فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دەستم ناگات بە ژیان

دەستم ناگات بە ژیان

هاوشان سوهەیل / شاعیر / سلێمانی

 

ڕادەكەم و پێیەكانم درز دەبەن

ژیان بۆتە سێبەر و پێی ناگەم

منی بەرسیلە بە شوعلەی پێگەیشتن

هەر ئەوەندە لە ژیان دەزانم

كە سفرە

سفر وەك ڕوومەتی منداڵێك سفر

وەك بەختی پەڕەسێلكەی ناوچەوانم

ئاخۆ كەی ژیان قەتڵی بێزاریم دەكات؟

كەی مانگ چواردەش نەبێت

گەزۆ لە ڕۆحم دەچۆڕێنێ؟

ڕادەكەم و دەمەوێت لە سێبەری ژیاندا

پشویەك بدەم ،نایدەم !

ڕادەكەم و چش لە پێیەكانم

پێیەكانم نەیان بردم بۆ لەزەت

نەیان بردم بۆ باخی شكۆفەی شەرەفمەندی!

حەوسەڵەی زۆرم نیە،

ژیان لای من باخێكە

كرم پادشای درەختەكانی چ نەمامێكی وشكهەڵاتووم ،

هێزم نیە بەهار سەوزم بكات

هێزم نیە بەخاتری بەری جەژنێك هەستم

بە ژیان بڵێم روخسەت هەیە كەمێك دڵخۆشیت لێ بكڕم ؟

هەی لێ ئەمە چەند گریانی دەوێت !

بە قافیە شێتەكانی شیعرێك

نركەی گریاوی شەوان ،

گۆرانی مەلی ئاسمان نەمرین

سپی سپێدە شەكری لێ دەبارێ

دەڵێن دوای ناخۆشی خۆشی دێت

خودا سوێندی بە سپێدە و شەو خوارد و بە خاتەمی گوت :

ئەوەی بۆت دێت لە ڕابردووت گەشترە !

ئێوارە دەتكوژێ

لە سپێدەدا لە پێچی ئیماندا لە دایك دەبیت

سێو چەقۆیەكی دەوێ لەتی بكات

دڵی من تۆ لەتت كرد!

تۆ كە شەهادەتت تەقوای سەد قەدر بوو

خودات لە كوێ ونكرد

ئەی مرۆڤ وا بوویتە بكوژی ناسكی !

زەریفی دواهەمین نوری ئیلاهی بوو

مانگ نیگایەكی كەسكونیە

بە زیوی ناز بەسەر شەودا دەكات

شەویش لەگەڵ ڕۆحدا قسە دەكات

هەر بۆیە پشو لەودا نەبێت

چاوت دەزولە ناكات

تاریكی ژیان لە تاریكی شەو قورسترە

هێشتا لە نیوەی ڕێگەدام و

ژیان دەستی لە من بەرداوە

سەیركە وەفا چ مێخەكێكی بۆنخۆشە

شەو كەشفی ناكات !

ئەوەندە شعورم لێڕژا

بەشی هەفتەیەك لەگەڵ خۆمدا بۆ سفربوونەوە بگریم

چەند جوامێرییە

تەڕی سینە بە فرمێسك چەند بردنەوەیە

كە بدۆڕێی لە بۆشایی دڵڕەقیدا

خودایە مرۆڤێكی لە گۆشت و خوێن

بۆ ئەم سەدەی بیستویەكە گونجاو نیە

پۆڵایەك بەردێك نیە لێمانی دروست بكەی

با بەرگەی هەڵوەرین بگرین !!