هێور.. هێور
بێکەس حەمە قادر/ شاعیر/ هەولێر
ھێور ھێور لە عیشق دەدوێم و
ھێدی ھێدیش خەیاڵ دەمباتەوە
خەیاڵێک بیر
لە گەرمی بەفرو
لە ساردی ئاگرو
لە نەرمی بەردو
لە تیژڕەوی (با) ناکەمەوە
بە من با
رووبارەکانم سەراوژێر دەکردەوە
تا بزانم سەرەتایان لە کوێوەیەو
دەریاکانیش کۆتاییان
لەوەتەی ھەم
بیرم لە سەرەتاو کۆتاییە
خەیاڵ دەمباتەوە
بەھەمان رەنگ و ھەمان شێوە
بەھەمان نھێنیەکانی نێو سەری من
کە لێوان لێون لە نھێنی