەو کچە کرد کە لە دەرگای باڵەخانەیەکی نزیکمانەوە خەریکبوو دەردەچوو.
– بینیت؟ قسەکردن لەگەل تۆدا لەسەر سیاسەت سوودی نییە.
دوو بیرەی تر دێنم. نەدیم ئەمەی وت و لە بەلەکۆنەکە کشایەوە، و لەگەل خوشیدا گۆرانییەکی عێراقی هەفتاکانی دەووتەوە.
مەسەلەی ئەو باڵەخانەیەی کە پئش کەمێک کچەکەی لێیەوە دەردەچوو، تاڕادەیەک، نامۆ بوو. چونکە ژمارەی ئەو کچە شۆخانەی کە دەچنە ژوورەوە، و لێیەوە دەردەچن، شتێکی هەرگیز ئاسایی نییە. سروشتی ئارایشکردن و جل و بەرگی تەسک و کورتیان، ئیکسسوار و شێواز و داهێنانی قژ و هەموو ئەمانە، جیگای گومانن. وەکو جۆرە جندەخانەیەک دەهاتە  پێش چاوم. لە نەدیمم پرسی دوای ئەوەی بە هەردوو بوتڵە بیرەکانەوە گەڕایەوە.
– پێت وانییە کە شتێکی نامۆ لەو تەلارەدا ڕوودەدات؟
– کام تەلار.
– ئەوەی کە پێش سووڕانەوەی کووچەکە دێت دیوی ڕاستم.
– بەڵی، پێدەچێت شتێک لەوجۆرە لەوێ بگوزەڕێت. بەهەر حاڵ دیارە ئەوان کچانی کارن.
– کچانی کار یان لەشفڕۆش؟
– هەمان شتە، هەمووی هەر کارە. بەڵام من نابینم پیاوان بچنە  باڵەخانەکەوە. ئایا تێبینی ئەوەت کرد؟
– وایە تێبینییەکەت وردە. ئەوەم لەسەر ڕەتبوو. ئەگەر شوێنی لەشفڕۆشی بوایە، ژمارەیەکی زۆرتر لە پیاوان بەشێوەیەکی سرنجڕاکێش دەچوونە ژوورەوەی باڵەخانەکە. کەواتە؛ ڕەنگە تەنها شوێنی نیشتەجێبوونی سۆزانییەکان بێت.
– ئممممم، ڕەنگە. لە دوواییدا ئەوان لێرە دەژین؛  بەڵام لە شوێنێکی تر کار دەکەن.
– وایە.
– دانیشتنی ئێوارانمان، دانیشتنێکی شیکاری و لێکۆڵینەوە بوو. هەر وەک ئەو دەرەبەگانەی کە دوو کەس، ڕاست و چەپ لە سەر شانیان دایاندەنێن، هەموو جوڵەیەکی نێو کۆڵانەکە تۆمار دەکەین. هەروا -بەشێوەیەکی چڕ- چاودێڕی  قەبارە و خڕیی هەموو مەمک و کەفەڵ، و ناوقەدێک دەکەین. ئەرکەکانمان پۆلیسییەکی خۆبەخشە، بەڵام خۆشە. لە میانی دانیشتنەکانی ئێواران و تەنانەت ڕۆژانەکانیشمان، زۆرجار، توانیمانە – بۆ نمونە- زۆر بەوردی- کاتی تێپەڕبوونی خانمێک بزانین، کە زۆر ئابڕووبەرانە زیادەڕەوی لە دەرپەڕینی مەمکە زەبەڵاحەکانی دەکات. بەڕێکەوتنێکی تەواو، ناوی( قەویدەمان) پێوەنا. هەرگیز لەسەر ناونانەکەی ناکۆک نەبووین، گەرچی ئێمە لەسەر زۆر مەسەلە سیاسی و مێژوویی کۆک نین، بەڵام قەوێدە، قەوێدەیە و دیمەنی ئەو لەوە زیاتر هیچ پیشەیەکی تری لێنەدەهات. واپێشان ئەدات؛ لەبەر ئەوەی ئەو لە ئێستادا پێناچێت تەمەنی گونجاو بێت بۆ ئەوەی سۆزانی بێت. دوای ئەوە ئەو کچانەی کە لە باڵەخانەکەی تەنیشتماندا دەژین، لە ژێر فەرمانی ئەمن، هەر وەک چۆن خەمڵاندمان. ئاوا کێشەکەمان شیکردەوە. ئەوەش دوای راوێژ و لێکۆڵینەوە و سێ شووشە بیرە بۆ هەر یەکێکمان.
– ئەی ئەو گەنجە ئەسمەرە بە قۆڵ و بازووە، دەبێ کێ بێت؟ نەدیم وتی.
– ئەو تاکە کەسە کە لە کاتی چوونەدەرەوە و هاتنەژوورەوە بۆ ناو تەلارەکە، لەگەل کچەکاندا دەسووڕێتەوە، هەروا شەپقەیەکی ئەمریکشی لەسەرە،  هەروەک زەنگییەکانی هاڕلم ئەمدیوەودیو لەسەری دەکات. کەواتە، بەدڵنیاییەوە ئەوە ئەندامێکی بادیگاردەی ئەوانە، تا لە کێشە و تەشقەڵە بیانپارێزێت.
هیچ گرفتێکمان لە دەستنیشانکردنی پیشەی گەنجەکە نەدۆزییەوە. ئابەم شێوەیە هەستاین بە پۆلینکردنی هەر ماڵێکی گەڕەکەکە بە گوێرەی خەسڵەتێک، یان پیشە، یان سروشتی سەرنشینەکەی، یان تەنها ئەوەندە کە چۆن بۆ ئێمە دەر دەکەوێت، ئەمانەیش چەند نموونەیەکن: ماڵی گەنجە ئاڵۆزەکە، و ماڵی خێزانە قەرەجەکە، ماڵی پیرەی مناڵکار، ماڵی تڕنە و….هتد. ئەوەی دووایین – بەتایبەت – ناوەکەیمان بە گۆترە پێوە نەناوە، چون ئێمە شەوانە هەموو ئەو دەنگانە دەبیسین کە لە پاشۆڵیەوە دێنە دەرەوە. ئەو کاتانەی لە تاو گەرمای زۆر شەوان پەنجەرەی ماڵەکەی بە کراوەیی جێدێڵێت، ماوەناماوەیەکیش پێکهاتەیەک لە میوزیکی جۆراوجور لە دەنگە پۆلیفییۆنییەکانی، لێیەوە بەردەبێتەوە،  گەرچی کابرا هەوڵ دەدات بە فێڵێکی زیرەکانە مەسەلەکە داپۆشێت،  ڕادیۆکە بە کراوەیی و بەدەنگێکی بەرزەوە جێدێڵێت. بەمەبەستی تێکەڵکردنی دەنگە تایبەتییەکانی، لەگەل دەنگی درێژەی هەواڵە جیهانییە بەردەوامەکان، هەڵبەتە هەموو ئەوانە، و سەرباری پرخەپرخە بەردەوامەکەشی. واتە سێ بە یک: تڕین، پرخە پرخ و بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان.
جارێکیان، من و نەدیم باسی دانووساندنێکی هەستەیی نزدیکی نێوان هیندستان و پاکستانمان دەکرد، لە کۆتاییدا و دوای دەیان ساڵ لەکرژیی و ئاڵۆزیی، داوای لێکنزیکبوونەوە و گەشبینی کرا لە لەنێوان هەردوو وڵاتدا، لەولاوە دراوسێ تڕکنەکەمان، هەواڵەکەی بەگشتیی بەدرۆخستەوە، بەدەنگێکی توند و بەهێز، بێ گەرد و گول، هەر ئێستا لە ئاژانسی گەدەیەوە گەیشتە لامان. کاتژمێر لە یەکی شەو نزیک ببووەوە، ئێمەش تازە خەریکبوو لە دووا قاشی شووتییەکە دەبووینەوە، کە لە نێوان قسەکردنمان بەم و بەو، و ئەمە و ئەوە دا، قڕمان کرد، کاتێک کە گوێمان لە قاژ وڤیژ و هات و هاوارێک بوو لە دەرەوە دەهات. بە نەدیمم وت: ئەم دەنگەت بیست؟ توند و تیژی پێوە دیارە .
هاوڕێکەم تەماشایەکی کاتژمێرەکەی کرد، بە دڵنیاییەوە وتی: هیچ گومانێکی تێدا نییە:
– کاتی جووتبوونی کابرای دۆمنیکانییەکە و ژنەکەیەیەتی.
– نا، هاوڕێ هاوارێکی بەهێز بوو، دەنگی شتێک بوو تێکدەشکا. بیر و هۆشمان هەروەک پرۆسێسۆری کۆمپیۆتەر کەوتەکار ، هەموو ئەگەرەکان بە کەمترین کات دەگۆڕێت. بێ دەسنیشانکردن مەزەندەی هەموو شتێکمان دەکرد، لەهەمان کاتدا دمانەوێت لایەنی کەم، لە دوو خوولەکدا پێشبینی مەسەلەکە بکەین. نەدیم سوور بوو لەسەر ئەوەی سەرچاوەی دەنگەکە ماڵی ئەو دراوسێیەمانە کە لە کۆماری دۆمنیکاوە هاتووە، لە ژمارە سیازدەی جادەکە؛ دەبیسین کاتێک کە لە هەفتەیەکدا، زیاتر لە دووجار لەگەل ژنە گەنجەکەیدا جووت دەبێت، و هەردووکیشیان دەنگی بیسراو دەردێنن.
گەرچی من دڵنیابووم کە سەرچاوەی دەنگەکە، لەوبەری ماڵە ژمارە سیازدەکەوە بوو، کە هەر لەو تەلارە، چەند خێزانێکی بچووک هەن، هەروا گەنجێکی تەنیاش، کە تاقە ژوورێکی لای کەسێکیان بە کرێ گرتبوو.
– ئەی گوێت لە دەنگی شکانی شوشە نەبوو، نەدیم؟
با کەمێک لۆژیک بین، ئایا ئەوەی لەگەل ژنەکەیدا جووت بێت قاپ و قجاغ دەشکێنێت؟!
– ڕەنگە. کێ جووزانێت؟! مرۆڤەکان هەندێ جار خووی سەیر سەیریان هەیە. نەدیم وتی.
– بەڵام تاکە هاوارێکی بەهێز بوو و کۆتایی هات، هاوڕێ. وەک ئەوە وابوو کەسێک داوای یارمەتی بکات، یان کەسێک بکەوێتە بیرەوە.
ڕاستە،  ڕێک وابوو ، وەک ئەوەی کەسێک بکەوێتە بیرێکەوە، دەنگە دەنگێکی بەهێزیشی تێکەڵ بوو، لەگەل هاڕەی تێکشکانی هەندێ قاپ و قاجاغ. هەر ئەوەندەمان بیست. شنەباکەی ئەم شەوە خۆش و ناوازە بوو، مانگیش لەوپەری تەواویی و بازنەییبوونیدا بوو. مانگێکی زێوین بوو وەک ئەو لولە ڕووناکییە زەبەڵاح و بەهێزانەی کە بۆ وێنەگرتنی دیمەنە سینەماییەکان بە کاریدێنن، ئەو شەوە هەر وەک ئەوە وابوو هەموو شتێک لەگەڕەکەکەدا ئامادەکرا بێت بۆ ئەوەی ببێتە شانۆی ڕووداوێکی گرنگ. هەموو شتێک ڕێک وەک هەر شەوێکی تر، بە باشی دەهاتە پێش چاو، گەر ئەو هاوارە سەیرە نەبووایە کە سەری لە من و هاوڕێکەم شێواند. چەند کاتێکی ئاڵۆز تێپەڕی، ئێمەش لەم لاوە سەرقاڵی شیکردنەوە دۆخەکەین. لەپڕ لاوێکی باڵابەرزمان دی بە پێی پەتی بە نێو جادەکەدا ڕادەکات و بە ژێر بالەکۆنەکەماندا ڕتبوو، بەرەولای پێچی کۆڵانەکە، تا لە بەرچاو ون دەبێت.
نیشانەی سەرلێشێوایی و لەدەسدانێکی سەیر بە ڕواڵەتیەوە دیار بوو، چاوەکانیشی لە وێنەیەکی ترسناک هەڵاتبوون. کەسێکی قۆز و باڵایەکی ڕێکی هەبوو، هەر لە سەماکارانی فلامینکۆ دەچوو، تەنها پانتۆڵێکی ڕەشی لەبەر بوو. بەشی سەرەوەی لەشی رووت بوو، بە نەرمییەکی ئەفسووناوییوە ڕایدکرد، هەروەک ئەوەی بەسەر هەورێکدا غاربدات.
– تەماشا، تەماشا، ئەوە بکوژەکەیە. خێرا و بە متمانەوە بە نەدیمم وت.
-ئۆۆۆف. وادیارە هەر بە ڕاستی کارەساتێک ڕوویداوە. بەڵام؛ کێ کێی کوشتووە؟ نەدیم ئەمەی بە دەنگیکی تاساوەوە وت.
– وام بۆ دەردەکەوێت کە ئەم گەنجە، ژنەکەی یان هاوڕێکەی خۆی کوشتووە و هەڵاتووە. مەسەلەکەم بۆ شیکردەوە، و درێژەم پێدا. وتم: ئەی نیگا ونبووەکانیت نەدی؟
– بەڵام؛ لە کوێوە دەرچوو؟ ئایا بینیت لە یەکێک لەو  باڵەخانانەوە دەرچێت؟
– بەڵێ، لە دەروازەی ژمارە هەژدەوە دەرچوو. لەوێوە کە زیاتر لە خێزانێکی کۆڵەمبی تێدا دەژین. بینیم لەوێوە دەردەچێت، یان ژامارە هەژدە یان بیست بوو. ناشزانم چۆن چۆنی توانیم لەمەودای بیست مەترەوە چاوەم بەر نیگای تێپەڕیوی بکەوێت، لەکاتێکدا جادەکە تەنها چەند گڵۆپێکی کەمی تێدا داگیرسابوو. بەڵام ئەوە تایبەتمەندیی وخێرایی ڕەوتی ڕووداوەکانە، حەزێکە بۆ  پەنجەدانان لەسەر ڕاستییەکان و هیچی تر.
دوای کەمتر لە یەک چرکە لە ڕاکردنی گەنجەکە، ژنێکم بینی لە هەمان باڵەخانەوە دێتە دەرەوە، و بە دەنگێکی بەرز بە موبایل قسەی دەکرد. لە نێو چەقی جادەکەدا ڕاوەستابوو و بە چەند وشەیەکی ناڕوون هاواری دەکرد. کەس لێی تینەدەگەیشت. وشەی “کوشتی” دووبارە دەکردەوە. وادیاربوو پەیوەندی بە پۆلیسەوە دەکرد، یان بە کەسێکی نزیکی کوژراوەکەوە. هات و هاوارەکەی لە موبایلەکە، بوو بە گریان و ناڵە. کەم کەم، دەنگی جیڕەی هەندێ پەنجەرەمان دەبیست دەکرایەوە، و دراوسێکان سەریان لێوە دەهێنایە دەرەوە. هەندێک سەری دەرهێنا و گەڕایەوە  بۆ خەوەکەی، هەندێکی تریشیان وەک ئێمە بۆ ماوەیەکی درێژتر چاودێریی دۆخەکەیان دەکرد.
لەگەل دەنگی ناڵەی ئەو خانمەی کە بە تەلەفۆن قسەی دەکرد، و لە کۆتاییدا داڕووخا و لە سەر زەویەکە دانیشت، دڵنیا بووین کە ڕووداوی توندوتیژی ڕوویداوە، هەروا دانیشتنی ئەو شەوەمان درێژخایەن دەبێت. هێشتا چەند چرکەیەکی کەم تێنەپەڕیبوو سێ چوار گەنجی لاتینی گەیشتنە کۆڵانەکەمان، روویان کردە ئەو خانمەی کە دەگریا.
بەم شێوە کۆڵەمبی و ئوکوادۆری و دوومنیکانییەکان قەتاریان بەست. بە دەنگێکی بەرز و بە شێوەزارێکی تێکەڵاوی وڵاتانی ئەمریکای باشوور و ناوەڕاست قسەیان دەکرد. ئۆتۆمبیلێکی پۆلیس گەیشت، لە لاکەی تریشەوە، یەکەکەی دیکەش گەیشت، دواتر تۆتۆمبیلی فریاکەوتنەکەش گەیشت.
– تەماشای ئەندامانی پپۆلیس بکە کە زۆر بە هێمنی و لە سەرخۆ لە ئۆتۆمبیلەکانیان دادەبەزن و بەبێ پەلە دەچنە تەلارەکەوە. بە نەدیمم وت.
– ئی ئەوە مانای چییە؟ نەدیم لێمی پرسی.
– ئەوە مانای وایە، پێش گەیشتنی پۆلیس هەموو شتێک کۆتایی پێهاتووە. چونکە ئەگەر بکوژێک هەبووایە، و خۆی لە تەلارەکە یان لە جادەیەکی نزیک  حەشاردابا، ئەوا ئەندامانی پۆلێس بە وریاییەوە دادەبەزین و خێرا هەموو ڕێڕەوی جادەکانیا دەبەست. وەکو لێکدانەوەیەک وتم.
– قسەکەت ڕاستە بەڵام خانمەکە لە تەلەفۆنەکەدا دەیوت کوشتن، یان بکوژ. نەدیم بە گومانەوە وتی.
– بەڵێ، لەوانەیە، ئەو گەنجەی کە ڕایدەکرد، بکوژەکە بووبێت.  یان ڕەنگە تاوی داوە تاکو کەسێک لەو بابەتە ئاگادار بکاتەوە، یان ڕەنگە دیمەنی خۆێنی بینێبێت و لەترسا هەڵاتبێت، نازانین.
خەریکی لێکدانەوە بووین، ئەگەرە نەگونجاوەکانم دوور دەخستەوە، دووایی پەیتا پەیتا خەریکبوو لە ڕاڤەکردنی مەتەڵەکە نزیک دەبووینەوە. ئەوەی ئێمە بۆی چووین ئەوەیە کە کەسێک کوژراوە، ئەو خانمەیش پۆلیسی ئاگادار کردەوە و ئەو گەنجەش کە ڕای دەکرد، چوو هاوڕێکانی ئاگادار بکاتەوە، وادیارە بابەتەکەیش بە تەواوی کۆتایی پێهاتووە. بەڵام هەموو ئەمانە وڵامێکی یەکلاکەرەوە نەبوون، تا یەکێک لەو لاوانەم بینی کە لە سەر جادەکە بڵاو ببوونەوە، دوو پەنجەی دەخستە لا جانگی، وەک ئەوەی گولەیەک بەسەر خۆیەوە بنێت، ڕووداوەکەی بۆ هاوڕێکەی دەگێڕایەوە.
ئا لێرە بۆم دەرکەوت – هیچ گومانێکی تێدا نییە – کەوا کەسێک خۆی کوشتووە.
– ئایا بینیت؟ دوو بەنجەی خستە قەد سەرخۆی وەک ئەووی تەقە بکات. ناوی خوسێهشی هێنا.
– ڕێک وایە، لە کەسێک زیاترم گوێلێبوو کە ئەم ناوەی دووبارە دەکردەوە. نەدیم وتی و چاوەکانی دەدرەوشانەوە.
– کەواتە ناوی کوژراوەکەمان دەسکەوت.
– ڕەنگە بکوژەکەش. نەدیم وتی.
– نەخێر هاوڕێ، خۆسێە خۆی کوشت. ئەمەیە چیرۆکەکە. هەر بۆیەش پیاوانی پۆلیس زۆر بەسەرخۆ لە ئۆتۆمبیلەکانیان دادەبەزین.
خۆسێە دەستی لە خۆی چوو، خۆسێە خۆی کوشت . ئەمە ئەو دەستەواژەیە بوو کە هەمووان وردە وردە بە دەنگێکی بەرز، دەستیان کرد بە دووبارەکردنەوەی، تا لە نێو ئەو هەموو گروپە بچووکانەدا کە لێرە و لەوێ درووست بوون، بڵاوبووەوە، و بوو بە ڕاستییەکی جێگیر.
گوێمان لێیان بوو وشەی ناوگەڵیان، بێتام باکار دەهێنا.  لە نێوانی دوو وشەدا وشەی (ناوگەڵ)یان دادەنا و ناوی خۆسێهیانیش دەخستە پاڵی، وەکو دەربڕینێک بۆ ناڕەزایی و توڕەیی و ئازار. ئا لێرە شتێکی خەندەدارم هاتەوە بیر، کە پەیوەندی بە وەرگێڕانی عەرەبییەوە هەیە. بۆ وەرگێڕانی هەندێ وشە، کە لە فیلمە ئەمریکییەکاندا زۆر دووبارە دەبێتەوە، ئەویش وشەی (ناوگەڵ، گان، گوو. هەموو ئەمانە بە: نەفرەت! ( اللعنة) وەردەگێڕدرێن. گەرچی خەڵکانی وڵاتی خۆمان لە ژیانی ڕۆژانەیاندا هەمان ئەو وشانە بەکار دێنن، کوت و مت ئەوانەی کە لەچاپى ئەسڵیى فیلمەکەدا دەوترێن.
بە نەدیمم وت: ئایا دەزانیت بەتەنها لە فیلمی Scarface دا وشەی Fuck دووسەد و حەوت جار دووبارەکراوەتەوە، زیاترشی لە سەر زاری (ئالپاچینۆ) بووە، کە رۆڵی بازرگانێکی لاوی مادەهۆشبەرەکانی کوبای دەبینی؟
– ئەوەم بەلاوە سەیر نییە، چۆنکە ئەمانە خەڵکی هەمان ئەو دوورگەیەی ئەوانن. نەدیم ئەمەی وت و بە سەر ئاماژەی بەو کۆمەڵە لاتیینیانەی ژێرەوەمان دا.
ئێمە لە سەرەوە تەماشای دیمەنەکەمان دەکرد، لە پێشهەیوانە بچکۆڵانەکەمانەوە هەر وەک دادوەرانی یاریی تەنس. هەوڵ ئەدەین هەموو ئەو وروودەکارییانەی کە پەیوەندییان بە ڕووداوەکەوە هەیە کۆبکەینەوە،  ئێمە دەنگی ئەو تەقەیەمان بیست کە خۆسێهی کۆڵومبیی بە خویەوە نا؛ تاکو سەری بپێکێت و دەم و دەست کۆتایی بە ژیانی خۆی بێنێت.
لەو کۆمەڵە خەڵکەی کە لە ژیر بالەکۆنەکەمانەوە چیرۆکی بەسەرهاتەکەیان دگێڕایەوە،  زانیمان ناوی خۆکوژەک  خۆسێە بۆیەنابیدایە، و بەڕەگەز کۆڵومبیاییە.  ناوی بنەماڵەکەی بۆیەنابیدایە، کە واتای: ژیانی باش یان ژیانێکی بەختیار، دەبەخشێت، ئەوەش ئەنجامەکەی.  زانیمان گەنجێکی تەنها بوو، کاری سەرتاشی دەکرد لەناوچەکە. ئەوەشمان زانی کە بەهۆی کاریگەری تەقەکەوە، بەشێک لە کەلەسەر و میشکی پژاوە و خوردوخاش بووە.
– تەماشاکە ئەو پیاوە ڕێک لە بن بالەکۆنەکەمان میز دەکات. بە نەدیمم وت.
– بەڵێ، پاش کەمێکی تر شوێنەکە دەبێتە میزخانەیەکی گەورە. ئەمانە ئەوکاتەی کە هەواڵەکەیان بیست، هەموو لە سەماخانە و باڕە نزیکەکانی دەور و بەرمانەوە هاتن. بێگومان ئەوان هاوڕێی لاوە خۆکوشەکەن. نەدیم ئەمەی وت و نیشانەی قێز، بە رووخسیاریەوە دیار بوو. دووای زیادبوونی ژمارەی ئەو کەسانەی کە بۆ کونجکاڤی لە گەڕەکەکانی دەور وبەرەوە گردبوونەوە و هاتن بۆ گەڕەکەکمان، پۆلیسەکان بەمەبەستی دوورخستنەوەیان لە شوێنی ڕووداوەکە، بەربەستی شریتیان دانا. سێ کاتژمێری تەواو تێپەڕی، ئێمەش چاودێری هەموو ورد و درشتێک دەکەین. جەماوەرێکی خەڵک لە پێش ماڵی خۆسێە بۆیەنابیدا گردبووەوە، گومانی تێدا نیێە، لای یەکێک لەمانە، تا خۆسێه لە ژیاندا بوو، نە کات و نە حەوسەڵەی تەواویان هەبووە، تا گوێ لە کیشە گەورەکەی بگرن. خەیاڵم دەکردەوە کە ئەو ئێستا بەدوای هاوڕێیەکدا دەگەڕێت متمانەی بە بۆچوونەکانی هەبێت، یان دایکە دوورەکەی لە باوەشی بگرێت، یان باوکی کە لە خێزانەکەی جیابووەتەوە، تەنانەت گەر بۆ یەکجاریش بێت لە ژیانیدا، بێت و ماچێکی روومەتی بکات.
– دەنگی تەقەکە ڕوون بوو نەدیم، هەرچەندە ئێمە وامانزانی لێدانی دەرگایەکی ئاسنین یان پلێتە. لەڕاستیدا دەنگی تەقە زۆر لەگەل دەنگی ئەو تەقانە کە لە فیلمە کابۆیەکاندا هەن، جیاوازە. بە نەدیمم وت.
– بەڵێ، وایە. بەڵام ڕاستیت پێبڵێم من گوێم لە دەنگی هیچ تەقەیەک نەبووە، تەنانەت دەنگی هاوارەکەشم  بەشێوەیەکی ڕوون نەبیستووە.
– دان بەوەدا دەنێم نەدیم، من سەرخۆش بووم، ئەوکاتانەی کە سەرخۆش دەبیت، بەباشی نابیسیت. نەدیم بە قسەکەم پێکەنی و بە بەرگرییەوە وتی: ڕاستە؟ ئایا بەڕاستی من وام؟
-بێگومان تەنها ئەوەی حەز دەکەی بیبیسیت، دەیبیسیت. ئەوجا پێموتی ئەوە دەنگە دەنگی توندوتیژییە، شتێکی نائاسایی قەوماوە، پێت وتم ئەوە کابرای دۆمنیکانییە لەگەل ژنەکەیدا ڕادەبوێرێت. دوای بەسەرچوونی ماوەیەک و غەڵبەغەڵب و وتنەوەی دەستەواژەی “ناوگەڵ” لەو لاوانەی کە لەژێر بالەکۆنەکەماندا گردببوونەوە، بیستمان کە هۆکاری داماویی و خۆکوشتنەکەی خۆسێە ئافرەتێکە. یەکێکیان وتی: ئەو شێتە کارەکەی کرد، ئەو گەمژەیە کارەکەی ئەنجامدا، ئەو زۆر خۆشی دەویست، بەرگەی جێهیشتنی نەگرت. یەکێکی تر وتی: کچەکە نزیکەی دوو مانگ دەبێت خۆسێهی جێهیشتووە، بەدرێژایی ئەم ماوەیە دەمبینی کاریگەریی زۆر  لەسەر کارەکەی هەبوو. هەموو شەوێک سەرخۆش دەبوو، زۆر جار لە کارەکەی دووادەکەوت. سێیەمیان وتی: ئەو شێتی ببوو، بەڵام خۆشەویستیی لەناوی برد. هەموو کەمژەکان ئاوا ڕەفتار دەکەن. ئێستا چی بە دایکی بڵێین؟
دیانویست دەم ودەس دایکی لەو هەواڵە لەکۆڵۆمبیا  ئاگادار بکەنەوە. لە ڕاستیشدا توانییان ژمارەکەی دایکی، لە یەکێک لەو خزمانەی خۆکوژەکە کە لە نێو جادەکەدا بە کرژیی دەهات و دەچوو، وەربگرن. پەیوەندییان بە دایکیەوە کرد، خۆشبەختانە تەلیفۆنەکەی داخڕابوو.
بیستم یەکێکیان دەڵێت: با لێیگەڕێین تا سبەی، یان با هەندێ خزمی خۆسێە لە بۆگۆاتا ئاگادار بکەینەوە تا مەسەلەی هەواڵەکە پەیتا پەیتا بگەیەننە دایکی. دانشتنەکەی ئەو ئێوارەیەمان بە مەرگی خۆسێە بۆیەنابیدا بە خراپترێن شێوە کۆتایی هات، سەرخۆشییەکەمان فڕی، جوگرافیای جیهان و سیاسەتەکەیمان لە بیرکرد، چیرۆکی ئافرەت و پاشەوەکانیان و شیوەکانی تاشین و “پیرسنگ”دانان کە لە شوێنی هەستیار جێگیر دەکرێت، گشت ئەنانەمانە خستەلاوە، گەڕانی ئەو شەوەمان تەنها لە سەر مردن و کاردانەوەکانی بوو.
هەر چییەکمان لەسەر خۆکوشتن و پاڵنەر و هۆکارەکانی دەزانی، وتمان. هەوڵماندا وێنەیەکی وردی ژیانی ئەو گەنجە مردووە بکێشین هەر لە سەرەتای لە دایکبوونیەوە لە گەڕەکێکی هەژاری کۆڵومبیایی، لە بۆگۆتای پایتەخت، تا گەیشتن بە دیرۆکی خۆکوشتنەکەی و فیشەک بە خۆوەنانەکەی ئەمڕۆی، لێرە، کە هەر ئەمشەو کۆتایی بە کارەساتە تایبەتییەکانی خۆی هێنا. وەک ئەوەی بە فیشەگێک داوەتنامەی ماڵاویی خۆی بۆ هەموو ئەم کۆمەڵە هاوڕێ و ناسیاو و کونجکاڤانە ناردبێت. مردن شکۆ و ترسێکی سەیری هەیە، کونجکاڤییەکی سەیر لە ناو زیندووەکاندا دەوروژێنێت، وەک ئەوەی کاتێک کەسێکمان گوێی لە مەرگی کەسێکی نزیکی دەبێت، سەیری نموونەیەکی کورتی فیلمی کۆتایی کەسیی خۆی دەکات، ئەوەی کە ڕۆژێکی نادیار  هەر هەموو بە تەواوی دەبینێت.
هیچ کەسێک جادەکەی جێنەهێڵا، ئێمەش بالەکۆنەکەمان جێنەهێشت تاکو هەموومان دڵنیا بووین و بە چاوی خۆمان پرۆسەی دەرکردنی تەرمەکەی خۆسێە بۆیەنابیدامان نەبینی، کە کاتژمێر پێنج و چارەکی دەم بەیان لەناو کیسەیەکی سپی لە دەروازەی باڵەخانەی ژمارە هەژدەوە، لەسەر کورسیەکی پاچەکەداری تایبەت بە گۆاستنەوەی مردووەکان دەرکرا  تاکو بخرێتە ناو ئۆتۆمبێلێکی ڕەشەوە، کە لە سەری نووسرابوو “پۆلیسی دادوەریی” لە نێو چەقی جادەی سانتاماریا خۆسیفا دیل کوراسۆن دی خیسوس وەستا بوو، ئەوەی کە ناوەکەی: “چیرۆکە سەیر و خەماوییەکانی ئاریندیرای بێتاوان و داپیرە دڵڕەقەکەی” م بیردێنێتەوە، ئەو ناونیشانە درێژە هی  یەکێک لە ڕۆمانەکانی مارکیزە.
سبەی ئێوارەکەی، کە لە لولەی میترۆی ئالباردۆو لە ناوەندی شارەوە دەردەچووم، بەرەو ماڵ دەگەڕامەوە، لە تەنیشت دوکانی سەرتاشخانەکەی خۆسێەوە تێپەڕیم. بینیم کراوەتەوە و بە کۆمەڵێک مۆم ڕووناککراوەتەوە، لەگەل وێنەیەکی گەورەی ،  کە هاوڕێکانی بۆیان بە ڕووبەری جامی دوکانەکەیدا چەسپاندبوو، لەگەل ژمارەیەک پاڕچە کاغەزی بچووک و ڕەنگاوڕەنگ، بە دەوروبەری وێنەکەیەوە، لکابوو، تێدا وشەی خۆشەویستی و داخ و حەسرەتیان نووسی بوو. ئەوەی سەرسامی کردم، دەنگی میوزیکی سەمای سالسای شاد بوو، کە لە دوکانەکەوە دەردەچوو و کەش و هەوای ئاهەنگ ئەو شوێنە بۆ بۆنەیەک کە دەبوو ماتەمێنی بوایە. ئەم خەڵکە بەشێوەیەکی زۆر سەیر بۆ ژیان و مردن هەر ئاهەنگ دەگێڕن. بینیمن شەراب دەخۆنەوە، پەرداخەکانیان پێکدا دەدەن و لەسەر شەرەفی ڕوحی مردووەکە دەخۆنەوە. هەندێکیان بە بێدەنگی پێچراوەی ماری گوانا دەکێشێت وەک ئەوەی هاوڕێ مردووەکەیان بۆ پیاسەیەکی کورت چووبێت. کاتێ گەیشتمە ئەو جادەیەی کە تیای دەژێم، بینیم دوو گەنج ئەو نەختە کەرەستانەی خۆسێه بۆیەنابیدا لە دەرگای شوێنی نیشتەجێبوونەکەیەوە دەردێنن. تەنها دوو جانتای سەفەری گەورە و هەندێ عەلاگەیە. دوێنێ خۆسێە بەرەو نەمان سەفەری کرد، ئەوتا بۆ بەیانییەکەی جانتا و شتومەکەکانی بە جیاوازی چەند کاتژمێریکی کەم، ئەوانیش سەفەر دەکەن. پێدەچێت مردن له هەموو گەشتەکان باری سووکتر بێت، مردوو تاکە گەشتیارە کە پیویستی بە هیچ جانتایەک نییە. ناویشی لە سەر سنووقی پۆستەی باڵاخانەکە دەسڕنەوە و ئاگادارییەک دادەکووتن کەوا ژوورێکی بەتاڵ هەیه بۆ کرێ، ئەوە هەموو شتێکە. بە ئاسانی. یارییەکە تەواو بوو.
چوومە شوقەکەوە، گوێم لە نەدیم بوو لە ژێر دووشی حەمامەکە گۆرانییەکی عێراقیی هەفتاکان دەڵێتەوە، لە کاتێکدا ئەز ڕاستەوخۆ چووم بۆ بەلەکۆنەکە، بەدوای   ئەو کۆمەڵە خەڵکەکەدا دەگەڕام، کە دوێنی شەو تا پێنجی  بەیانی لەسەر جادەکە کۆبووبوونەوە، وەک ئەوەی هێشتا بڕوام نە بە بینینی ئاهەنگی تازییەباری و نە مۆمی ماڵاوایی و نە دیمەنی جانتاکان کردبێت، لە سەربانەوە جگە لە قەوێدە مەمک زلەکە، کە لە کات و ساتی خۆیدا لێرەوە بە خۆبادانەوە گوزە دەکات و سەگێکی چکۆڵەی تووکنی جۆری یورکشایرشی لە باوەش گرتووە و ملوانکەیەکی پێستی بە بەردی شوارۆفسکی نەخشێنراوەی لەمل کردووە، لە کاتێکدا سەری بە قردێلەیەکی پەمەیی بە شێوەی پەپوولە گرێداراو، ڕازاندبووەوە، کەسێکی ترم نەبینی.
کۆتایی

خالید کاکەیی
شاعیر و چیرۆکنووس و وەرگێڕ، ساڵی1971لە شاری کەرکوک لە دایکبووە، هەر دوو ڕەگەزنامەی عێراقی و ئیسپانی هەیە.
1992یەکەمین بەرهەمی شیعری لە رۆژنامەکانی بەغدا بڵاوبووەتەوە.
1993بەکالۆریۆسی لە زبان و ئەدەبی ئیسپانی بە سەرکەوتوویی لە کۆلێژی بەغدا بەدەسهێناوە.
1996ماستەری لە ئەدەبی ئیسپانی کۆلێژی ئۆتۆنۆمای مەدرید وەرگرتووە.
لە ساڵی (1996)وە لە شاری مەدرید دەژێت.
جگە لە بواری نووسین، لە بواری هونەریشدا دەستی باڵای هەیە، بۆ نموونە له بواری میوزیک و وێنەکێشان، تا ئێستا چەندین پێشانگای کردووەتەوە و دەیان پارچە میوزیکی لە دانان و ژەنینی خۆی تۆمار کردووە . ژەنیاری ئامێرەکانی عود و کیبۆردە.
 چەند کتێبێکی بەم ناوانەوە چاپ کردووە:
1998 بلاحذر  _ دار الواح _ مدرید.
2001 هوامش الحارس، دەزگای ئەلف بۆ بڵاوکردنەوە، مەدرید .
2005 اقفاص فی طائر ، دەزگای ئەلفینیق بۆ بڵاوکردنەوە_ قاهیرە_ میسر.
2003 السلام و الکلمة، مەدرید- ئیسپانیا،  دەزگای بڵاوکردنەوەی ئۆدیسیا، لە مەدرید بە زبانی ئیسپانی.
2005 لعنة جلجامش، بەرشەلۆنە، دەزگای بڵاوکردنەوەی لاتیمبستاد. لە کەتەلونیا و ئیسپانیا.
2006 تحية ولا خطوة الى الوراء، مەدرید دەزگای بڵاوکردنەوەی تیمبۆ دی سیریسیاس بە ‌زبانی ئیسپانی.
 2006 ضفاف دجلة کاراکس فنزویللا، دەزگای بڵاوکردنەوەی بێزۆ ئای لارانا، بە زبانی ئیسپانی.
2009 مختلفون آخرون من میسوبوتامیا_ قەڕتەبە _ئیسپانیا لە بڵاوکراوەکانی( البیت العربي) لە مەدرید بە زبانی ئێسپانی.
2011 رماد شجر الرمان_(شیعر)، دار الفالفا للنشر ، بە هەردوو زبانی عەرەبی و ئیسپانی چاپکراوە. هەروا هەمان ئەو کتێبە، دووبارە ساڵی 2015 لە بەلجیکا بە زمانی هۆڵەندی چاپکرا.
هەروا بەشداری لە چەندین ئۆنتۆلۆژیای شیعریی تری کردووە، لەوانە:
2013 سبعة شعراء عرب معاصرون _  ئیسپانیا _ مەدرید_ سەر بە دەزگای بڵاوکردنەوەی (بیربۆم). بە هاوکاری بڵاوکراوەکانی فالفا.
خەڵاتەکان:
 2012 خەڵاتی گەورەی جیهانی شیعر. خەڵاتی یەکەم، لە نێو 41 شاعیری جیهان، لە ڤستیڤاڵی (لە یادی شیعر ) رۆمانیا.
1997 خەڵاتی (الشرق الاوسط) رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڤاری “الشرق الاوسط” لەندەن.
 هەروا ئەم چەند چیرۆکەیشی چاپ کردووە:
2017 انتحار خوسیە بوینابیدا _کۆمەڵە چیرۆک _ لە بڵاوکراوەکانی ( المتوسط ) میلانۆ – ئێتالیا.
2005 مهد المرایا المتقابلة، لە بڵاوکراوەکانی (الاهلیة) بەغدا عێراق.
2016 العراق+ 100 _ دەزگای کۆماپرسی جیهانی، لەندەن. کتێبێکی چیرۆکە بە هاوبەشی لەگەل نۆ کتێبی تر، پاشان ئەم کتێبە بە چاپێکی عەرەبیش لە لایەن دەزگای (ٲلكا بۆ بڵاوکردنەوە)، چاپ کراوە.