شەبەنكى شينى زمارەكان
شيعرى زيب
هاشم سەڕاج/ شاعير / هەولێر
چەند جوانى
ماچى ئاڵت
کۆکایینى شین
و
لێستنەوەى
باسکى سپیت
ئۆزۆى زەرد
و
کرۆژتنى
شیفازى ڕەش !
322
من
بە عەترى شینى
داوداوى قژت مەستم
بە سەرووى قەدى ئاڵت
شێت وپەرێشان !
323
نەهاتى
لە کیسە خەوێکى شیندا
زەنگیانە زەردەکانى زەمەن
پەرشى هەدەرکەین
لە کیسە خەوێکى سپیشدا
زەنگیانە ڕەشەکانى گیان !
324
مرۆڤ
سەرسەختترین بوونەوەرێکى
گومڕایە
ڕۆژگارێکى شین
سپێرمى بێهودەیى دەوەشێنێ
بێ ئەوەى
بیر لەپڕکردنەوەى
بۆشاییەکانى بوونى بکاتەوە!
325
لێگەڕێ
با
لەسەر
کراسى
زیوبارانکراوت
بیرکردنەوە نارنجییەکانم
بنووسمەوە
لەسەر
ڕووخسارى
هەتاوباران کراوت
پیتە شینەکانى عیشق !
326
نیگام
بە
ڕووخسارى شین وئاڵۆزت
بەستراوە
دڵم
بە
گیانى سپى وسادەت!
327
لەتوێى
هەستە شینەکانەوە
ڕووە و
بیابانى زەردى گیان هاتى
لە غەریزەى
مۆسیقا شێتەکانیشەوە
ڕووەو ئایرۆنیەتى زمان !
328
کێ
دەتوانێ
ئەفسوونى
ئەو
هێمنییە نەرمە
بنووسێتەوە
کە
لە
ئاژاوەى شینى
شێوەى زبرو ئاڵۆزت
هەڵدەقوڵێ ؟!
329
کەس
نازانێ
جەستەت
پەڕەى نیلۆفەرە
و
گیانت
عەترە شینەکەیەتى
یا
گیانت
پەڕەى نیلۆفەرە
و
جەستەت
عەترە شینەکەیەتى ؟!
330
عەقڵم
وڵاتێکى سپییە
لە
پیت
زەینم
لە
عیشق وهەست و سۆز
دڵم
لە
ڕوانیین
تۆیش
بەڕووتى
لە سووچێکى شینى ڕۆحدا
نیشتەجێى
و
یارى
بە
بونیادى هەڵوەشاوەى
گشتیان
دەکەى !
331
لەبەر
تاڤگەى کەسکى
دووشەکە
مەوەستە
باڵات
بەڕووتى
فرە جوانە
ئەو هەموو
بوونەوەرە شەیدایە
نیگایان بڕیوەتە
لەنجەى شینى
ئاوە
پیرۆز ومەستەکە !
332
ئێستا
بیر لەوشڵەژانییە شینە دەکەمەوە
بەردەوام
لەپێکهاتەى شێوەتدا
دەگەڕێ
و
پرشنگى ئاڵتوونى
بە باڵاتا دەبارێنێ !
333
بوونى سپیت
لە
زەردەخەنەى شینت
دەردەکەوێ
کەینوونەى کەسکت
لە
سوورهەڵگەڕاوى
ڕووخسارت !
334
هێزى نیگەرانى زمان
نەبوایە
کێ
سیحرى
ڕووخسار وباڵاتى
دەکردە جیوەى شین
و
ئاوێتەى
ئاگرى نووسینى دەکرد!
335
سەیرى
ئەم جیهانە شینەى
نێو
چاوەزەردەکانى
کاتێ
خەزێمى دەگەزێ
لووتى
جوانترە
ئەنگوستیلەشى بگەزێ
قامکى!
336
حەزدەکەم عەترى زەردى
کراسە ڕەشەکەت
هەڵمژم
ئەنجا
شیلەى شینى
گەردنە سپییەکەت !
337
نە
تەنیا
عاشقى باڵاتم
کوشتەى ترووسکە شینەکەى
چاوى زەردیشت !
338
لەشت
دەقێکى شینى جیوەییە
کاتێ
ڕووەو جیهان
دەدرەوشێتەوە
منى ڕاڤەکارى شێت
لە
نێوان
دەرکەوتن وشاردنەوەى
دەلالەتەسرکەکاندا
زەنگیانەکانى زەینم
دەڕژێنە
نێو
بازنەى زەردى
هێرمنیۆتیکاوە !
339
زووکە
پێویستە پێهەڵبگرین
ئەم ڕێگە سپییە
تەواونابێ
و
کاتیش
ئەوەندەى بەبەرەوە نەماوە
کاتێ
گەیشتینە
کوختە شینەکە
ئاگر
خۆشدەکەین
و
پۆڕى کەسک
لەشیشدەدەین
و
ڤۆدگاى نارنجى
دەنۆشین
ئەنجا
بەسەما وگۆرانى وتنەوە
لەشى
شۆخە
پێستبرۆنزییەکە
ماچباران دەکەین
و
پیت پیت
پیتى مۆسیقاى مۆرى
وشەى
پێهەڵدەگرین!
340
دەمرم
و
لە
بونیادى شینى
گەوهەرى جوانیت
ناگەم !
341
موبتەلاى
سەوزە زیوى پەرشى
ڕووخسارى ئاڵتم
دەڵێى
گڵۆپێکى شینى
شاراوەى
سوبحانییە
لە پڕێکا
دەدرەوشێ
و
لەگەڵ
لەنجەى
خەندەى سپى
و
گەمەى
نیگاى زەیتوونیت
دەروونم
خاپوور دەکا!
342
جارێ
چێژ
لە
شەراب و میوەى شین
و
کراسى کەسکى تاریکت
وەردەگرم
دواتر
ئاماژەکانى
ڕووناکى ڕووخسار
و
هێماى
چاوە زەردەکان
و
خڕیى
بەهێکانت
لێکدەدەمەوە !
343
ئەى جوانى
وەرە
نێو
جەستەى زمان
با
شیعرم
شینبچێتەوە !
344
سپى لە ڕەش جوانتر نییە
ڕەشیش هەروەتر
سەیرى
ئەو شۆخە
شینپۆشە
لە کتێبفرۆشییەکى
سارددا
بەدواى عەترى سپى
و
شیعرى گەرمدا
دەگەڕێ
و
لە جوانییان
ڕەشدەچێتەوە!
345
شێتى
جوانییە جیاوازەکانى
جەستەتم
گیانت
خاوەندى
چ
جۆرە
جیاوازییەکى
شینە!
346
شین
لەگەل ئەوەى ڕەنگە ژمارە و ئاوازیشە
شین
هەم ڕەنگ و عەترە هەم ژمارە وئاواز
من
بەعەترى ئاوازى ژمارەى ڕەنگت
مەست و حەیرانم!
347
من
لەماڵى
شین وبێدەنگى
زماندا
نیشتەجێم
تۆ
لە کۆشکى
کەسک وبەژاوەژاوى
مەلەکووت!
348
ساردى لەشت
ئاگرێکى شینە
لە کحول
گەرمى گیانت
سەهۆڵبەندانێکى زەرد
لە کبریت!
349
ئەوەى پۆشاکە شینەکەت
داماڵێ
سەراپاى جەستەى بەفرینت
بەئاگرى گیان
دەلێسێتەوە !
350
بەلەکت لە ئامێز دەکەم
و
گازێ لە باسکى سپیت دەگرم
با بەم تێکئاڵانە شینە
جیهانى کرانەوەى وشە
ڕەوشى داخراوى زەوى
بشێوێنێ!
351
ئەى جوانى
تۆ
لە دیزاینى شینى ڕووناکى
شیعر
داى
من
لە تاریکى جەستەیەکى
خامۆش
و
نادیار!
352
شەوان
چوون
مشتێک موورووى شین
دەڕژێیتە
نێو
جیهانى کرانەوەى زمان
چێشتەنگاو
ڕوو لە
بێدەنگییەکى سپى
دەکەى !
353
وەرە
تا
کراسى شینى ڕۆحت
لەبەرە
خۆڵى شێدارى عەدەم
بۆنکەین !
354
حەزدەکەم
بەم دەمودەستە
باسکى سپیت
بکرۆژم
و
زەنگیانەى شینى
پێکەنینە زەرد
و
ئاڵۆزاوەکانت
لە
دەفرێکى ڕەشدا
کۆبکەمەوە !
355
تۆ
لەو کەژاوە کەسکەدا
چى دەکەى ؟
دەترسم باڵات بخۆنەوە
و
کراسە ڕەشەکەت
ونجڕ ونجڕ
پەرشى سەرزەوینى شینى
چێژ
بکرێت !
356
ئەوەى
لە فیردەوسى شینى
لەشت
ونبێ
خۆى لە
لەدۆزەخى زەردى گیانت
دەدۆزێتەوە !
357
لەپەو ڕوو مەکەوە
دنیا
ئاوازە شینەکەى
لە دەستدەدا!
358
گەر
ڕۆح
ئاوێزانت
بێ
جیهان لە شێوەى
سێوێکى شین
پێشکەش
بە چەقۆى سوورى
زەمین دەکرێ !
359
دوێ شەو هاتم
لەویا نەبووى
چیوا نەمابوو
دڵم شەقبەرێ
دەشزانم چرکەیەکى شین
بەڕێوەیە
و
تیایدا کەسمان
ئەویدى
نابینێتەوە !
360
وەرە
ئەى
دەرمانسازى
دەردى جوانى
منى بیمار
چاوم بڕیوەتە
بەهێى شینى
شمشادى
باڵات!