فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لە پرسەکەمدا

لە پرسەکەمدا

زانا خەلیل/ شاعیر/ ئەلمانیا

لە پرسەکەمدا
لەگەڵ ئاوازى مەستانە و
دەنگى پڕ لە سۆزى خوێنەرێک
کە سوورەتەکانى یوسف و ڕەحمان دەخوێنێ
قەینا دۆشدامینێن..
بڕۆنەوە ناو یادگە و بیرەوەرییەکانى خۆتان
بەڵام هەرگیز مەپرسن و مەڵێن:
_بۆچى مرد؟ هێشتا زوو بوو.
_دوێنێ بە مۆبایل لەگەڵى دوام، بەڵام پێى نەگوتم کە ئەوڕۆ دەمرێ!
_بەر لەوەى بمرێ بە تەنیا لە سەربان پیاسەى دەکرد، چونکە پێشبینى ڕژانى ئەستێرەیەکى دەکرد.
_دواى عەزابێکى کەم لە دۆزەخەوە دەیگوازنەوە بەهەشت.
_دەبێ ئەوشۆ مەلائیکەت چى بەسەر بێنن؟
_کوڕێکى باش بوو، رۆمانیشى دەنووسى.
_پیاوێکى خراپ بوو، شەڕى بە شیعر دەفرۆشت.
_خانەدان بوو، بەڵام کحول کووشتى.
_هیچ نەبوو، بەڵام پیاو ناچارە بچێتە پرسەى سەگیش.
_ئەوەى من دەیزانم هیچ،
خوا بزانێ چەند شتى قۆڕترى کردیە.

لە پرسەکەمدا
لەگەڵ ئاوازى مەستانە و
دەنگى پڕ لە سۆزى خوێنەرێک
کە سوورەتەکانى یوسف و ڕەحمان دەخوێنێ
قەینا دۆشدامینێن و
بڕۆنەوە ناو یادگە و بیرەوەرییەکانى خۆتان و
سەبارەت بە منیش
تەنیا شتێکتان بێتەوە یاد و بڵێن:
ماشەڵڵا یادى بەخێر، چەند مەراقى ژن بوو!!؟

زانا خەلیل/2006