فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دوا گریانی دانتی

دوا گریانی دانتی

کەريم دەشتی/ شاعير / هەولێر

 

 

1

چەند درەنگ هاتی پیاتریس

ئەی شەرابی ئەشكەوتەكان

دەنكە شەونمی خودایی

شووشەی شكاوی ناو دەستی جەنگاوەران

ئێستا لافاو نیوەی

كتێبەكانی بردم و

باران هەموو شیعرەكانی ڕەشكردمەوە

 

2

چەند درەنگ هاتی پیاتریس

من هەزاران تاجی شكۆم

لە پەلكە گیای باخی زەیتون

بۆ تاجی سەرت چنیی بوو

دڵۆپە مۆروی غوربەتم

لە بەندەرو لێوارە تەماویەكانی ئاوی بوخارا هێنا بوو

هەزاران ئاسكی نوورم

لە تەبەقەی حەوتەمی ئاسمان هێنابوو

گەوهەری شیعر و ئاوازم

لە بنی دەریای زمان و

لە دەمی نەهەنگی ملفل

دەرهێنابوو

3

چەند درەنگ هاتی پیاتریس

هێندە ڕێگەو تەلانی شیعرم بڕیوە

ئێستە زەینم پڕە لە بەردەڵانی ڕێ‌

ئەو ڕێیانەی هەمیشە ئەیانبردمەوە

ناو تەپ وتۆزی جەنگەكان

هێندە كتێبە كەونارەكانی ئەوینم خوێندۆتەوە

ئێستە ڕۆحم پڕە لە تۆ

 

4

چەند درەنگ هاتی پیاتریس

وەرە سەیری برینم بكە

ئەوسا ئەزانی ئەو شەڕانەی

كەوا من لێیهاتوومەوە

چەند سەخت بوون

ئەو شەرابەی من لە كوپەی بەندییەكانم خواردۆتەوە

تامی چ ئازادیێكیان بەمن بەخشی

 

 

5

چەند درەنگ هاتی ئەزیزم

وەرە دەست نێ‌ بە توێڵمەوە

ئەوسا ئەزانی چەند گەرمە

ئەوە گەرمی ئەو هاوار و ناڵینەیە

كە لە مەیدانی بۆنخوێنی كۆیلەكاندا شێتی كردم

ئەوە تای ئەو فیغانەیە کە لە ژنانی ڕێ بیستم

 

6

چەند درەنگ هاتی پیاتریس

ئەو كتێبانەی هێنابووم

هەرهەموویانم تەواو كرد و هەر نەهاتی

تەرمی هەموو ئەو مەلانەی

لە شەبەیخوندا بەسەر شانما نیشتنەوە

هەر هەموویانم شاردنەوە و هەر نەهاتی

 

7

چەند درەنگ هاتی پیاتریس

بیناییم پڕ دووكەڵ بووە

هەناسەم پڕ لە زێباری بێئاو بووە

بیستنم پڕ لە هاواری بێ‌ناو بووە

زمانم پڕ لە فەریادی خنكاو بووە

 

8

ئاخ، چەند درەنگ هاتی پیاتریس

هەزاران شەو شمشێری خەوم شكاند و

شیعرم لەسەر برینی ڕۆحم داناوە

لەناو دەیان هەزار دەریا

ئاقیقی شینم هێناوە

بەناو سەرتاسەری زەویی سووڕایمەوە

هەتوانم بۆ باڵی شكاوم هێناوە

 

9

چەند درەنگ هاتی پیاتریس

تازە كەی فریام ئەكەوی

نەچاوم ماوە تا بەرگەی

نووری هەزار ڕەنگت بگرێ‌

نە دەستم ماوە تا قەفتەی دەستت بگرێ‌

كتێبەكانم وەها زەرد هەڵگەڕاون

ئەڵێی شكارتە گەنمێكی

هەزاران ساڵەی بێئاون

 

10

چەند درەنگ هاتی پیاتریس

تۆ ئاگر و ئاوی من بووی

ئەی تەونی هەزاران رەنگی من

ئه‌وه‌ ئاگری ئەوینتە ڕێ‌ ڕێ‌ ئەمسووتێنێ‌

ئه‌وه‌ ئاوی زێبارته‌ دەمار دەمار ئەمخنكێنێ‌

11

تۆ جوانترین مەلەكووتی منی

تۆ كەون و كائیناتی منی

تۆ ئاخ تۆ چەند لە سەروی وجوودی منی

 

12

چەند درەنگ هاتی پیاتریس

تۆ چیت ؟ لە نووری یا لە تەمتومان

لە گیای

لە بای

یا لە قوڕی باخی جینان

لە بەفری یا لە بارانی

تۆ تەوتەمی

یا لە تۆوی پڕ لە بریقەی ئینسانی ؟