فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

کە بيرتەکەم

 

دەريا هەڵەبجەیی/ شاعير / سلێمانی

 

 

که بیرتەکەم

هەرچی وشەی عەشق هەیه

بۆت دەنووسم

به دەمما دێت.

دەڵێم چی دەبێت با ببێت

نەتبیستووه که ژن لە عەشقا سەرشێته

دەی لەگەڵ شێتا هیچ ناکرێت..

 

چەن شیرینه ئەو ئێوارەی

بێ ئەوەی تۆ پێ بزانیت

تێپەڕ دەبم به لای چەپتا..

تەنها ئاوڕێک

ئاوڕێکی شەیدایانه

دەمکات بە پەیکەری بودا..

 

نازانم بۆ هەموو ڕۆژێک

وا هەست دەکەم

لە پڕێکا

دێیته سەر ڕێم

وەک یەکەمجار دەتبینمەوه..

بێ ئەوەی پێم بڵێیت باشی

لە خۆمەوه دەڵێم باشم

خۆم وەڵامی ئەو خەیاڵەم دەدەمەوه…

دەڕۆم بێ ئاوڕ دانەوه

ڕۆژێکی تر لە من دەڕوات

وەک ئەو ڕۆژانەی ڕۆیشتن و

چیتر نەگەڕانەوە..

 

دە پێم بڵێ بۆ ناتوانم

بە ئاسانی لەبیرت کەم..

ئەمە عەشقه یان شێتییه

یان خەیاڵی پووچی دڵه

من وادەکەم..

 

من هیچ ناڵێم

تۆش وەک خۆت به و

حەرفێک مەڵێ..

با بزانم عەشقی من و سەرشێتی تۆ

دەگات به کوێ..

 

جار بەجارێ

دێت بە سەرما

بێم و بڵێم تۆم خۆشم دەوێت..

ترسم هەیه

چیتر من ئەو ژنه نەبم

تۆ شێتانه خۆشت دەوێت…

 

باشتره لە گوناهی تۆ بوون

لێره به

دوا پاک ببمەوه..

بە شێوەیەک له خەونیشما

نەیەیته ڕێم

نەتبینمەوه..

 

بەڵام لە دوای ئەم هەموو ڕقە شیرینه

بەیانیان که چاوم هەڵدێنم..

یەکەم وشە ناوی تۆیه

بە گوێی خۆما

دەیچرپێنم..

ئاخر من چەن درۆزن بم

ناتوانم خۆم وا ڕابێنم

به خەیاڵیش دوور له تۆ بم

بە نازەوە لە ناو ڕۆحما

نەتلاوێنم…

 

هەموو بەیانییەک دەڵێم

ڕۆژەکانی هەفته هەر بۆ ئەوان

تەنها ئەمڕۆ بۆ من و تۆ..

به بێ خەیاڵ دوور له درۆ…