فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

داستانی بەرەبەیانی حامییە و (٩)حوزەیرانی سلێمانی  ١٩٦٣ 

داستانی بەرەبەیانی حامییە و

(٩)حوزەیرانی سلێمانی  ١٩٦٣ 

لەتيف عومەر/ شاعير / هؤڵەندا

 

نامیق ئاغا و هاو شارەکانی.

 

 

قەسیدەیەکی خەیاڵ نییە ڕاستیيەکانی پڕ مەرگەساتەکانی چەند ڕۆژانێکی خۆڕاگرانەی ڕۆڵەکانی حوزەیرانی لێوانلێو لە حوزن، قارەمانانی شارەکەم لەسەرانسەری گەڕەکەکانی شار دەنگی سەرشەقام و مەڵکەندی و کانی ئاسکان و شێخان و چوارباخە، مەرگەساتی تەواوی پەناوپاساری شارە، ئازیزانم ئەم داستانە قەسیدەیەکی درێژە لە مێژووی ڕۆژەکانی حوزەیرانی ١٩٦٣ وەك هەموو حوزەیرانەکانی سلێمانیم لەژێر زەبری زەبروان زەعیم سەدیق

لێرە تەنها چەند کۆپلەیەک دێنمەوە یادی خۆ ڕاگرتنی قارەمانانی شارەکەم ، ئەیکەمە دیاری نەوەکانی شەهیدان و تەواوی خەڵکی شار .

 

یەکەم :

شان ، شان ئەپەڕێنێ

قاوشێکی☆ پەنگ خواردووە

هەناسەی کاکۆڵانی شار

تێکەڵ بەدەنگی زوڵاڵیانە

بەناو یەکا دەچنەوە

لەدرزی ڕیز پەنجەرەوە

شەماڵی حوزەیران

سرودی نەترسی بەڕوی شارا ئەکێشاو

دەهاتە ژورەوە

ئەو دەنگانەم تەواو،تەواو ئەناسییەوە

لەدەنگی نامیق ئاغاوە تا مامۆستایان

لەناویاندا یاسین☆و سەلیم ئاغا و

چەندینی تر

دەنگی ورەی بەشار ئەیا

هەرگیز ئێمە لە لولەی تفەنگەکانتان

ڕو سڵ ناکەین

لە بیر مەکەن ڕۆژێك دادێ سەر شۆڕ ئەکەن

 

لە بەر پێی شەهامەتی نەوەکانمان

کوردستان ، چاومانە ڕۆمانە

نیشتمانمانە

××××

چ تاسێك و ئەندێشەیەکی

فرە قوڵەلای نامیق ئەڕوانێتە

تیشکی ڕوناکی لە درزی پەنجەرەیەکەوە

سەلیم بەگیانی ورەوە

لە پشتەوە دەست لەسەرشان

پیاوی نەبەرد نامیق ئاغا ڕا دا ئەنێ

نامیق بۆچی وا دڵ تەنگی

لە ئەندێشەی کام مناڵتی

بەدەنگی دلێر وەڵامی دایەوە

دڵتەنگی من ، تەنگی ماڵ و مناڵ نییە

دەرون کەیلی خەم و ژانی نەتەوەیە

لە نێو جەرگی خاك و خۆڵی

دێرینی خۆت دەست و پێ

بە پێوەند سڕ بەستراوە

جەستەت لەژێر پێیانەوە

هۆلەی مەرگ بەسەرمانا ئەنەڕێنن

من ناترسم لەوەی ئێستا

قرمەی گولە بەرۆکی مەردایەتیمان

دەستڕێژ ئەکات

گەرچی لە ژیانی تەمەنما

وشەیەکم بەگۆرنی نەچڕیوە

دروست وایە ،بەڵام ئێستا

هەموو ئەحساسم لە دەرونما

سروودی گڕەو کڵپە ئەکات

لە نێو چاوما بڵێسەی جۆشی ئاگر ئەبینم

دەنگی زوڵاڵی شارەکەم لە دوورەوە دێتە ناو گوێم

هاوار ئەکەن

ئەم تەرمان تەرمی ئازادی گەلمانە

ڕازوخۆزگەی هەموومانە

خەڵکی شارم باش ئەزانن

حامییە چاوگی خوێنی هەموومانە

لەکاتی بانگی ئازادی بەدەنگی ئێمە ئە بیستن

دەستنوێژی کوردایەتی پێ ڕا ئەبینن.. …

××××

دوهەم :

نرکەی توڕەی نامیق عەرش ئەلەرزێنێ

ماندوم مەکەن وەك ماندو بونتان

لە توڕەبوونتان چاوم ناتروکێنم

دەستەکانم نالەرزن

لە تەپەی پێ و لە تەقەی پۆ ستاڵەکانتان

گیان سل ناکا

کە لە خەوی غەدری غەدریان بە ئاگا دێم

وا ئەزانم

بەرە بەیانییەکی زووەوە

گوێم لە دەنگی کاروان چییەکانی

بەری قەرەداخن و

لە سەرشەقامەوە بارەکانیان

بۆ مەیدانی شار ڕێ ئەکەن

منیش بە ئەسپایی قاپی ماڵمان ئەکەمەوە

پێش هەمووشت ، بەیانی باش

لە چوخمەکەی هاوتزەمەنی

سەرشەقامم ئەکەم

لێرەوە پێتان ئەلێم

ئەوەی ویستان کردتان

چیتر لەداواتان ماوە بیڵێن ، بیکەن

ڕامەوەستن

نەبە دیدەتان دەبینن

نە بەهۆش وەری ئەگرن ، لەمن نوتقێ

دڵی ئێوەی پێ خۆش ببێ

مەترسن با گولەی تفەنگەکانتان نەتۆرێن

لە دەست و موچوکی لەرزۆکتانا

نەلەرزێن .

من لە هەستم

بۆنی خاك و نیشتمانم ئەکەم

لە هزرما هێزی گەل و ڕۆلەکانی ئە ینمەوە

لە گەروما هاوارێک بە پۆستی

کارامەیی ئەنێرم دەرەوانێ

ئیتر ئەبێ ئەوە باش بزانن

سنگ لە ڕووی دەسترێژتانا

بێ باک ڕاوەستاوە

دڵم خورپەی تیا نەماوە

تا لە مردن شەرم بکا و گرمۆڵە بێت

من بۆ خاك و خۆشەویستی هاو زمانم

خۆم ئەبەخشم

نەك بفرۆشم .