فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

زیزا 

  زیزا 

چیرۆک

ئومێد قەرەنی/ چیرۆکنووس/ هەولێر

ئازارەکە دەتگوت زەوییە لە بازنەی کەمەریدا دەخولێتەوە.. فرە بێبڕست و جاڕس ببوو. پاش ئەوەی لە پیاسەی سبەینانیدا لەسەر شۆستەیەک زرمەی لە عەردەکە هەستاند.. بە ناچاریی لەسەر جێیەکەی پاڵکەوت.

 

(پزیشکەکە رێنوێنیی پێدا و دڵنیای کردەوە دەبێ بە لایەنی کەم یەک هەفتە پشووبدا و زۆر جوولە نەکا).

– چاکدەبیەوە خانم.. تەندروستییت وەک خۆی لێدێتەوە.

 

هێشتا تەمەنی خانەنشینیەکەی مانگێکی پڕنەکردبۆوە دووچاری ئەو گرفتارییە بۆوە. بەرلەوەی تووشی ئەو دۆخە ببێ نەخشەی بۆ تێکڕای کاتەکانی دانابوو؛ گەشتەکان، سەردانەکان، چوونەدەری ڕۆژانە، پیاسە و کۆبوونەوە لەگەڵ هاوڕێیەکانی… لێ هەنووکە تێکڕای خەون و خولیایەکانی هەڵپەسێردراون!

 

– زیزا.. (بانگی ئەو ڕۆبۆتە بەژن باریک و بزۆزەی کرد کە لەو کات خەریکی شوشتنی جل و جینگوڕەکان بوو) خێرا وەرە زیزا.

پەرداخەک ئاوم بدێ.. وەختە بخنکێم لە تێنان. ئەرێ گوێت لێیە زیزا؟ چت لێهاو؛ دە وەرە هەی نەفرەتیی.

– فەرموو ئەوە ئاو خانم. حەزت لە هیچ هەیە؛ دەتەوێ بتشێڵم تا خاوببیەوە، بێژە چت بۆ بکەم؟

– نا.. ئێستا دەمەوێ وەتەنیا جێمبهێڵی (لەپڕ بەتووڕەییەوە فەرمانی پێکرد شۆربایەکی جۆی بۆ چێبکا) هێی بۆچی دانیشتووی و بەو شێوەیە تەماشام دەکەی؟ هەستە کات وەفیڕۆمەدە هەی گەمژەی تەمبەڵ، زۆر شت ماوە بیکەی… ماڵەکە لە نێو تەپوتۆزدا نوقم بووە و بوویتە گووفەک. زیزا دەزانی لەوانەیە بەو زووانە وە مۆدیلێکی دیکەت بگۆڕمەوە کە لەو دواییانە هاتۆتە بازاڕ.. گەلەک لە تۆ خێراتر و ژیرترە.. جا زۆر رووخۆشتریشە. دەزانی زیزا تۆ زۆر وە ئاسانیی و هەر لەو گۆڕەی دەست وە گریانێ دەکەی و باری دەروونییم تێکدەدەی. هەستە واز لە گریان بێنە.. دەی خێرا دەست وە کارەکانت بکە.

 

زیزا ڕۆیشت و ئەو دڵۆپە فرمێسکانەی سڕیەوە کە کەتبوونە سەر جەستە کانزاییەکەی. دەرکەی سارنجەکەی ڤاڵاکرد تا کەرستەکان دەربێنێ.. بەڵام جامێک شیر رژایە سەر زەوییەکە و هەستیکرد خەریکە دەخلیسکێ.. هەر نەیزانی چۆن ئەوها بەربۆوە.. ویستی هەستێتەوە بەس بێهودە بوو، بورغییەکی گەورە لە چەناگەی ڕاستیەوە هاتەدەرێ، هێندێک بیریکردەوە و هەستی بە بێئومێدیی کرد.. لە دڵی خۆیدا گوتی دڵنیام ئێستە فڕێمدەداتە نێو زبڵدانەکە.

 

– زیزا لە کوێی؟ بەس بزانم! لە کوێ خۆت شاردۆتەوە.. پیویستیم پێتە بۆ نایێی!

– لە کن سارنجەکە کەوتووم و ناتوانم هەستمەوە، چەناگەم تووشی گرفت بووە.

– چ چ! ئاخر بەلاش نییە هاوارت بەسەردا دەکەم، ئێستا چ بکەم؟ هەی ئامێری بێتوانا و هیچوپووچ!

 

*   *   *

ڕۆژی دواتر ڕۆبۆتە نوێیەکە گەیشتە لای خانم.. لێ تەنیا توانی ناوەکەی فێربێ. زیزا لەو دەمەی دەیانبردە رۆنینگەی تایبەتی چاککردنەوە لەبەرخۆیەوە دەیگوت داخۆ هەرگیز جارێکی دیکە بتوانم لەسەر پێیان بوەستمەوە یان هەڵمدەوەشێننەوە و ڕۆبۆتێکی باش و سەردەمییانەتر لە مندا چێدکەنەوە؟

 

دە ساڵی رێک زۆر بە رێکوپێکیی چاودێریی کرد و هەر شتێکی ویستبا بۆی ئەنجامدەدا. لە سەرەتادا خانم گەلێک پێی سەرسام بوو.. زۆر بە جوانیی قسەی لەگەڵ دەکرد و رێز لە نێوانیان هەبوو، لێ پاشان وردە و وردە هەڵسوکەوتی لە بەرانبەری گۆڕا بە تایبەتییش لەو دواییانە و بەر لە رووداوەکە هەمیشە پێی دەگوت کە چەند بێتوانا و ناڕەسەنە! ئیدی زیزا هەستیدەکرد کە زۆر سووکایەتی پێدەکا لێ هیچ چاری نەبوو!

 

هەفتەیەک لە رۆنینگەکە مایەوە و لە هەر دەمێکی دیکە پتر هەستی بە بەهێزیی دەکرد.. بورغییەکە گەڕێندرابۆوە شوینی خۆی و بێ هیچ کەموکوڕییەک سازیاندابۆوە بۆ کارکردن. بەس ئەو جارە کێ دەیبا (کێ دەیکڕێ)؟ هەر زارهەراش و بەدگۆیەکی دیکەی وەک خاوەنەکەی دەبێ؟ بێ گومان هیچ کەسێ پێش ڕووداوەکان فرتوفێڵەکانی دەرناکەون و لە سەرەتادا کاتێکی خۆشی لەگەڵ دەبەنەسەر..

 

کاتێک کە پێیانڕاگەیاند ”ئێستا ئامادەی بۆ کار و سبەینێ دەتگەڕێننەوە ماڵێ” یەکسەر گوتی:- کام ماڵ دەبێژن، ئیدی لەوێ منیان ناوێ، ڕۆبۆتێکی نوێیان پەیداکردوە لە من تازە و سەردەمییانەترە.. شتانێک کە ئەو دەیزانێ ئەمن نایزانم، ئەگەر خانمەکەم دووبارە بمبینێتەوە دیسان دەست وە قیژەقیژ دەکاتەوە!

 

– ئەرێ وایە. چون زۆر لە تۆ تازەتر بوو و خاوەنەکەشت وە تەمەندا چووە لەبەرهەندێ نەیتوانی لەگەڵی هەڵبکا و ڕێکبکەوێ.. ئیدی وە نائومێدییەوە داوای لێکردین کە تۆ بگەرێنینەوە تەنانەت هەموو تێچووی سازاندنەوەکەشتی داوە!

 

ڕۆژی دواتر خانم بە زەردەخەنەیەکی شیرین لێ بە دەنگێکی تژی لە بێزاریی و ناچاریی پێشوازیی لێکرد:

– وەخێربێیەوە زیزایە گچکەلانەکەم!

ئەویش بە نەرمونیانییەکەوە چەند پەنجەیەکی خستە نێو قژە بژ و شێواوەکەی:

– چت پێشکەشکەم.. بێژە خانمەکەم..