من جاران چیا بووم!
ساڵح بێچار/شاعير / سلێمانی
من جاران چیا بووم
“شاخێکی ڕەنگاوڕەنگ
جێی کەیف و سەفا بووم”
بۆ ئەوسای پێشمەرگە..
سەنگەر و پاڵپشت و پەنا بووم
شەوانی مەفرەزە و چوونە شار
ڕێبەر و ڕێگا بووم
ئێستاکەش زەلیلی
بەر کەڵبەی کۆمپانیا و دۆلارم
برینی سەر دڵ و
ئاخی ناخی تووڕەیی شارم
چەند سەیرە
ھاواری لووتکە و بناری شەقار شەقار
ناگاتە “کەڵکی قەیوانی ئازیز و یار”*
ماڵئاوا.. ماڵئاوا
نایبینن جەستەی ھەلاھەلام
ئێستا لە گیانەڵڵای مەرگدام
من جاران چیا بووم
سبەی ئاپارتمان و ڤێلام !
* “کەڵکی قەیوان ئازیز و یار” ئاماژەیە بە گۆرانییەکی شۆڕشگێڕانەی ساڵانی هەشتاکانی هونەرمەندی نەمر “ئازاد خانەقینی” کە بەرهەمی “تیپی مۆسیقای شەهید کارزان” و تێکست و ئاوازی هونەرمەند مامۆستا “دلێر ئیبراهیم” ـە.