فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ھەمیشە لە ناوەختا دێیت..!

ھەمیشە لە ناوەختا دێیت..!

قادر وەرتی/ شاعیر/ ئەلمانیا

قاچێکم خستۆتە سەر بەلەم و
خەریکم ئەوەی تر لە کەنار دوور دەخەمەوە،
کەنارێک نە گۆرانیەکی تیا باڵ دەگرێ و
نە چرای جێژوانێک پڕشنگی تیا ئەدا..
کەنارێک ؛
تاریک وەک شەوە بێ چراکانی نیشتمان،
وەک شوونپێی لەشکرێکی دۆڕاو،
وەک پاشماوەی کێڵگەیەکی سووتماک!
دەنگێک دێ؛ رادەچڵەکم
دەزانم دەرگا نییە،
دەچمە لای پەنجەرەکە
دەبینم خۆتی لە پاڵتۆی باراندا
تک تک..
تک تک
لە پەنجەرە دەدەی،
وەک ئەوەی شتێک بنووسیت،
وەک ئەوەی پەیامێک جێبێڵیت و
وەک ھەمیشە بڵێیت مەڕۆ..
کەچی کە باران لە گۆرانی گوتن دەکەوێ
ئەوەی لەسەر پەنجەرەکە نووسیوتە
دەیسڕیتەوەو
خۆت دەڕۆیت..!
تۆ ھەمیشە لە ناوەختا دێیت،
کاتێ بە بلیتێکی یەکسەرەوە
دەمەوێ سواری فڕۆکە بم
،
دەست دەخەیتە سەر شانم و
دەڵێی وەرە
با بە یادی جاران قاوەیەک بنۆشین..
کە دەمەوێ سواری کەشتییەکە بم
لە دواخولەکدا دەستم دەگری و
دەمبەیتە پیاسەیەکی کەنار دەریا..
بەلەمەکە دوور دەکەوێتەوەو
من لەو کەنارەدا تەنیا لم ھاودەممە..
فڕۆکەکە لە چاوان گوم دەبێ،
من لەو چۆڵەوانییەدا
سەرگەرمی خوێندنەوەی لاپەڕە بێ کۆتاکانی تەنیاییم..
ئێستاکە چیم ھەیە جگە لە جانتایەک
پڕ لە بلیتی سووتاو!
ئێستا کێ ھاودەممە ،
جگە لە کتێبێک پڕ لە بیرەوەری و
کەنارێک خوێناویی
بە خەونی لەخاچدراو..!