فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دەنگی برینێک لە سەرمدا دەزرنگێتەوە

دەنگی برینێک لە سەرمدا دەزرنگێتەوە

نوری بێخاڵی/ شاعیر/ ڕواندز

خەو چاوشارکێم لەگەڵ دەکات
دەبێ نازی بکێشم تا دەڕژێتە چاوەکانم
تا دێت، زۆری پێ دەچێت
کەچی وەک منداڵێکی بزۆز،
تک نادا و لە چاوانم دەتورێ
زۆر نییە خەوتووم
لەناو سەرینەکەیە یان لەژێرییەوە،
زیکە زیکێک دەبیستم
خەوم دەزڕێ و ڕادەپەڕم
دەنگەکە دەناسمەوە
دەنگی برینی ناو سەرمە لە گوێچکەمدا دەزرنگێتەوە
دەنگێکی غەمگینە
بریا دەمتوانی خۆم کەڕ بکەم و
چیتر نەیژنەوم
من برینداری چەقۆی تیژ و
گوللەی وێڵ نیم
هی دڕکی گوڵ و
تیشکی چرام!
من کوشتەی بەڵای ناوەخت و
ڕووداوی لە پڕ نا
هی کەمینی پێشوەخت و
دەستی ئاشنام!
بێدەنگ، بەڵام بە هێز
بە خوێنساردیی، وەلێ دڵڕەقانە
بە سادەیی، بەڵام قووڵ
بە نەرمیی، وەلێ کوشندە
پێکرام
بێ ئەوەی بە خۆم بزانم
فڕێ درامە سەر لێواری مردن
ئەوەتام،
وەک تەرمێکی نیوە مردوو گینگڵ دەدەم
بریندارم و ئازار دەمخواتەوە
برینێکی قووڵ و ئازارێکی زۆر
وەک کەسێک،
کە بە پێی پەتی بەناو بەفردا بڕوا،
یان بە پێخواسی بەسەر پشکۆدا ڕێ بکات
هەست بە ئازاری پێیەکانی دەکات
بێداریی،
ئەو بەفر و پشکۆیەیە و
یادەوەرییش،
ئەو دوو پێیە ئازارچەشتووە
بێداریی بەڵایە
فوو بە ژیلەمۆی یادەوەرییەکاندا دەکات،
کە لەژێر خۆڵەمێشی کوانووی خەودا،
خەریکە خامۆش دەبن
بێداریی
چرکەساتی کولانەوەی برین و
پەرشبوونەوەی بۆگەنی بیرەوەرییە
بە فەزای خۆتدا
خۆزگە لە وەرزێکی سارد
لەناو سڕ و سایەقە
لە ئەشکەوتێکی سارنجدا دەخەوتم و
زەین و ئاگاییم دەیبانەست!