فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

کفنی پێش لەدایکبوون

کفنی پێش لەدایکبوون

نوری بێخاڵی/ شاعیر/ ڕواندز

کفنەکەت ببە و بڕۆ
کات خەریکە تێدەپەڕێت
بۆ ئەوەی جێ نەمێنیت
ئاوڕ لە دواوە مەدەوە و
چاوەڕێی کەس مەکە
بە ئاراستەی خۆرئاوابوون بڕۆ
بڕۆ و
کفنەکەت بکە چەتری سەرت
شوێنەکە دوورە
خێرا پێ هەڵگرە
باڵی حەوسەڵەت بشکێت،
باشترە لە چێژی حەسانەوە
پێیەکانت دابخورێن چاکترە،
تا کوێربوونی چاوی چاوەڕوانییت
بڕۆ و
کفنەکەت بکە توێشووی ڕێ
بڕۆ،
بۆ پشوو،
شەوێک لەناو کەوێڵێک
شەوێکی تر لەژێر ڕەشماڵێک
یەکێکی دی لەسەر گابەردێک
شەوێکیش لەبن تیوەڕە شاخێک بەسەر ببە
بڕۆ و
کفنەکەت بکە سەرین
کفنەکەت ببە و بڕۆ
ئەگەر خەونێکت هەیە،
بۆ بایەکی بگێڕەوە کە ڕێی ون کردووە
ئەگەر نزایەکت هەیە،
لە نێوچەوانی بێوەژنێکدا بینووسەوە کە ڕەشترە لە تاریکی
ئەگەر گۆرانییەکت هەیە،
بە دەمی ڕووبارێکی بسپێرە کە ناڕژێتە هیچ کوێیەک
کفنەکەت ببە و
خۆت و نهێنییەکانت بە نادیار بسپێرە
کفنەکەت ببە و بڕۆ
بیر لە داهاتووی شار مەکەرەوە،
شارێک،
گەڕەکێکی چراخان و دەیانی تاریکستان
بەرێکی بەهەشت و سێ بەشی دۆزەخ
چەقی کەلاوە و خۆرئاواکەشی کۆشک
بە خۆی غەریب و بە غەوارە ئاشنا
کفنەکەت ببە و
گۆڕغەریب بە
کفنەکەت ببە و بڕۆ
با وەک مانگ،
لە داخی ئەو گەڕەکانەی خۆشەویستییان تیا قاتە و
پەنجەرەی خانووەکانیان گۆڕی چرای خامۆشە
لە تاو ئەو کۆڵانانەی خاڵین لە ئەوین و
هەناسەی دەرگای چاوەڕوانیی ماڵەکانیان سوارە
زەردوویی نەگریت
کفنەکەت ببە و
لە لووتکەیەکدا لەگەڵ خۆر ئاوابە
کفنەکەت ببە و بڕۆ
لە دەرەوەی شوێن
لەناو دەماری درەختێکی پیری هەڵچوودا
جێی خۆت بکەوە
با دارکونکەرە دەنووک لە دڵی بەختەوەریت بدات
کفنەکەت ببە و
لە دارستانێکدا ون بە
کفنەکەت ببە و بڕۆ
دەنا لە هەموو شت وەڕز دەبیت
لە شوێنکات
لە کازیوە و زەردەپەڕ
لە سپێدە و ئێوارە
لە ڕۆژ و شەو
لە ڕۆشنایی و تاریکی
لە بەختەوەری و بەدبەختی
لە دڵخۆشی و دڵتەنگی
لە بۆنی زەوی و بەرامەی ئاسمان
لە لووتکەی چیا و پێدەشتی بەرین
لە ڕەوتی ڕووبار کە خوڕەی لێ جێدەمێنێت
چیتر شتێک نامێنێت هیواخوازی بیت
کفنەکەت ببە و
لە ناشوێنکاتدا بمێنەوە
کفنەکەت ببە و بڕۆ
هەتا خوێنی دڵت شەپۆل دەدا و
ئێسکەکانت نەپووکاونەتەوە
تا ئارەق دەردەدەیت و
پەنجەکانت هەستی بۆنکردنیان ماوە
هەتا چاوەکانت چران و
پێیەکانت ڕێگا دەناسنەوە
تا سەرت هێزی سەودایی و
ڕۆحت وزەی فڕینی تێدایە
کفنەکەت ببە و
لەسەر بڕست و تاقەتت بمرە
کفنەکەت ببە و بڕۆ
دوور لە چاوی خەڵک
لە دوورگەیەکی دوورەدەست
لە شەوێکی نوتەک
لەناو گەردەلوولێکی پێچاوپێچی هەڵچوودا
بوراق ئاسا بۆ ئاسمان هەڵکشێ
کفنەکەت ببە و
لە قاپیی عەرشدا،
مەبەستم، لە بۆشاییدا بمرە
کفنەکەت ببە و بڕۆ
لەدایکبوون کۆتایی و
مردن سەرەتایە
ئەوەی جوانیی بە کانی دەدات قوڵپدانی نییە،
وردە زیخی زیوینی ناخیەتی
ئەوەی واتا بە دەریا دەدات شەپۆلەکانی نین،
مروارییەکانی ناو دڵین
کفنەکەت ببە و
نقووم بە و لە قووڵاییدا بخنکێ
کفنەکەت ببە و بڕۆ
بیر لە ڕزگاربوون مەکەوە
ژیان دووبارەبوونەوەیەکی ڕەزا قورس و
مردن کەنارێکی ئارامی بێ کۆتاییە
دڵ ناتوانێت ببێتە کەنار
بەرگەی زەبری شەپۆلەکانی خەمۆکی ناگرێت
دڵ ناتوانێت ببێتە بەندەر و
کەشتیی زەبەلاحی خەم تیایدا لەنگەر بگرێت
کفنەکەت ببە و
لە بیاباندا بە شوێن ئاوی نەمریدا بگەڕێ
ژیان کفنە،
کفنی پێش لەدایکبوون
کفنی پێشوەختە ئامادەکراو بۆ مردن
بۆ ئەوەی درەختی نەمریی بەر نەگرێت،
دەبوو ژیان خوێنی لەبەر بڕوات و
تاکوو خەون پڕ نەبێت لە پێکەنین،
دەبوو سەرینەکان تژی بن لە چیڕۆکی ترس
خەون مۆتەکە و
ئومێد تابووتە،
تابووتی سەر شانی ژیان و
هەتا خوێنبەربوونی مەرگ،
ژیان ماڵیی ناکرێت!