فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

سەرینی پەڕ

سەرینی پەڕ

چیرۆک

دێرین جەمال/ نووسەر / سلێمانی

شەوێکی سارد بوو ، باران بەلێزمە دەباری ، لافاو تەواوی کوچە و کۆڵانەکانی شاری پڕ کردبووە ، هیچ کەس نەیدەتوانی لە ماڵەکەی بێتە دەرەوە ، لەبەر دەم ئاگردانەکە دانیشت بوو ، توورەکەیەکی بچوکی لە گیرفانی دەرهێنا ، هەندێک تووتنی لە تورەکەکە دەرکرد و سیگارێکی پێپێچایەوە و بەئاگردانەکە دایگرساند .
زۆر بە غەمباری سیگارەکەی دەکێشا ، لەپاش تەواو بونی سیگارەکەی ، چووە سەر جێگاکەیی و سەری خستە سەر ئەو سەرینەی کە دایکی بەر لە مردنی بە پەڕی مریشک بۆی دروست کردبوو. هێندە ئەو سەرینەی خۆشدەویست هەر کاتێک سەری لەسەر دابنایە ، هەستی بەئارامی دەکرد، وەک بڵێیت هێشتا منداڵێکی بچکۆلەیە لە باوەشی دایکیدا بە ئارامی پاڵکەوتووە ، خەمەکانی لە دەروونیدا دەڕەواندەوە .
چاوێکی بڕییە منداڵەکانی ، لەخەوێکی قوڵدابوون و پڕخەیان دەهات ، بەبێدەنگی پێخەفەکەی دا بەسەریاندا ،خەریکبوو خەو دەچووە چاوەکانی ، لەو ساتەدا دڵۆپە ئاوێک بەئاگای هێنا، کاتێک چاوەکانی هەڵبڕی دیقەتیدا ، لەسەقفی خانووەکەیانەوە ئاو دڵۆپە دەکات ! بەبێهێزیەوە لە جێگاکەی هەڵسا ، تا بڕوات تەماشای سەربانەکەیان بکات ، کاتێک دەرگاکەی کردەوە ، لەدەنگی جیڕەی دەرگاکە هاوسەرەکەی بەئاگا هات ، زۆر بە سەرسووڕمانەوە لێی پرسی : پیاوەکە .. ئەوە تۆ بەم شەوە کاتت لێگۆڕاوە ؟ بۆ کوێ دەچیت ؟! ئەویش لەژێر لێوە وە بە بێدەنگی بە هاوسەرەکەی وت: تکایە دەنگ بەرز مەکەرەوە ، با منداڵەکان خەبەریان نەبێتەوە ، دەچم سەربانەکە دەگێڕم ، بارانەکە زۆرە ، ئاوی دزیوە دڵۆپە دەکات ، تۆ ئاگات لە منداڵەکان بێت.
دەستی دایە فانۆسەکە و چووە دەرەوە ، فانۆسەکەی لەژێر ئەو چیننکۆیانەدا دانا ، کەوەک کەپرێک بۆ سەر دەرگای حەوشە دروستی کردبوو ، بەسەر پەیژەیەکی کۆنی ڕزیودا سەرکەوت ، دەتووت جۆلانەیە ئەمدیو ئەودیو دەکات . خۆی گەیاندە سەربانەکە، دەستیدایە گوریسی باگردێنەکەو دەستی کرد بەگێڕانی سەربانەکە . بارانەکە هێندە بەهێز بوو دڵۆپە بارانەکان شەڕیان لەگەڵ جەستەیدا دەکرد ، تەواو ماندوویان کردبوو . ئەویش بەناچاری دەستی بە پەیژەکەوە گرت تابێتە خوارەوە ، کاتێکی زانی پێکانی لەسەر پەیژەکە هەڵخزاو بەزەویدا کەوت ..!
هێزی دایە بەرخۆیی و هەستایە سەر پێ ، بە هیواشی دەرگای ژورەکەی کردەوە بەبێ دەنگی چووە ژورەوە ، تەماشای کرد هاو ژینەکەی شیر دەدات بە کۆرپە بچکۆلانەکەیان ، چاوەکانی بەتەمی غەم داپۆشراوە ، زانی کە گێڕانی سەربانەکە هیچ سوودی نەبووە..! بەناچاری لە چەند جێیەک قاپی بۆ دڵۆپە کان دانا ، چووە لای ئاگردانەکە و سیگارێکی پێچایەوە ، بەخێزانەکەی وت : هەر ئەمشەو بڕوات بەیانی ڕۆژ بێتەوە دەچم کا دەهێنم و هەردووکمان سەربانەکە چاک دەکەینەوە .
ئەوشەوە زۆر سەخت بوو ، دەنگی دڵۆپەکان وەک چرکەی سەعاتی لێهاتبوو ، تا ڕۆژ بوەوە دڵۆپ دڵۆپ دەیانژمارد ..!
کاتژمێر شەشی بەیانی بوو ، ڕێبوار خۆی ئامادە کردبوو بۆ سەر کار بڕوات ، بەدڵێکی غەمگینەوە بە هاوسەرەکەی وت : لەدوای کرێکاریەکەم کا دەکڕم و دەگەڕێمەوە !
زەمەن زۆر جار مرۆڤەکان دەکات بەیاری منداڵانە بەدەست چەند کەسانێکی بەد ڕەوشت و خۆ پەرستەوە.
کاتژمێر بوو بە هەشتی بەیانی ، دەنگی دەرگا لێدانێکی تووند شیرن و منداڵەکانی لە خەو ڕاپەڕاند .
شیرین زۆر بەخێراری لە جێگاکەی هەڵساو ڕۆیشت بەدەنگ دەرگا لێدانەکەوە ، کاتێک تەماشای کرد بەرپرسێکی حوکومەت لەگەڵ چەند کاربەدەستێکی تر و هێزێکی ئەمنی زۆر وەستاون ، کاربەدەستەکە وەک هەورە گرمە هاواری کردبە سەریدا : ئەوە هەر لێرە ماون ؟! باشە ئێمە ئاگادارمان نەکردبوون ئێرە چۆڵ بکەن !؟ زۆر بێبەزەییانە یەک یەک پەلی منداڵەکانیان لەژورە کە گرت و فڕێیاندانە دەرەوە . شیرین زۆر هاواری کرد ، گریا و پاڕایەوە و وتی: ئەی هاوار بۆ وامان لێدەکەن ، ئەم شوێنە ئەڵێی کەلاوەیە ، ئێمە نەبێت کێ تێیدا دەژی !؟ لە وەڵامدا یەکێک لە بەرپرسەکان پێی وت : بۆ خانم هێشتا ماوتە داگیری بکەیت ، ئێرە موڵکی گشتییە ، دەکرێت بە پارک !؟ شیرین گەرووی وشک ببوو ، نەیدەزانی چی بڵێت ، کاتێک تەماشای هەریەک لە منداڵەکانی دەکرد لەناو قوڕاوەکەدا کەوتبوون و دەگریان ! ئەم دیمەنە ئاگری لەناخیدا هەڵکرد ، پڕ بە گەرووی هاواری کرد :ئێوە ناتوانن ئێمە لێرە دەربکەن ، ئێرە زەوی باوو باپیرانمانە .
دەستی مناڵەکانی گرت و بردینە ژوورەوە ، لەو ساتەدا گوێی لە یەکێک بوو بە بڵندگۆ هاواری دەکرد بەسەریاندا و پێی دەوتن : خۆتان زەرەر دەکەن ، ئێمە ئێستا دەمی شۆفڵەکە دەنێین بەخانوەکەوە ، ژیانی خۆت و منداڵەکانت مەخەرە مەترسیییەوە!؟ ئەوەندەی نەبرد شیرین گوێی لەدەنگی شۆفڵکە بوو ، لەبەر گیانی منداڵەکانی لە خانووەکە هاتنە دەرەوە ، تاکە شت لەماڵەکەیدا بۆی ڕزگارکرا ئەو بێشکەیە بوو کە منداڵە ساواکەی تیا بوو ، هەرچی کەلوپەلی ماڵەکەی بوو کەوتنە ژێر دارو پەردووی خانوەکە ! بەبێ کەسی بەدیار دارو پەردووەکەوە دانیشتبوون ، لەلایەک ڕێبوار بە ماندوێتی دەگەڕایەوە بەرەو ماڵەوە ، لە گونییەکدا کای هێنا بوو ، تابیکەن بە سەر بانەکەیانەوە و شەو بەئارامی بخەون ! کاتێک ڕێبوار نزیک بوەوە ، چی بینی !؟ وێنەیەکی تراژیدی ، گەر بەخەونیش بیبینیایە دێوانە دەبوو ، ئەو خانووەی کە ڕێبواری تێدا لەدایکبووە ، کە هەرسوچێکی بۆ ئەو پڕ لە یادگاری بوو ، ئێستا دارو پەردووەکەی تێکەڵ بە خاک بووە ! سەرێکی بەرەو ئاسمان بەرز کردەوە ، دڵۆپ دڵۆپ باران دەباری ، سەیرێکی ناو دارو پەردووەکەی کرد ،ئەو سەرینەی کە زۆری خۆشدەویست ، بۆنی دایکی لێدەهات ،لەناو لیتاوەکەدا کەوتبوو ، دڵۆپ دڵۆپ باران بەسەریدا دەباری .