فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

چەند چڵە نێرگزێک لە کۆبەندی(کارێزە مەرجان)دا

چەند چڵە نێرگزێک لە کۆبەندی(کارێزە مەرجان)دا

 

موحسین ئاوارە/ شاعێر/ هەولێر

١- پیری شۆڕشگێڕ
————————
ئەم گۆپکە هەورە ، چارۆگەیەکە و پڕ لە ئەستێرە
گەر شینگی جاری جارانم دەبوو
دەچوومە نێو پیستی هەڵۆیەک ، دامدەگرت ، دەمخستە نێو ئارەبانەیەک
هەر دەڕۆیشتم و لە ڕێدا
تاک تاک .. جووت جووت جێم دەهێشتن
ڕێگا ڕووناک کەنەوە
چیتر ئەم تیشە بەرد و چقڵە تیژانە
نە چەقنە پێتانەوە
٢- وەسیەتنامەی هەڵۆیەک
——————————–
١
هەڵۆیەک لە جوانەلاوی سوور مەرگی خۆی دەگەوزا
— ئەگەر چی بە لوتکە ناگەم ، لەوێدا مەرگ بسپێرم
بە چاوی تیژ و باڵی تیژ و چڕنووکی تێژەوە سەر بنێمەوە
لاشەم ناگاتە ئەوێ ، لەوێ بمنێژن
ئێوە و ویژدانی جوامێریتان ، بمسوتێنن
خۆڵەمێشەکەم بە سەر بەرزترین لوتکە هەڵڕێژن
٢
ڕووبار دەڕوا و ئاوڕیش ناداتەوە
قەت لە چاوەڕوانی جۆگەلەی تەمبەڵدا ناوەستێ و خەو بیباتەوە
٭٭٭
باران بوو وای لێکردین لە ژێر چەترێکا بڕۆین
یەکتر پێناس کەین بزانین ئێمە کێن
٤– یادەکان
——————-
١
ئیمڕۆ نامەیەکی نهێنیم کردە نووشتە
چۆن بیدەمە ئەو پیرە دایکە ناسیاوەم
لە ژێر سوخمەی قایم کات
بۆ دەستگیرانەکەمی بەرێتەوە
وا هاتۆتە سەردانی کوڕەکەی و ناشزانێ شەهید بووە
بە سینەی هەڵایساو دەگەڕێتەوە
بە چاوانی تەڕ ، دنیای لێ وێک دێتەوە
٢
ڕەفتەیەکی سوور بوو
لە سەفەرەکەی پێشوویدا
لە سەر سەری دەستگیرانەکەی فڕاند بوو
لێرەشدا بەرە و مەیدانی جەنگ
لە نێوچەوانی بەست
نیشانەی خۆ بەخت کردن بوو هەڵبەت
تەرمەکەیان بە خاک سپارد
لەم ساڵانەی دواییانەدا دۆزرایەوە
بە ڕەفتە سوورەکەی ناسرایەوە
٥ – لە سەروودا
———————
ئەو مرۆڤەی لە سەر پانتایی زەوێدا بێ باڵە
لە نێو جەستەی فڕۆکەدا وردە وردە باڵ دەردەکا
کە زەویش جێدێڵێ ، تا بەرەو قووڵایی ئاسمان هەڵدەکشێ
هەرچی لە خوارەوەی خۆیدا هەیە ، بچووک بچووک دەبێتەوە
ئەوسا دەزانێ ، خوا لەو بەرزاییەدا چەند گەورەیە
٦ – شەباقەی گڕە هەمیشەییەکان
————————–
جام و شانە .. ئاوێنە و گۆزە ، بە هەڵپە بوون
پەریخان هەڵیانگرێ بۆ سەر کانی
خۆی جوانتر کات ، لە جوانییەوە بۆ جوانی
( کوڕ دێ )ی کاکۆڵ قیت
خۆی تەیار دابوو
لە بۆسەی لاڕێدا
چاویش مەلاس ، چاو لە چاوەڕوانی
ڕووەو قیبلەی ماڵەکەیان ئاڕاستە
کەێ دەردەکەوێ و تێپەڕ دەبێ ئەو چاو مەستە
ئەفسووس کت و پڕ ، کوڕ خرایە زیلێکی سەربازی
کچ لە زیلێکی دی
چۆن لێکترازان
ترازان و
ترازان و
‌ ترازان