فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بزمار

بزمار

چیرۆک: عەلیڕەزا ڕۆشەن
وەرگێڕانی: مریم کاکەیی / نووسەر/ ئەلمانیا

حکوومەت زۆری کردبوو کە جگە لە فەرمانگە و ناوەندە سەربازیی و دەوڵەتییەکان، دەبێت وێنەی شا لە سەر دیواری دوکانەکانیش هەڵبواسرێت. بۆیە کاک عەلی، شاگردی شیرینیی فرۆشەکە بە پێی ئەو فەرمانە دەوڵەتییە، چوو لای مام کەریم کە کەرەستەی یەراق فرۆشی هەبوو، بزمارێک بێنێت تا لە سەر دیواری دوکانی خاوەن کارگەکەی دایکوتێت و ێنەکەی پێدا هەڵواسێت. مام کەریم بزمارێکی لە نێو سنووقی کەرەستەکان دەرهێنا و دایە دستی کاک عەلی و پێیوت: ئەمە ئاڵمانییە، دایک و باوک دارە. لە نێو سنووقی کەرەستەی ئەندازیارە ئاڵمانییەکانی هێڵی شەمەندەفەرەکە هێناومە، سەد ساڵ تەمەن دەکات.
کاک عەلی وتی: تەمەنی پاشا دەگاتە تەمەنی ئەم بزمارە؟
مام کەریمی یەراق فرۆش وتی: قسەی سیاسی مەکە کوڕە باوکت ئەسوتێنن.
ئیدی! کاک عەلی بزمارەکەی هەڵگرت و چوو بۆ دوکانی وەستاکەی و تەبڵەیەکی نایە ژێر پێی و سەرکەوتە سەری، ئەو بزمارە کە بە ددان گرتبووی لە نێوان ددانەکانی دەریهێنا و لە سەر دیوارەکە دایکوتی  و چوارچێوەی وێنەکەی ئاوێزان کرد، بەڵام دوو ساڵی بەسەر  تێنەپەڕی بوو کە جەنگی جیهانی داگیرسا و هێزەکانی هاوپەیمانان، شای نیشتمانیان بە هۆی لایەنداری لە ئاڵمانییە نازییەکان لە دەسەڵات لابرد. بەرەو ئەفریقا دووریانخستەوە و لە جیاتی ئەو کوڕەکەیان لە سەر کورسی دەسەڵات جێگیر کرد. خاوەن کارەکەی کاک عەلی کە میراتگری نەبوو وەکو ئەڵێن وجاغی کوێر بوو، دوکانەکەی کردە ناو کاک عەلییەوە و کۆچی دووایی کرد ئەمجارە فەرمانی حکومەت گەیشت کە دەبێ وێنەی شای نوێ  لە سەر دیوارەکان هەڵبواسرێ. کاک عەلیش بە پێی فەرمانی دووهەم دووبارە چووە سەر تەبڵەکە، وێنەی پاشای پێشووی لە نێۆ چوارچێوەکە دەرهێنا و وێنەی پاشای  نوێ لە شوێنی دانا و لە هەمان بزمار کە دوو ساڵ بەر لە ئێستا بە دیوارەکەدا دایکووتیبوو ئاوێزانی کرد. پاشای دووهەم سی و چەن ساڵ حکوومەتی کرد کاک عەلیش سی و چەند ساڵ شیرینی فرۆشت و چوارچێوەکەش سی و چەند ساڵ لە هاوین و بەهار و پاییز و زستان لە بزماری سەر دیوارەکە ئاوێزان بوو، کە کۆمەڵێک گەنج ڕژانە نێو دوکانەکە بە بەرد کوتایانە سەر چوارچێوەی وێنەکەی پاشا و وێنەی ڕابەری نوێی شۆڕشیان دایە کاک عەلی و پێیان وت: دەورانی ئەم مەلعوونە بەسەرچوو. لە ئێستا بە دوواوە دەبێ لە ژێر سێبەری ڕابەری نوێ بژیت. کاک عەلی تەبڵەکەی لە نێو عەمبارەکە دەرهێنا و وێنەی ڕابەری نوێ بە ددان گرت بەڵام هەرکە سەرکەوت، تەبڵەکە کە تڕی بڕابوو و کەوتبووە جیڕە جیڕ، لە ژێرپێی دەرچوو و کاک عەلی ناردە دونیای هەتا هەتایی. کوڕەکەی کاک عەلی کە میراتگری باوکی بوو،  بووبە خاوەنی کارگەی شیرینی فرۆشییەکەی باوکی و پاش هەفتەیەک دەرگای دوکانەکەی کردەوە. دەێویست دوکانەکەی بسڕێت و خاوێن بکاتەوە کە دیسانەوە ئەو کۆمەڵە گەنجە ڕژانە نێو دوکانەکە و وتیان: مەگەر پیمان نەوتووی کە وێنەی ئەو قورمساقە کە لە سەر دیوارەکە بێننە خوارەوە؟ ناشێ لایەنگری دەسەڵات بیت؟
هەتا کوڕەکەی کاک عەلی واتا کاک محەممەد، وڵام باتەوە کە ئاگاشی لەو بابەتە نەبووە و  باوکی بەرپرسی دوکانەکە بووە و تازە کۆچی دووایی کردووە، دەستیان بە کەلەپچە بەست و بەرەو بەندیخانەیان برد.  بەتاوانی لایەنگری لە دەسەڵات. دانیشتنی دادگایی ئینقلابیان بۆ ساز کرد و تێروتەسەلە ئەوەیان پێکرا، پێیان کرد. محەممەد بەڵێنی دا بە زووترین کات پاش ڕزگار بوونی بچێت وێنەی ڕابەری نوێ لە شوێنی وێنەی پێشوودا دابنێت. کاک محەممەد ئازاد بوو. چوو بۆ دوکانەکە و وێنەی ڕابەری نوێی لە جێی وێنەی پاشا کە لە نێو چوارچێوە و جامە ورد و خاش کراوە کەدا بوو بە بزمارەکەدا هەڵیواسی. بەڵام کاری دوکانەکە سست ببوو. جەنگ دەستی پێکردبوو هیچ کەسێک مەیلی خواردنی شیرینی نەما بوو. چونکە گەنجەکان لە جەنگ دەکوژران و جوان نەبوو خەڵکی شادی بکەن. بەم  هۆیەشەوە کاک محمد دوکان شیرینی فڕۆشییەکەی داخست و دوکانەکەی بە کرێ دا بە هەمان کۆمەڵە گەنجە ئێنقڵابییە و خانەنشین بوو. گەنجە ئینقلابییەکان ئامێری فتۆکۆپییان هێنا و لە ژێر چوارچێوەی وێنەی  ڕابەری ئینقلابی دەستیان کرد بە کاری چاپ و بڵاوکردنەوەی هەواڵی شەهیدبوونی شەهیدانی جەنگ. شەڕەکە گەیشتە کۆتایی و ڕابەری نوێ مرد و کەسێکی تر بوو بە ڕابەر و گەنجە ئینقلابییەکان کە ببوونە خاوەن پلە و پایەی دەوڵەتی، غەرازەکانیان تەنانەت چوارچێوەی وێنەی ڕێبەری کۆچکردووشیان لەگەڵ خۆیاندا برد و لەوێ باریان کرد. کاک محەممەدیش کە بە هۆی خانەنشینییەوە لە ڕادەبەدەرە تەمەڵ و تلیاکییەوە ببوو و چیتر مەیلی بۆ کارکردن نەمابوو. هەشت ساڵ تێپەڕی و کاک محەممەد کۆچی دوایی کرد. لە ماوەی ئەم هەشت ساڵەشدا دوکانەکە داخرا بوو و خۆڵێکی زۆری لەسەر نیشتبوو، تەنانەت بزماری سەر دیوارەکەش.
تاوەکو کچەکەی کاک محەممەدی خوالێخۆشبوو، دوای مشتومڕێکی زۆر  لەگەڵ دایکیدا، بڕیاریدا لەگەڵ هاوڕێکانی ئەوێ بکاتە کافتریا.
بە هاوبەشیی دوکانە باوباپیرانەکەی کرد بە کافتریایەکی دڵگیر.
سەندیکای شوێنە گشتییەکان فەرمانی دا کە دەبێت بێ چەند و چون وێنەی ڕابەر بە دیوارەکەیەوە هەڵبواسرێت.
هەر بۆیەش وێنەیەکی ڕەنگاوڕەنگی ڕابەر خرایە نێو چوارچێوەیەکی نوێوە و بەقەد دیوارەکەدا هەڵواسرا و بە ململانێیەکی زۆرەوە توانی نۆزدە ساڵ لە کاری کافتریا بەردەوام بێت. بەڵام لە ئەنجامدا دوکانەکە هێزی هەناویانی بڕی و هەر جارە و شوێنێکی دوکانه دزەی دەکرد؛ گەچی بنمیچەکە هەڵدەتڵۆقی و دەکەوتەخوارەوە، دیوارەکەی شێداری ئەکرد. سیسەرکە لە نێو ئاوەڕۆکەوە ئەهاتە دەرەوە.
کچەکەی کاک محەممەد بە تەواوی بێزار ببوو. دوکانەکەی فرۆشت و بەزمی کافتریاش لابرا. کەرەستەکانیان کۆکردەوە.
تەنانەت چوارچێوەی وێنەکەی ڕابەریشیان کۆکردەوە و بردیان. دوکانەکە بۆ ماوەیەک چۆڵ بوو و لە کۆتاییدا خاوەنی نۆێ، مۆڵەتی ڕوخانی دوکانەکەی وەرگرت وکۆمەڵێک کرێکار بە قوڵینگ و تۆخماغەوە هاتنە ئەوێ، سەرپەرشتیاری کرێکارەکان  کابرایەکی ئەفغانیی بوو بە ناوی مەلا محەممەد. ئەم مەلا محەممەدە هەنێ بۆنی کۆنەیی و کەڕوی دوکانەکەی کرد و هەڵێمژی و وتی: بۆنی مەزار شەریفی خۆمانی لێدێت. پاشان قەمسەڵە سەربازییە ئەمریکییە کاڵ و کرچ و کۆنەکەی دەرهێنا و بۆ شوێنی گەڕا کە پێیدا هەڵیواسێت، چاوی کەوتە بزمارەکە. ئامێری چەکووشی بایی کارەباییەکەی هێنا و ڕایکێشایە بن دیوارەکە چوو لە سەری ڕاوەستا و قەمسەڵە سەربازییەکەی بە بزمارەکەدا هەڵواسی، پاشان تفی کردە نێو هەردوو لەپی دەستەکانی و ساوتی بەیەکدا و کیشای بە دیوارەکەدا.
دوکانەکە بە گشتی روخا مەلا محەممەد ئەو بزمارەی لە دیوارەکە دەرهێنا بوو وخستبوویە نێو گیرفانی.  لەبەر ئەوەی مۆڵەتی مانەوە و ژیان لە ئێرانی پێ نەبوو، گڕایەوە بۆ ئەفغانستان. ئەو بزمارە ئێستا لە ئەفغانستان لە سەر دیواری ماڵی مەلا محەممەدە و وێنەی سۆزانییەکی پێوە هەڵواسیوە. ئێوارانی فێنکی مەزار شەریف، کە دەنگی خورماخۆرە بە حەوشەی ماڵەکەدا  لولدەخوات، مەلا محەممەد کەمێ دەرگاکەی دەداتە لاوە، بای فێنک لە دیوی ئێرانەوە هەڵدەکات و تابلۆی سۆزانییەکە بە سەر دیوارەکەوە دەجمێنێت. مەلا محەممەد کەیفساز دەبێت ، لە وێنەکە دەڕوانێت و دەستی بۆ ناوگەڵی دەبات و ئارام پێدەکەنێت. پێدەکەنێت و ئاە هەڵدەکێشێت.

 

بیوگرافی نووسەر:

عەلیڕەزا ڕۆشەن به فارسی (علیرضا روشن) شاعیر، نووسەر و ڕۆژنامەنووس
لە 12.03.1977 لە دایکێکی مازندەرانیی و باوکێکی شیرازیی لە شاری تاران لە دایکبووە.
لە ساڵی2012 زیندانی کراوە، تا ئەو ساڵە بەرپرسی سرویسی کتێبی ڕۆژنامەی (شرق) بووە. ڕۆشەن لەگەل ڕۆژنامەی (فرهنگ آشتی) پێشینەی هاوکاریی هەبووە، هەر لەو ساڵانەدا دوو کۆمەڵە شیعری بە زمانی فارسی و فەرەنسی بڵاو بووەتەوە. ئەو لە سێ بواری شیعر، چیرۆک و ڕۆژنامەنووسی دا چالاکە. لە ساڵی 2013 ناوەندی(ئاندریە وێرده)ی فەرەنسا ” Andre Verdet”  خەڵاتی شیعری بەرگری بە عەلیڕەزا ڕوشەن بەخشی کە لەوکاتەدا، روشەن لە بەندیخانە بوو. بۆ ستایش لە هەوڵ وکۆڵنەدان و داهێنانی لە ئافراندنە ئەدەبییەکانی.
یەکەمین کۆمەڵە شیعری بەناوی( تا تو چند شعر؟ ) بۆ زمانی فەرەنسى  وەرگێڕدرا و بڵاوکرایەوە. لێژنەکە لە 30 ئایاری 2013 ڕۆشەنیان بە براوەی خەڵاتی ئاندرە وردە دەستنیشان کرد کە بە نوێنەرایەتی لە لایەن ڕۆشەنەوە “ژان- ڕێستۆم  ناسر” وەرگێڕی ئەو کتێبە شیعریيەوە لە ڕێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکە، خەڵاتی بەرگری ئاندرە وردە، کە لە 22 حوزیرانی 2013 بەڕێوەچوو، بەشداری کرد.
هەندێک لە بەرهەمەکانی کە بریتین لە:

کتاب نیست، کسرە، محوِ، تو شدن، سُوِیدا، برف پاک کن، شعر قفس، مجموعه داستان ما ( کۆچیرۆک)، مجموعه داستان نقطه (کۆچیرۆک)، رمان کوتاه سایه لیلی(کورتە ڕۆمان)، مجموعه داستان پنهانی‌ها(کۆچیرۆک).