فڕین بە ئاسمانی ئاودا..!
قادر وەرتی/ شاعیر/ ئەلمانیا
دوودڵ مەبە؛
ئاشناترین کەس بە ترپەکانی
دڵی تەنیایی
دوای تاوێکی دی؛
دوای ئەوەی کەنارییەکان دەچنەوە کەناری بێدەنگیو
رێگاکان هەڵدەفڕن
گالیسکەکان دێن
خۆیانو ئەسپە ئاویەکانیان
دێن بمانبەن بۆ فڕین بە ئاسمانی ئاودا
دێن بمانبەن بۆلای
ورتە ورتی لمو
نیانی سەدەفو باخچەکانی مەرجان..
دوودڵ مەبە؛
دەریا هەمووی پەنجەرەیە بۆ روانین
دەریا هەمووی
رێگایە بۆ گەیشتن..!
دڵیشت بوەستێ؛
ناتخەنە ناو تابووتەوە
ماڵئاواییش بکەی،
گۆرەکەت تەنگ نییە..
لەوێ؛
سەرێ بە مۆزەخانەکانی فیراقدا
دەگرینو
بەلای گۆڕی تفەنگە ژەنگاوییەکاندا
تێدەپەڕین..!
ئەو تفەنگانەی نیشتمانیان کردە گۆڕستانێکی گەورەو
بە خەتێکی زبر لە سەر هەموو
دەرگاکانیان نووسی شین..!
من لەگەڵ ئەو شینەدا دارستانێکم هەیە
لە فرمێسک و
مەوتەنێکم هەیە لە نائومێدی!
شین پەلم دەگرێ و
دەمباتەوە شێنێ
لە ئاوێتەبوونی ئەم دوو شینەدا
سپێدەیەکی مەینەتبار بانگم دەکا،
ئەو سپێدەیەی تفەنگەکان
بێبەشیان کردم لە خواردنەوەی
دوا نیگای تۆو ئەو هەموو قاسپەو
فڕینەیان بە خۆڵەمێش سپارد..!
دەستم بگرە،
ئەو مۆزەخانانە ئازارم ئەدەن
دەمبەنەوە ئەوێ!
دەمبەنەوە لای سەرابیترین لەحزە
لای دووەم شەقژنی شاخ بەسەر
خوێنی مەم-دا
لای دووەم نمەی باران بەسەر
شینی زین-دا..!
دەستم بگرە،ئێمە تازە جگەرەی
شەڕمان کوژاندۆتەوە
تازە سەرمان کردووە بە ماڵی ئاودا
بەڵەد نین بە کۆڵانە پێچاوپێچەکانی
نا ئاشنا بە رۆحلەبەرو باخچە مەستەکانی
نازانین سەعات چەندە ئێستا..!
لە ئاومان پرسیو پێیگوتین: سێ بارانی دەوێ
بۆ داپۆشینی تەنیایی
چەند شەپۆلێکی تر بۆ گەڕانەوەی ماسییەکان
ئێمە تازە جگەرەی شەڕمان کوژاندۆتەوەو
ئەستەمە لەم زمانە مسماریەی ئاو
بگەین!
دوودڵ مەبە؛
دوای تاوێکی دی گالیسکەکان دێن
هیچ نەبێ شەپۆلێک دەرگا وازی دەکا
بۆ بڕینەکانمان..
هیچ نەبێ چرایەک لەوانەی لە ئاودا
خەریکی فڕینن،
رێگا رۆشن دەکا بۆ هەنگاوەکانمان..
دوودڵ مەبە؛
دوای تاوێکیدی کەنارییەکان
دەچنەوە کەناری بێ دەنگیو
گالیسکەکان دێن خۆیانو
ئەسپە ئاوییەکانیان..
دوودڵ
مەبە..!