فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دەنگ

دەنگ

هونەر موکريانی/ شاعير / مەهاباد

 

تۆزی بەسەر کتێبەکانی خۆمدا نیشتووم

بێ‌کار تاکوو خاڵی ماگزیمۆم دانیشتووم

ئێژم بڕۆم، بڕۆم، بڕۆم،،،،،،،، دانیشتووم

من تا ئەبەد بە خەڵوەتێکی تۆکمەوەم چەسپاو

 

نیسکافەیەک بە مەغریبی وەتاغدا ماوم

سیگارەکەم کە سینگی ساتەکانی فووداوم

دووپاتەیەک لەبن هەواڵەکانی ڕووداوم

شاهۆ ئەمین بەسەر رەوانما دەنێ هەنگاو

 

شایەد وەکوو هەموو کەسێ ئەسیری بێ‌وازیم

شایەد فەقەت منم لەنێو وەتاغی ناسازیم

بۆ مردنم دەژیم، ئەرێ ئەرێ! وەلی ڕازیم

زیندووم چەلێ، لەنێو شتوومەکی لەیەک هاڵاو

 

مێژووی گەنیو منم لە بارەگای خوداکاندا

کوورووش تێم‌ڕیا بەباوەشی ڕەزاخاندا

کوردایەتیم گەنی لە حوجرەدا، لە دووکاندا

ئاوا منیان لە کفرەوە بەگانی ئیمان دا

 

ئێستا لەژێر ترەیلی هەژدەچەرخی ژوورم‌دام

جاڕز لەحاڵی خۆم لە دەردی بێ‌سنوورم‌دام

کابووسم و لە پێخەوی تەبی حزوورم‌دام

خۆرم وەلی لە حەوزچەی شکەستی نوورم‌‌دام

 

هەڵدێنمەوە قەدەم بەسەر جەنازەکانی کات

خوێن دەمگرێ لەنێو شەهیدە تازەکانی کات

تێپەڕ دەبم لە کۆترە لانەوازەکانی کات

دوور دەبمە لەجووڵەیەک دەحەددی ئیمکان‌دا

 

وەختی وەتاغ بە چەرخ و پێچی ساعەتا دەڕمێ

کوولێرەکە هەوای نوێ دەڵێتەوە، خۆشە.

بێدەنگییەک هەرادەکەم: بڕۆ بڕۆ لێرە

جوابم دەوێ لە بوونم و حەیف کە خامۆشە

ئاوا دەبم لەپشت هەزار ویستی بێ‌گیان‌دا

 

دەستی درێژی سێبەرێ بەڕۆچنەدا دەخزێ

نامووسی ڕۆژ لەپێی شەوێکی تۆخ دادەڕزێ

دەنگم دەدەم بە نوێنەرێ وەتاغەکەم بدزێ!

بەڵکوو تەواوی بێ ئەوی هەمە لە وێران‌دا