فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ترس گازم لێ دەگرێت

ترس گازم لێ دەگرێت

نوری بێخاڵی/ شاعیر/ ڕواندز

تاریکییەک وەک خەنجەر لە پشتم چەقیوە
بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ببمەوە
ئاوڕ نادەمەوە و
سەیری پێش خۆم دەکەم
ڕەوە کوللە ئەو ناوەیان پڕ کردووە لە هەرا
بە دەنگێکی زیقن،
گۆرانییەکی جاڕسکەر دەڵێنەوە
تاریکیی بۆ ئەو دەروازەیە پاڵم دەنێت
کە ترسی لێوە دێتە ژوور
دەچم
وەک لقی وشکەوەبووی دەوەنێک،
ترس لەبەر دەرگا دەلەرزێت
بە میهرەبانییەوە باوەشی پێدا دەکەم
بە هەموو هەستەکانمەوە،
گۆرانی لەگەڵ دەڵێم و
لە تەکیدا دەکەومە سەما
کەچی ئەو گازم لێ دەگرێت
چ ترسێکی ترسنۆکە،
دڵی بە تاریکیی خۆشە،
وەک سەگی پاشەدڕ لە دواوە پەلامارم بدات و
بمخاتە بەر پێیەکانی ئەو!