فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

هەڵوەرینی گەڵاکانی هزر لەوەرزێکی کاڵدا     

هەڵوەرینی گەڵاکانی هزر                                   
لەوەرزێکی کاڵدا     

هاژە بەرزنجی/ شاعیر / سلێمانی

ژەنیارێکی بێ ئەزموونیت
تائەوکاتەی هەنگاوەشەکەتەکانت

بەنۆتەی پێچاوپێچی ژیان
ئاشنا دەبن
تۆ چی لەژەنینی تار و
کەمانچەیەک تێدەکەیت
ئەگەر ڕێگەیەکی تاریک
پەلکێشی نەکردبیت
بۆ نێو جەنگەڵێکی سامناکی
پڕ لەوشەی غەمگین!
تاکو دەیانجار بەسەر کەند و لەندی نۆتەکانی حەسرەتدا نەکەویت
تاکو سۆڵۆی چاوەڕوانیەک مەرگت
پێشان نەدات
هەرگیز ناتوانی ئاوازێک بژەنیت بۆمانەوە!،
لەشووشەی پڕ لەدرزی
کام پەنجەرەوە
لە زاهیدێک دەڕوانیت
تا نزاکانت بەودا بنێریت بۆ خودا ؟!،
بەکۆڵێ تێکشانی ڕۆح و
بەم دڵە گەرمەوە
ونبوون لەم بیابانە سوتێنەرەدا
ئازارێکی ئێجگار قورس و نەبڕاوەیە
ئیدی وەرزێک نەماوە بۆ هاتنی
قاز و قوڵینگ و
کۆچە دوورەکانی پەڕەسێلکە،
ئیدی باران لەکاتی داکردنیدا چاوەڕوانی هەور ناکات!
لەخۆم دەپرسم بۆچی لێرەم؟
تەنیایی شعورێکی زۆرغەریبە
لەم وەرزی تەزینی نائومێدیەدا
یادگاریەکان دۆزەخێکی سوتێنەرن!
کە چاوەڕوانی شەکەتم دەکات
چاوێک بەناو جانتاکەمدا دەگێڕم دەبینم ئەو لەوێ سەری خستۆتە سەرسنگم و ئارام نوستووە
منیش هەرچەندە
هەناسەکانی دەژمێرم
ژمارە کۆتایی نایەت!
ئای لەم هەتاوە سووتێنەرە
چۆن هەراسانم دەکات و
لەخەیاڵی ناو ئەلبومەکە دامدەبڕێت
ئەو ئەلبومەی لەکاتی تینوەتیدا
پەنای بۆدەبەم
لەوێنەیەکدا
لێوم بەسەرلێوی پیاوێکی
گەنم ڕەنگەوە جێماوە
ئیرەی بەخۆم دەبەم و
دەڵێم تەنیا وێنەیەک
چۆن دەتوانێ موعجیزەیەکی واگەورە بخوڵقێنێت ؟!
بەقەدەر پانتایی گەردوون
دووریم چەشت
لەپێناوی وێنەیەکدا
کە دەشێت ئەوە
کلیلی درەگا داخراوەکانی
چارەنووس بێت!
کاتێ ڕێگاکان
پڕدەبن لەکۆسپ وغوبار
پێڵاوەکانم
دەمبەنەوە سەر کاسەی سەری
ئەو پیاوەی ژیانی کردم بەمۆمێک و لە شەوەتاریکەکانی خۆیدا دایگیرساندم ..!
ئێستاکەمن بەدوای دڵۆپێک زەرنیخەوەم
تا لەڕۆژی لەدایکبوونیدا
بۆی بکەم بەدوایین دیاری،
دایکم پێی گوتم
دەست بۆمانگ درێژ مەکە
کوا دەتوانی بەم هزرەکاڵەتەوە
یاریی لەگەڵ مانگدا بکەیت؟
دەستم برد بۆ سووراوەکەم و
لێوەکانم بە تۆخی نەخشاند
پێی گوتم
تۆ لەبەهاردا لەدایکبوویت
خۆت مەدەرە دەستی
خەیاڵی پاییزیەوە
ئەتگەێنێتە هەڵوەرین،
بە پێخاوسی
لەگەڵ جنۆکەدا سەفەرمەکە
تانەگەیت بەبیابانێکی سامناکتر لەتەنیایی،
هاوڕێبوون لەگەڵ جنۆکەدا
کراسێکی لەبەرنەکراوت بۆناهێڵێتەوە،
دایکم بەحیکمەتەوە لەگەڵ ئەفسانەکاندا دەژیا،
منیش لەنێوانی خۆرئاوابوون و بێدەنگیدا خەودەمباتەوە
ژاوەژاوی مرۆڤەکان جێدەهێڵم و
بە ئارامی ڕۆحم
بەدەنگی باڵندەیەکی تەنیا دەسپێرم!،.
لەنزاکانمدا دەڵێم
خودایە کەبەهارێکت پێنەبەخشیم و نەتکردم بەهاوڕێی گوڵەکان
ئەی بۆچی واتکرد لەباخچەی
پیاوێکی نا ئومێددا
گۆڵ بەدەستەکانی من بڕوێت؟
***