فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئاشق

ئاشق

هونەر موکريان/ شاعير / مەهاباد

 

ئاشقێ ڕێڕەوی ئازات دەبم رۆژێکی
تۆ یەخەم بەرمەدە، من لات دەبم ڕۆژێکی

گەورە ئوستادی، دەدەی کیشم و تەنیا شایێ
بچمە هەر خانەیەکت، مات دەبم ڕۆژێکی

هێندە پێداگری ڕاگرتنی من بۆ چی بی؟
دیارە کەوتوو لە بەری پات دەبم ڕۆژێکی

کارگێڕی هەموو کاتێکی دڵم بۆ خۆتی
خۆم و گرتەی غەزەلێ، کات دەبم رۆژێکی

داستانی من و تۆی شەو، کەسەرێ گێڕاوە
قارەمانێکی بەرسەرهات دەبم ڕۆژێکی

دەمکوژیت و ئەسەری کوشتنی من دەسڕێوە
وەکوو جوڕمت لەسەر ئیسبات دەبم ڕۆژێکی

سوێند بە ماچێکی کتوپڕ کە دەبەخشێ ژینم
شێتی ئەو سەردەمە بەخودات دەبم رۆژێکی

دڵە یانی چی بە بەرماڵی حەزم نازانی؟
شەرتە بۆ نوێژی غەمت تات دەبم رۆژێکی

دەژەنی حاڵێ دەفی سینە کە حەڵقەی مەمکت
دەلەرن،،،، جەزمی بە حاڵات دەبم ڕۆژێکی

بدە ماچێک و تەماشاکە منم گیانی ناب
پێم نەدەی نابم ئەگەر دات، دەبم ڕۆژێکی

بەو سەعاتەی لەوی دەیبینی ، دڵی دەستێنی
دڵبژێری هەموو ساعات دەبم رۆژێکی

کوشتمی هێندی بڵێ گیانم ئەرێ یار دەبی؟!
پەککو پێداگرە!!!!!هەیهات!!!! دەبم ڕۆژێکی!

پێی کوتم ڕێگە ئەوەندەی لەسەری تێپەڕ بووم:
پڕ لە تاسە و حەز و ئاوات دەبم ڕۆژێکی

هونەر ئەو تفڵە گرینۆکە دەکا پەروردە
ئەو دڵەم، پیری کەماڵات دەبم رۆژێکی