فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

زەهایمەر

زەهایمەر

 

نوری بێخاڵی/ شاعیر/ ڕواندز

لەوێ،
کەسێک لەناو سەوزایی
لەژێر تریفە و
لەدەم کانییەک دانیشتووە
کەسێک،
وات لێ دەکات هەست بە ئۆقرەیی بکەیت
پشوو بدەیت و
فێنکت بێتەوە
ڕۆژانی پێش جەنگ
هەموومان گۆرانیمان دەگوت
ئێستا،
هەموومان دەممان داخستووە
دەبێ دەمت دابخەیت
جەنگ سندمە بۆ پێی پەیڤ
جەنگ کۆتە بۆ باڵی ئاواز
جەنگ قوفڵە بۆ دەمی گۆرانی
نامەوێت هیچت بیر بکەوێتەوە،
هیچ شتێک
سەرچاوەی بەختەوەریی، لەبیرکردنە
ژیان بە زەهایمەرەوە جوانە،
بە لەبیرچوونەوە
لەگەڵ باخچە و مانگ و ئاو بمێنەوە
جەنگ و هەموو شتێک لەبیر بکە و
گۆرانی بڵێ!