فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

سەفەری سوورو فرمێسکی ئاو

سەفەری سوورو
فرمێسکی ئاو

حەمە ئەحمەد جاف  / شاعير و نووسەر / هەولێر

     

کزەی دەروون
بۆکڕووزی هەناسە
هاواری هەوری ناخ
ئاگر لەجوانییەکانی سروشت بەردەدەن!
نەورەسەکانی کەنارو
کۆترە سپییەکانی
سەرگومەزو حەوشی مزگەوت ،
حۆریەکانی فیردەوس و
فریشتە سپییەکانی
بەهەشتی ئەفسانەیی کۆچێکی تاڵ
دەدەنە دەست نیشتیمانێکی فڕیوو!
***
ئێستا ئەو
لەو نیشتیمانە فڕیوەدا
تەونی خەیاڵ دەچنێ و
لە سیمای ڕووخساری لاپەڕەکانی توحفەی تەئریخەوە
ڕۆژ
خەون بەشەودا دەنێرێ و
ئاسۆ
ڤیزەی فڕین
دەداتە نەورەسەکانی دەریا و
کۆچ
ئەژنۆی هەنگاو دەشکێنێ
گۆچانەکان دەخاتە ڕێ و
کڕنۆش بۆ (ئەو) دەبا
ئەو
لە بەزمی ڕەشبەڵەکی
تێکئاڵانی پەنجەکاندا
دەکەوێتە گەمەو سەما
سەمایەکی عەجول و
عەییاری جاویدانی !
عەییار
وەک وەنەوزی چاوی خومارو خەواڵووی خەنەیی کچی خۆر !
عەجوول
وەک گەمەی گۆناو
شڵپەی ماچی تاڵی دەریا !
ئێستا نیشتمان
ملوانکەیەک، لە موورووی شین
بۆگەردنی زەرد
(خونچە)هەڵوەریوەکانی کەنار
دەهۆنێتەوە و
لە حەواڵەیەکدا
بۆ وڵاتی گوڵ و
فریشتە چاوسەوزەکانی سروشت و
سەمای حۆریەکانی بەهەشت!
سەمای حۆری و
سەفەری سوور !
(مەنسا) بووکی سپی
نێوکەژاوەی نیشتیمانێکی (ئارام)و
لێوپڕخونچەزەردەخەنەی بێ سنوور
(مەیلی )بزەی هێشووە عیشقێکی هەڵوەریووی هەڵووژەیی ( پشدەر)
ئەمشەو (ئارام)
ملوانکەیەکی ئەفسووناوی
دەکاتە گەردنی خەونی فڕیووی
(مەیلی) و(مەنسا) و
خەناوکەی خەونێک
دەکاتە پاموورەی خەیاڵی
سەرپەنجە خەناویەکانی (خونچە)و
گەردنی نیشتیمانێکی سوور !
نیشتیمانێک لەسەر پشتی شەپۆل
نیشنیمانێک ، ڕەشەبا و
سەدای سەوڵی شڕەیەختێکی،
فڕیووی دەریا ڕایدەژەنێ
ئەو دەریایەی
ڕەنگ و ڕواژای
خۆڵەمێشیی شەپۆلە توڕەکان
سیمای جوانی
نەورەسەکانی کەنارو
گومەزەکانی سەرنج و تێڕامان
دەکاتە قەڵەمی مەشهەدی ئەفسانەیەک
لە داستانی مەرگ و تەئریخ!
قەڵەمی ئەفسانەی ژیانێک
مەرگی زەردەخەنە و
تەئریخێک لە تەمەن
بۆ ئایندە دەنووسێتەو  !
ئایندەش
سەرنجێک لە سروەی فڕینی
ڕۆحی سپیی ( ئارام و خونچە)
سرووەی فڕین بۆ
مەئوای پڕ لە یادگاری
خونچە هەڵوەریوەکانی باخی شار
کۆترە سپییەکانی
سەرگومەزی کوڵمی سەوز
مزگەوتی گەورەو خانەقا
ئێستا(خونچە)
لەنیشتیمانە ئەفسانەییەکەی (ئارام) و
خەیاڵی منداڵیی (مەنسا )و(مەیلی)دا
شنەیەک لە سرووەی نەسیمی سپێدەی (ئاسۆس)
ئەگرێتە باوەشی،..
هەناسە وەریوەکانی (پشدەر)
ئەو شنەیەی لێرەوە
بەرەو ڕووی (ئەو) دەچێ و ..
دەبێ بە باوەشێنی
تەوێڵێکی شێواو و
هەنگاوی شەکەت و ماندووی ڕێگایەکی دوور
دوور …
لە ژیان و خەیاڵ و ..
سیمای ڕووخسارو..
گزنگی گلێنەکانی سەرسنوور
تەوێڵێک پڕ لەچرچ و لۆچی ڕۆژگارو تەمەنێکی پیرو بابردەڵە
تەمەنێک لە تاریخی ئازارو
حەسرەتی نان
حەسرەتێک پیرتر لە ژیان و تەمەن
ئێستا ئەو
لەخەیاڵی خەونی خەواڵووی غوربەتەوە
لەگەڵ ڕۆحی سپی
حۆریەکانی (بەهەشتی پەنابەراندا )
دێتەوە سوێ
سوێی سیمای سۆمای پڕ ئەسرینی قەڵاو (داری والی)
لەگەڵ برووسکەی هەوری توڕەی
ئاسۆی ڕدێنسپی قەندیلدا
بەسەر باڵی ڕەشەبادا
ڕووەو شار دەفڕێ و ..
لەگەڵ ڕۆحی سپی (چواس) و (مامەندە) دا
بە دوای چنگێ لە زەردەخەنەدا دەگەڕێ!
بۆ لێوە ئەسرینبارەکانی شەوانی تەنیایی شار !
بەدوای بەحرێک فرمێسکدا
بۆ نیگاگریاوەکانی
چاوی فڕیوی نیشتیمان
بەدوای (ڕەنج) دا بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکانی ئیجە و
سەفەری سووتاوی سووری هەتاو!
بەدوای قاقای یەختێکی شڕو قاچاخچییەکیشدا
بۆ خنکانی ئاو !!
***
ئێستا ( خونچە)
لە مەئوای ڕەنگاڵەیی غوربەتەوە
بۆ بێشکەی شاری شیعر و
نیشتیمانی شیرینی نەورەسەکانی کەناری زێی بچووک و
هێلانەی نغرۆی حاجی لەقلەقە کۆچەرییەکانی سەر سپیدارەکانی چۆمی ( وەستا سێمان) و (ئاڵاوێ)
دەگەڕێتەوەو
یادەوەری
کۆڵانێک لە ڕەنگی نیشتیمان
گۆلمێک لە شەبەنگی هەتاو !
لوێچێ لە تۆزی غوربەت و
چنگێ لە فرمێسکی دەریا
دەکات پریاسکەیەک
خەمی گرمۆڵەیی و
تەمەنێک لەشەکەتی
شڕە یەختی کۆچ و
سەفەری سوور !
ئەو سەفەرەی
یەختی کۆچ و
قاچاخچییەکانی ئیجەو
ژوانی شەپۆل و
نیشتیمانی ئاو دەخنکێنێ !
***
24 /6/2024
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ
تێبینی:
ــــــــــــــ
ـــ( ئارام عەبدولڕەحمان حەمە و خونچە مەلا نەبی و هەردوومنداڵەکەی ( مەنسا و مەیلی )           ئەندامانی خێزانێکی کۆچبەری پشدەریی، کە لە ڕۆژی ١٩ / ٦ / ٢٠٢٤ بوونە قوربانیی یەختە   نقومبووەکەی کەناراوەکانی ئیتالیا