فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

هێشتا لە خەیاڵمدای

هێشتا لە خەیاڵمدای

چرۆ زەند/ نووسەر / تۆرونتۆ

 

منداڵ بووم، ئەو دەمەی لە ناو حەوزەکەی ناوەندی باخچە گەورەکەماندا یاریم بە ئاو دەکرد. خەیاڵم دەکردەوە و خەونی ڕەنگاوڕەنگم هەبوو. لەگەڵ تیشکە وەنەوشەیيەکانی خۆردا لەگەڵ جوڵەی ئاوەکەدا خەونەکانم دەهاتن و دەچوون.

ئەو ڕۆژگارانەی لە دنیای منداڵیمدا دەژیام. لە ووردە شەپۆل و جووڵەی ئاوەکەم دەڕوانی تەنها جوانی حەوزەکەم دەدی، ئەو ڕۆژانەی نەم دەزانی پاشەڕۆژ چی پێیە بۆ من جگە لە دنیای بێگەردی منداڵی.

 

لە بەیانیيەکی زوودا، خۆر لە پشتی چیای گۆیژەوە تێشکی ئەدا لە قەراغی حەوزە شەش گۆشەیەکەی ناوەندی باخچەکە. جریوەی چۆلەکە و، دەنگی کۆترە باریکەو کوکوختی سەر درەختەکان باخچەکەیان دەکردە گوزارێکی پڕ گۆرانی. دایکم بە جلوبەرگە کوردیيەکی بەری سەماوەری دادەگیرساند. باوکم کلێتەکەی لەسەر دەکرد، ئاڵای کوردستانیشی لەسەر یەخەی کراسەکەی دەدا. باوکم دەستی دەکرد بە ئاودانی درەختە بەرزەکان. پاشان لە باخچەکەدا، لە سەر کورسیەک دادەنیشت، مێزێکی بچکۆلەی لەبەردەم خۆی دادەنا. بە دەست وخەتە خۆش نووسەکەی سەرقاڵ بوو بە نووسینەوەی مێژووی گەل ونیشتمان. ئەو کاتە زێزینەی کە بە جۆش وخرۆشەوە دەمڕوانیيە خۆر کە تیشکێکی بەهێزی  بدات لە ئاوی حەوزەکەمان.

 

لە ناوەندی ڕۆژدا، خۆر ڕاستەوخۆ تیشکەکانی لە ئاوی ناو حەوزەکە دەدا، لەو کاتانەدا خەونەکانی من دەبوونە ئەرخەوانی، پرتەقاڵی، سوور، زەرد، وەنەوشەیی، وەک ڕەنگی خۆر لە هزرمدا دەهاتن ودەچوون. ئەو کاتە بوو کە ئاوی حەوزەکە برێک گەرم دەبوو. منداڵانی دراوسێمان دەهاتن بۆ گەمە. تا دەهات تیشکی خۆر ئاوی حەوزەکەی گەرمتر دەکرد. گەمە وقیژەی منداڵانیش لە ناو ئاوەکەدا زیاتر دەبوو. منداڵەکان لە جوڵەیەکی بەردەوامدا خۆیان هەڵدەدا و شڵپەی ئاوەکە دەیدا لە قەراغی حەوزەکە. ئاو بە دەورووبەرەدا و بە دێراوی گووڵ و ڕیحانەکاندا دەرژا.  پاشان بە بەرگی تەڕ دەهاتینە دەرێ لەناو حەوزەکە ئەو کات جیهانێک بوو بێ ئازاردان.  کاتێ منداڵەکان دەچونەوە ماڵی خۆیان من خەونم بە ڕۆژێکی نوێوە دەدیت.

 

کاتی ئێوارە دادەهات سەر قەراغی حەوزەکە دەبووە سێبەر، خۆر تیشکەکانی بە کزی دەدا لە کۆتای شەش گۆشەی حەوزەکەدا، هێدی هێدی ئاوا دەبوو. من خەیاڵم دەڕۆی لەگەڵ ئاوابوونی خۆردا.  ڕیپۆقی چۆلەکان بەدەوورە پشتی حەوزەکە دەنووسا.  ئاوی حەوزەکە لێڵ دەبوو لەبەر گەمەی منداڵانی گەڕەک و خۆمان. دایکم ئاوی حەوزەکەی بەردەدایە سەر جۆگەلەی گووڵەکان، جارێکی تر ئاوێکی پاک لە بۆری ناو حەوزەکەوە دەکرایەوە، لێوان لێوان حەوزەکە پڕ پڕ دەبوو لە ئاو. ئەو کات تەنها یەک چاوەڕوانیم بوو بەیانیيەکی تر بێت وەک ڕۆژان.

 

بەیانیيەکان هاتن و چوون بەیانیيەکی نوێ، بەیانیيەکان دوور لە حەوزی باخچە گەورەکەمان، بەیانیيەکان ساردوسڕ لە ناو میترۆ وشەمەندەفەر لە خەیاڵمدا دەمدیت. لە ئێوارە، لەسەر دەریاو چەمی وڵاتێکی دوور یادم دەکرد. چەندان ڕۆژ ومانگ وساڵ تێپەڕی نە حەوزم دی نە نیسشتمان. ئەو کات خەونەکانم بوون بە ئاهی تامەزرۆیی گەڕانەوە بۆ نیشتمان. دوا وێنەی حەوزەکەم لا مابوو. دوا وێنە لە هزرمدا نەخشا بوو. لە کاتی وێنە گرتنەکەدا، چاوم کەوتە سەر ڕێرەوی ئاوەکەی کە دەڕژایە ناو حەوزەکەوە. ئەو دەم دەستم هیێواش ڕاگرت تا بگەڕێمەوە بۆ ڕابردووی یەک لە ڕۆژەکان. لە یادمە باوکم بە خێرایی ڕووە حەوزەکە هات و دەریهێنام، من لەو ڕۆژەدا قاچم خزا خوێنی ناوچەوانم تێکەڵ بە ئاوی حەوزەکە بوو، نزیک برۆم لەلای ڕاست نیشانەیەکی برینداری بچووکی جێهێشت کە دەڕوانمە ئاوێنە شکاویەکی کەم دەبینم، گشت ڕۆژێ بەبیرم دێنێتەوە کە خۆشیيەکان تاسەر نین، هەمیشە ئازارێک جێدەهێڵن. ئازار یان لە دەرووندا یان لە جەستەمان.

چەند جاری دی دەمویست حەوزەکە ببینمەوە، پاش چەندین ساڵ گەڕامەوە بۆ نیشتمان باخچە وحەوزەکە تێکدرابوو. دەرگایەک جوودا هەبوو بۆ چوونە ژوورەوەی ماڵەکەمان، ئەوکات چاوم دەگێڕا کە جێنزگەیەک مابێ، یادێکی منداڵیم لەوێ مابێ، باوکم لە قەراغ حەوزەکە شانی دادابێت. بەڵام هیچیان نەمان، خەونە ڕەنگاو ڕەنگەکانی منداڵیم بە هێواشی جێیان هێشتم. بوونە ڕەش یان سپی. ئیدی حەوز لەماڵ نەما، باوکم چیدی درەختەکان ئاونادات بە ئاوی حەوزەکە.باوکم بەباخچەکەدا پیاسە ناکات. لەو ساتەوە، دڵم بووە بیابانی چۆڵ. ڕۆژگارەکانی منداڵیم بووە وێنەیەکی کۆن. وێنە کۆنەکەم بڵند کرد ڕوو بەڕووی ئاوینە تەماشای جێ برینە بچکۆلەی برۆم کرد، لە یادم دەرنەچووی هێشتا.

هێشتا لە خەیاڵمدای.

 

 

February 23, 2023