فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تەنگە بە خەون شار

“تەنگە بە خەون شار

سومەیە جەلال/ شاعیر / کەرکووک

دارمێوێکمان
بە هەورەوە هەڵواسی
پیایدا هەڵدەگەڕێین ڕووەو ماڵی خەیاڵی.

ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕن
سەبەتەیان پڕ دەکەن
لە ترێ
شەڕابی نەمری لێ دروست دەکەن و
تۆوی بە دوعا دەچێنن
هاکا ئەوانیش
ماڵێکی ڕاستەقینەییان هەبێت و
ڕۆحیان بێتەوە بەر.

کە سەرمامان دەبێت بە وشە خۆمان گەرم دەکەینەوە
برسییەتیمان لەسەر سفرەی شاعیرێک دەشکێنین.
دەچین ڕووەو کۆشکی خەیاڵ و
کەلاوەی ژیان جێ دەهێڵین.

بە خەون تەنگە شار
لەناو تەمدا بزر دەبین
هەر خۆمان دەبینین بە کۆڵەکەی خەونەوە.

یەک ڕەنگمان هەیە گشت ڕەنگی لێ دێتە بوون “ڕەش”
یەک خودا کە ئێوە هەزار و یەکتان لێ دروست کرد.

سەری ئێوە بە هەسارەیەکدا دەگەڕێت
هەسارەیەک لە سەری ئێمەدا.
کە بە دەڕنەفیزەوە دێن
بوڕغووی سەرمان شل بکەنەوە و
چاوی خەونمان هەڵکۆڵن
هەڵدێین…
کە لەبارەیان دەپرسن هیچیان بۆ ناگێڕینەوە
دەترسین تاڵانی بکەن
میکرۆبتان ڕۆبکەنە نێویان و تاڵانی بکەن
وەک لادێیەکی خاپوورکراو
کە دەنگی ژیانی تیا نابیسترێ.
بۆیە هەڵدێین و ئێمە هەڵهاتوویەکی هەمیشەیین.

بۆ چنگخستنی مشتێ ژیان و
ڕەتکردنەوەی قومێک مردن نا
ژیانمان لێ دەڕژێ و
دەیان جار پێکی مردنمان هەڵداوە.

بەڵام ئێمە دارمێوێکمان هەیە
پیایدا هەڵدەگەڕێین ڕووەو ماڵی خەیاڵی
پاسەوانی جوانی دەکەین.

تۆش سەبەتەت پڕ کە، پڕی کە لە ترێ
شەڕابی نەمری لێ دروست بکە و
تۆوی بە دوعا بچێنە
تا ماڵێکی ڕاستەقینەییت هەبێت.