فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

کوردبوون

کوردبوون

نوری بێخاڵی/ شاعیر/ ڕواندز

تا هەم،
لەناو برینی نیشتماندا،
لەناو ئازاری کوردبووندا،
بۆ بوونی خۆم دەگەڕێم
من بە برینی کوردبوونەوە ماومەتەوە و
پیرییم بە گۆچانی خەمەکانی نیشتمان سپاردووە
ئەرێ،
شەڕی براکان گەنجێتیمانی پیر کرد و
بێدادیی وەک مۆرانە دەمانخوا
وەلێ،
نیشتمان لەبەرچاو ناکەوێت و
قێز لە کوردبوون ناکرێتەوە
وەک تۆ،
لەو هەموو داهۆڵە تووڕەم،
کە کۆترەکانی نیشتمانیان تەرە کرد
لەو هەموو چەرچییە بێتاقەتم،
کە کوردبوونیان خستۆتە مەزاد
بەڵام،
کێ دەمی دەگرێت بەسەر نیشتمان بقیژێنێت؟
کێ دەستی دەچێتە شکاندنی دڵی کوردبوون؟
بیرت نەچێت،
لە بێ ماڵیدا،
خەونی بەختەوەریی،
درۆیەکی گەورەیە
لە بێ ناسنامەییدا،
بوون بێ مانایە
خەریکە یەکڕەنگیی کوێرم دەکا
سوێی پەلکەزێڕینەیەکم لە ئاسمانی کوردبووندا
کوشتەی دەستی یەک وەرزەم،
کە نیشتمان بە چوار وەرزییەوە جوانە
دەزانم،
تا پێیان بکرێ،
نایەڵن گوڵی گۆرانیێک لە سەری نیشتماندا شکۆفە بکات
بەڵام هەرگیز ناتوانن،
باخچەی نیشتمان لە سەرمدا سیس بکەن
قەت ناتوانن،
گۆرانیی کوردبوون لە زەینمدا بسڕنەوە
نیشتمان هێندە تەنگ نییە
هێشتا دەلاقەیەکی هەیە بۆ پشوو
ئەو دەلاقەیە، ناوەوەی خۆتە
کە تەنیا، لەگەڵ خۆتدا پیاسە دەکەیت
ئەو کڵاوڕۆژنەیە دەدۆزیتەوە
نیشتمان بەم هەموو پرسەبارییەوە،
هێشتا پڕیەتی لە ئاواز
کوردبوون،
ئەگەرچی لۆچ کەوتووەتە نێوچەوانی
هێشتاش سەرشارە لە گەنجیی
ئەوەتا،
نیشتمان هێشتا بەخشندەیە و
بەم هەموو برینەی خۆیەوە،
کە بە دەستی ئێمە تێی کەوتوون
ئازارەکانی ئێمە دەلاوێنێتەوە
کوردبوون هێشتا بێدارە و
بەم هەموو ژەهراویکردنەیشیەوە،
لە زەینماندا ڕۆشن و
لە زمانماندا شیرین دەچێتەوە
واز لە حزب بێنە
درۆی کرد ئەوەی گوتی و دەڵێتەوە:
“حزب باوکی مناڵێکە، کە بێ باوکە
حزب لانکی مناڵێکە، کە بێ لانکە”
بەڵێ، درۆی کرد
حزبەکان منداڵە بێباوکەکانیان بۆ دۆزەخی ژیان،
بۆ بەدبەختی خۆیانیانی جێ هێشت
لانکەکانیان بۆ کردن بە تەلەفزیۆن،
تا گێژیان بکەن
دەزانم لەخۆوە کوردبوون سەختە
چیتر بەرگەگرتنی بێدادیی ئەستەمە و
بەرگەی ئەم هەموو دڵشکاندنە ناگیرێت
بەڵام وەرەوە هۆش خۆت و
بیرت نەچێت
ئەو تفەی لە نیشتمانی دەکەیت،
بەر تەوێڵت دەکەوێتەوە
ئەو ڕقەی بە کوردبوون دەیڕێژیت،
ڕۆژێک دێ ویژدانت دەکرۆژێت
سەیرکەن،
بەم هەموو دڵڕەقییەی ئێمەشەوە،
نیشتمان هەموو وەرزەکان کاژی نوێ فڕێ دەدات
بەم هەموو خۆدزینەوە شەرمنانەمان لێی،
کوردبوون هێشتا بەڵگەی تاوانباریمانە!