فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئێکاڤی

ئێکاڤی  ١

وەڕگێڕانی ئومێد قەرەنی/ نووسەر/ هەولێر

 

گشت کەسێ لە کۆتاییدا کۆیلەی ڕێکەوت و پێویستییەکی دژوارە”. (ئێڤریپیزی). ٢

جەستەی مرۆڤ بوویتە ئامرازی شەڕ
کۆشکەکانی ترۆی تاڵانکران
ژنان وەک مار کراسیان گۆڕی
بێ هیچ بەزموڕەزمێک
بێ بەزەییانە
تەرمەکان دەنێژرێن
هیچ کەس بێگانە.. دۆست و کەسوکار
ناخاتە دەریا.

شەڕی ئێکاڤی بەو شێوەیەیە
ئەستێرە ترساوەکان ڕووبارەکانیان بە خووسار داپۆشی
دەشتودەری شار منداڵانی لە خوێنی خۆی ناشت
باخچەی جادوویی گەشکەی بە هەرزەکاران گرت
گوڵەبەڕۆژەکان دوودڵ و سەرسامبوون بەو بەخششە
پەڕەسیڵکەکانیش خانووە بەردینیەکانیان جێهێشت.

ئەوە جەنگە ئێکاڤی
تۆ ژیانی خۆت مەخە مەترسییەوە
ئێمە ستەمکارە بێدڵەکان..
بابسالار و پاشا و ئیمپڕاتۆرەکان…
کوێردەکەین.

کێژان ڕەندایەتیەکانیان دەنێژن
پیرەمێردان لە سووچی کۆڵانەکان کوژران
پاڵەوانە بریندارەکان لە ژێر پۆشاکی دایکیان
رەنگیان وەک ڕێوی کاڵبۆوە.

ئەوە جەنگە ئێکاڤی
مەشڵەژێ و دڵەڕاوکێ نەتگرێ
تۆ هێرش دەکەیە سەر وڵاتی کیکلۆپۆن! ٣

زارۆکان تەماشای فرمێسکی شمشێربازە نەنێژراوەکانیان دەکرد
سەگە بێلانەکان دوایین زیندەوەرەکانی شاریان هەڵبڕی.

هیچ گرتییخانەیەک نەبوو
سوپا نەبوو
تەنیا یاخییبوون و سەمایە بەناوبانگەکە و شێتایەتی
لە نێوان پەنجەکانی ئێکاڤی دەنگیدەداوە.

شەڕ بووە ئامرازێک لە جەستەی مرۆڤدا.

دوژمنان هاوینەکەیان لەکیسداین
چەتە بەکرێگیراوەکان
بێ وەستان مەنجەنیقەکانیان ئاوردەدا
خەڵکی بە نهێنیی
لە کۆشکە وێرانەکان سرووتی خۆیان جێبەجێدەکرد.

”لێیۆنێسەکان” سواری سەر پشتی گایەکان بوون ٤
هەڵۆیەکانیش بەسەر سەرمانەوە بەرزبوونەوە.

ئەوە شەڕە ئێکاڤی
زێر لە مستی پاشایەکاندا پڕژا
دڵەڕاوکێ نەتگرێ ئێکاڤیەکەم
تۆ تۆڵەی لەدەستدانی کوڕەکەت دەکەیەوە.

جەستەی مرۆڤ بوویتە ئامرازی شەڕ
”پۆلیکسێنی” خۆی ڕادەستی خواوەندەکان کرد ٥
ئێکاڤیەکەم ناتوانی نیشتیمانەکەت خۆشبووێ؟
– دڕەندەیی لە جێی دڕندەییە -!
نەریتەکان بۆنی زەوییان سەلماند
لە پاڵەوانە میهرەبانەکانی جیهانی کۆن دوان.

”سترینگلا” لە هۆش خۆی چوو ٦
ئاخر نەیدەویست باوەڕ بکا
ئێسکەپەیکەری پاشایەکان
لە کووخی کۆیلە ڕووتوقووتەکان
پەرشوبڵابووینەوە.

بێدەنگیی منداڵەکانی لەباوەشکرد
کوشتن بە خوێن ساردییەوە دەگوزرێ
شار ماتەمینیی بۆ شەش کیژی ئەو جیهانە دەگێرێ؛
چاکەخواز
وابەستە
لێبووردە و رۆشنگەر
ئاکار
ژیربێژ.

شار ماتەمینیی تۆ دەگێڕێ ئێکاڤیەکەم.
_____________________________________________
١- ئێکاڤی: هاوسەری پاشا پریامو بوو لەو کاتەی کە جەنگی ترۆیا بەرپابوو. لە ئۆدیسێی هۆمیرۆسدا ئێکاڤی نەخشێکی گرنگ ناگێڕێ بەڵکو کەسایەتییەکی سێبەرە، هاوسۆزی منداڵ و بووکەکانیەتی بەڵام لە شانۆنامەیەکی ئێڤریپیزی نەخشێکی گرنگ و گەش دەگێڕێ و وەک پاڵەوانێکی مەزن نیشاندەدرێ. ئێکاڤی لە بەشی یەکەمی ئەو شانۆنامەیەدا ماتەمینیی بۆ قوربانییدانی گەل و پۆلیکسێنی کیژی دەگێڕێ، لە بەشی دووەمیشدا ”پۆلیمیستۆر”ی پاشای تراکیا کوێردەکا و تۆڵەی کوشتنی کوڕەکەی ”پۆلیدۆرۆس” لێ دەکاتەوە.
٢- ئێڤریپیزی: مەزەندە دەکرێ لە ساڵانی (٤٨٠ – ٤٠٦ پێش زایین) زۆرینەی ژیانی لە ئەسینا ژیابێ، شاعیر و نیگارکێش و مەرگەساتنووسی یۆنانیی بووە و یەکێک بووە لە سێ مامۆستایە گەورەکەی هۆنراوەی دراماتیک و شانۆی یۆنانی کۆن کە داستان و هەڵبەستی لیریکی تێکەڵدەکرد، لە کارەکانی بە گشتیی بیرۆکەی نوێ و ئاریشە لە بەرهەمەکانی پێکەوە دێن.. کە ڕەنگدانەوەی پرسیار و ناکۆکیی هزریی سەردەمی خۆیەتی و لە ڕێگەی بەرهەمەکانییەوە هەڵوێست و بۆچوون و تیۆری خۆی دەختسەڕوو.
٣- کیکلۆپۆنەکان: جانەوەری ئەفسانەیی یۆنانیی و ڕۆمانیی بوون، بە شێوەی جۆراوجۆر لێیان دەدوێن، گوایە تەنیا یەک چاویان هەبووە ئەویش لە نێوەڕاستی ئەنیەیان بووە، لە ئۆدیسێی هۆمیرۆسدا هاتوەکە ئاکنجیی دوورگەی سیسیلیا بن. گوایە گەلێکی دڕندەبوونە و دوور لە هەر توخمێکی ژیاریی و ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتی بوونە ئەوانەشی لە خاکەکەیان نزیکدەبوونەوە قڕیان دەکردن و دەیانخواردن.
٤- لێیۆنێسەکان: یەکەیەکی سەربازیی بوون لە سوپای ڕۆمەکان بە کرێ شەڕیان دەکرد و جارناریش بە خۆبەخشیی.
٥- پۆلیکسێنی: لە نێو کۆمەڵێک خوشک برادا کیژە هەر گچکەی پریاموی پاشای ترۆیا و ئێکاڤیی هاوسەری بوو،. ”هۆمیرۆس” لە داستانەکەیدا لێی نادوێ بەڵام لە لایەن زۆرێک لە نووسەرانی ”کلاسیکی مۆدێرن” لێی دواون، مێژوونووس ”یۆانیس مەلالاس” دەبێژی: ”پۆلیکسێنی”بەژێنکی زراڤ و پێستێکی سپی و قژێکی درێژ و دەموچاو و ملێکی جوانی هەبوو، لە تەمەنی ١٨ ساڵیی کوژرا”.
٦- سترینگلا: باڵندەیەکە تێکەڵییەکی زۆری لەگەڵ مرۆڤ هەبووە، گۆشتی کۆرپەی مرۆڤی خواردوە و خوێنەکەشی خواردۆتەوە، هەروا جادووگەرەکانیش بەکاریاندەهێنا و بە بوونەوەرێکی گرنگیان دەزانی، بە پێی گۆتە و نەریتی باو بە ژنێکی فێلباز یان جادووگەر دەگوترێ سترینگلا.
_____________________________________________
سەرچاوە: پەرتووکی ”جانەوەرە ئەفسانەییەکان”، نووسینی ”سیسی دوچیو”، ڕێکەوتی بڵاوکردنەوە (١٩\٦\٢٠٢١).
.ΜΥΘΟΛΟΓΙΚΑ ΤΕΡΑΤΑ, Συγγραφέας,Δουτσίου, Σίσσυ, Ημερομηνία Έκδοσης 19/06/202

وه‌رگێڕانی لە یۆنانییەوه‌: ئومێد قەره‌نی

https://www.emrro.com/ekavi.htm