فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تۆی

تۆی

ڕەسوڵ سوڵتانی/ شاعیر و وەرگێر/ کەنەدا

هەواری سەوزی ئاوات و گوڵی سادەی ئەوینم تۆی
هەتا هەست و هەناسەم بێ، پەریزادەی ئەوینم تۆی
هەتا دەمرم قەرزباری ختۆكەی نامەیەكتم من
هەتاكوو ئەوپەڕی شاری غەریبیی من، برینم تۆی
بە هەر كوێدا دەڕۆم دار و شەقام یادت دەپرسن لێم
دەزانن نوێژ و ئەلف و بێ و وشە و ڕێباز و دینم تۆی
لە ساتێكدا بزەم دەخزێتە لێو، چاویش بە فرمێسكم
بەڵێ چاوگەی ئەوین و خەم، گرین و پێكەنینم تۆی
بیابانی تەمەن تا چاو هەتەر كا وشكەڕۆ و قاقڕ
لە لووتكەی نائومێدیدا نمەی بارانی ژینم تۆی
دڵی تێدا نەبوو سینەم، دەمێ بوو مردبووم، ئەمما
لەوێ ترپەی ژیانێ هات، كە سەیرم كرد، دەبینم تۆی