فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

کۆچی بەھاکان !

کۆچی بەھاکان !

د. ئيدريس عەبدول/ شاعیر / هەولێر

 

ئێمە لە دەریایەک دەچین

کە شەپۆڵەکانی خۆمان کەلەپچە کردووە

لە گەدەی ئەژدیھایەک دەچین

کە چەندین لاشەی گەنیومان تێدا ھەڵگرتووە

لە ناخی کچە لادێیەک دەچین

کەچەندین نھێنیمان لەقولاییدا ناشتووە

ئێمە نازانین،

چاوەکانمان تاکو کوێ

بەقوڵاییدا چووە

تەنھا ئەوەندە دەزانین،

کە لاشەکانمان

بەندازەی دوورگەکان

رۆح و عەقڵ

و ویژدانمانیان بەجێ ھێشتووە

ئێمە بەرادەیەک شەکەتین

کەھەرچی خەوی دونیا ھەیە

ناتوانێت تێرمان بکات

بۆیە لێمان گەرێن،

با بەئەندازەی ھیواکانمان

بەناخی خەون و خەیاڵدا شۆربینەوە

با جارێکی تر

پێلوی چاوەکانمان بەئەندازەی

پاسەوانی کۆشکە بەرزەکانی جەھەنم

بێدار نەکەین

ئێمە بوین بەبەشێک

لەبەستەڵەکی جەمسەرەکان

نازانین کەی دەتوێینەوە

کەی دەرژێینە نێو دەریاوە

نازانین کەی

دەنگی شەپۆڵەکانمان

باڵ دەگرن و دەفرن

تاکو ئەم ھەموو خلتەیەش

بخەنە نێو باوەشی یاقوت و مەرجانەوە

ئێمە گۆرەپانێکی گەورەمان

بۆ لەسێدارەدانی

فریشتە ھەڵھاتووەکان دروست کردووە

کەھەزاران کەشتی

پر پر لەلاشەی فریشتە

لەوێدا لەنگەریان گرتووە

ھەزاران ھەلی کارمان تێدا رەخساندووە

بۆ خنکاندن و لەخاک نانی

فریشتەکانی ناو رۆحمان

بۆیە ھەموومان

خاڵی خاڵی بوینەتەوە و

رزگار بوینە لەو دەنگەی

کە وەک زەنگێک

رێگای ئازادی لێ زەوت کردوین

ئەو ئازادیەی ئەمانگەیەنێت بە رۆحی ژیان

بە بێباکی

بە ئازایەتیەکی داچۆراو لە ویژدان

ئێمە ئەوەی خەیاڵ ناوی لێنا بوو رەوشت

دڵۆپ دڵۆپ وەک فرمێسکی چاوی

مەلە رەنگ رەشکراوەکانی نوگرە سەلمان

تکاندمان تکاندمان تا گەیاندمان

بە قوڵایی جەرگی زەوی و

لەتەنیشیتی نەوتی نەفرەتیدا رامانکشاند .

 

١٦ / ٨ / ٢٠٢٠