فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

نامەی غوربەت و دووری

 

نامەی غوربەت و دووری

سەلما تۆما کاکۆ/ شاعير و نووسەر/ ئەڵمانيا

 

 

٭ ٭ ٭ ٭ ٭ ٭
لە کەناری غوربەت ودووریتا دەژیم و
گوێ قوڵاخ بۆ تەقولبابی دەرگا !
ئێستا نیگای تەڵخم
لە فرمێسکەکانی سەرگۆنای پەنجەرە شکاوەکانی دڵی ژەنگگرتوومدا دەشۆم !
ئەودڵەی
لە نیگای مێژووی ژیان و تەمەنی گڕگرتوومەوە
لەگەڵ ژان و ئازارا ماوەتەوە !
٭٭٭
ئەی نیشتمان !!
تەمەن و ژیان و تاسەی دووری
لەگەڵ مندا پیربوون!
ئا …لەگەڵ ئێمەدا
خەزانی غوربەت هات و..
منی لەگەڵ ئازاری دووریی و..
گێژەنی خەمەکان هەڵوێزنی !
هات و لە ڕاڕەوی ژیاندا
منی بەر چەقۆی غوربەت دا
ئەو غوربەتەی ،
لە سەمای مەرگی بەهاردا
شایی وەرزی هەڵوەرینی گوڵەکان
لە پاییزدا دەگێڕێ!
٭٭٭
ئێستا من لێرەم
لێرە… لەگەڵ میوانێکی،
بێ موبالاتی بەردەوام و..
کوڕێکی پاییزیی و..
دووکچی دڵکەسکی بەهاریی !
لێرەم لەگەڵ
ڕۆحی سپی فریشتەیی
شیعری ژنێکی خۆشناوەتی!
لێرەم ..هەرلێرەوەش
سەرئەکەم بە ماڵی غوربەتتدا
ئەو ماڵەی،
ژیان لە غەریبییدا دەچنێتەوە!
ژیانێک ..
چرکە بەچرکە بۆ (گەڕانەوە) دەژمێرێ و
ڕۆژ لە تەمەن و
مانگ لە چاوەڕوانیدا متوربەدەکاو
خەندە ئەخاتە سەرلێوی شیعرو
لەرە ئەخاتە درەخت و
هاژە ئەخاتە ئاو
عیشق بە جوانیی سروشت ئەداو
تەمەن ئەخاتە ناو گێژەڵووکەی مەرگ و
ئەوین  ئەداتە دەم (با)
(با)ی ژیان
ئێستاش ئەمن بەو (با)یە دەژیم
لەلای (ئەو) و..
لە نیشتیمانی برینەکانمەوە هەڵدەکا !
٭٭٭
ئێستا لێرەم
لێرە.. هاواری تاساوی ژیان و
نامەی غوربەت و دووریی
لە وێنەی سروشتی نیشتماندا
دەخوێنمەوە!
لێرەوە
لە گەڵ شنەی سەفیندا دەشنێمەوە و
ژیان دێنمەوە نیشتمان و
لەگەڵ شەقڵاوەدا
عیشق دەخەمەوە باخەڵی

پیرمام) و
لەعەنکاوە ئۆقرە دەگرم و…
دەبمە پاڵەوانی،
ڕۆمانێکی چاوبەفرمێسك و
پڕ لە برینی شارێکی بێ بەهار
ئەوشارەی
ساڵانێکە لێك ونین !